خۆێندنەوەیەك بۆ شانۆی (دووژمنی گەل)

خۆێندنەوەیەك بۆ شانۆی (دووژمنی گەل)
-ئەسوەد فایق

ئەم شانۆیە بەرهەمی تیپی شانۆی سالارە و دەرهێنانی هونەرمەند ئەرسەلان دەروێشە. ئەم شانۆیە ئەگەرجی دەقێكی بیانیە، بەڵام دەرهێنەر زۆر بە وریایی و لێزانانە هێناوێتی و ئاوێتەی ئازارەكان و گەندەڵییەكانی گەلی كوردی كردوە .
***

دەرهێنەر لەوێ شەڕی راستی و ناڕاستی دەكات، دوو برا یەكێكیان بۆ مانەوەی پێگە و دەسەڵاتی خۆی بۆ بەدەستهێنانی پارە و سامان، ئەگەر پارەكەش بە رێگای نادروست بێت، دژایەتیی براكەی خۆی دەكات و بەو پارەیەی كە هەیەتی بەو دەسەڵاتەی كە هەیەتی خەڵكی هان دەدات، كە دژی برا دكتۆرەكەی بوەستن، ئەم دكتۆرە جگە لە خێزانەكەی و هاوڕێیەكی كەسی دی لەگەڵدا نییە، گەرجی سەرەتا كۆمەڵێ رۆشنبیر و رۆژنامەنووس وا خۆیان پیشان ئەدەن كە لەگەڵیدان، بەڵام دواتر لە پێناو مانەوە و بەرژەوەندیی خۆیان پشتی تێدەكەن، دكتۆر و هاوڕێكەی نان بڕاو و بەردەباران كران، بەڵام هەر هیوا و ئومێد كۆتایی پێ نەهات. دەرهێنەر بە شانۆكەی پێی گوتین مرۆڤەكان با براش بن، بەڵام مەرج نییە وەك یەك گەندەڵ و بۆگەن بن، مەرج نییە وەك یەك بیربكەنەوە، ئەو لەو نمایشەدا پێی گوتین ئەگەر وریا نەبین، ئەوا ئەو ئاوە بۆگەنەی تانكەرەكانی گەندەڵی ئێمەش توشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەكات، ئەو پێی گوتین مەرج نییە راستییەكان و حەق بێژەكان زۆرینەبێت، بەڵام مەرجە گوێ لە راستییەكان بگرین و پشتی حەق بگرین. دەرهێنەر بە راشكاوی هاواری كرد، هەموومان لە نێو كەشتییەكداین، نابێت بهێڵین ئەو كەشتییە بەهۆی گەندەڵكارانەوە نغرۆ ببێت، دەبێت هەموومان هەوڵبدەین ئەم گرفت و خراپەكارییانە چارەسەربكەین.
بۆیە دەمەوێ ئەوە بڵێم، ئەم شانۆییە زەنگێك بوو بۆ دەسەڵاتی كوردی، كە ژیان لێرە مەترسی لەسەرە، جا با بە زووترین كات چارەسەری بكەن .
دەستخۆشیم بۆ تەواوی ستافەكە و هونەرمەند مامۆستا ئەرسەلان دەروێش هەیەو بە هیوام سەركەوتوو بن .
Top