لە ڕۆژی یەكەمی نمایشكردنی, جۆكەر 13 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت

لە ڕۆژی یەكەمی نمایشكردنی, جۆكەر 13 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت
لە یەكەم ڕۆژی نمایشكردنی لە هۆڵەكانی سینەمادا, فیلمی (جۆكەر) توانی 13 ملیۆن دۆلار كۆبكاتەوە, وە لە سەرانسەری جیهان ئەم فیلمە نزیكەی 25 ملیۆن دۆلاری بەدەست هێنا, هەر بۆیە ئەگەرێكی زۆر هەیە كە ئەم فیلمە لە هەفتەی یەكەمیدا 100 ملیۆن دۆلار داهات كۆبكاتەوە لە هۆڵی سینەماكاندا .

پێشتر ئەم فیلمە لە چەند فیستیڤاڵێكی جیهانی نمایشكرا, وە كەسانێكی زۆر لە شارەزایانی بواری فیلم و سینەما وای بۆ دەچن كە فیلمی جۆكەر دەبێتە براوەی خەڵاتی ئۆسكار, ئەم لێكدانەوەیە تا ڕادەیەكی زۆر بە هێزە, چونكە ڕێزبەندی فیلمی جۆكەر گەیشتە ئەوەی بە یەكێك لە باشترین 50 فیلمی سینەمایی لە مێژوودا هەژماربكرێت .

لەلایەكی ترەوە ئەم فیلمە كەوتە بەر زمانی زۆرێك لە ڕەخنەگران, ئەویش بە هۆی ئەوەی كە كۆمەلێك ڕووداو و دیمەنی كوشتن و بڕینی تێدا دەردەكەوێت, بە جۆرێك پێناسەی دەكەن كە ئەم فیلمە هاندانە بۆ كوشتن و توند و تیژی, هەر بەم هۆیەوە بەكارهێنانی ماسك و بۆیەكردنی ڕووخسار لەلایەن بینەرەوە قەدەغە كرا لە هۆڵی سینەماكاندا, مەبەست لەم كارە ڕێگریكردنە لە ڕووداوەكان, چونكە لە ساڵی 2012 لە ویلایەتی كۆلۆرادۆی ئەمەریكا, چەكدارێك بە ناوی جەیك هۆڵمز لە هۆڵی سینەمادا لە كاتی نمایشكردنی یەكێك لە بەشەكانی فیلمی (باتمان) بە شێوەی هەرەمەكی بینەرەكان گولەباران دەكات ژمارەیەكی زۆریان لێ دەكوژێت و برینداردەكات, هەندێك ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ئەو تاوانبارە ناوی لە خۆی نابوو (جۆكەر) .

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەرهێنەر و پاڵەوانی ئەم فیلمە, لەبەرامبەر ڕەخنەكان هاتنە وەڵام و ڕایانگەیاند كە بینەری فیلمی جۆكەر بۆی دەردەكەوێت چی ڕاستە و چی هەڵەیە, وە دوپاتیان كردەوە كە ئەمە تەنها دەستكەوتێكی هونەری و سینەماییە ناكرێت لە كەڵ ڕاستییەكانی ژیان تێكەڵ بكرێت .
Top