پرۆفیسۆر عیزهدین مستهفا رهسوول، نووسهر و رووناكبیری كورد كۆچی دواییكرد
ئەم رووناكبیر و سیاسەتمەدارە, یەكێك بووە لەو زانستخوازە ماندوانەی تێكۆشانێكی بەرز و پڕبایەخیان هەبووە لە بواری توێژینەوە وداهێنان, توانی بە درێژایی تەمەنی 90 كتێب لە بواری ئەدەب و زمان و بوارە جۆراوجۆرەكانی دیكەی بنووسێت, وە یەكێك بووە بە قەڵەمە دیارەكانی ناو ڕۆژنامەگەریی كوردی و چەندین گۆشە و ستوونی ڕۆژانە و هەفتانەی لە زۆربەی ڕۆژنامەكاندا نووسیوە .
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا سەرەتا لای باوكی لە مزگەوتەكەی خۆیان(مزگەوتی حاجی مەلا رەسووڵی دێلێژە) دەست بە خوێندن دەكات, وە لە دواییدا وەكو قوتابییەك لە قوتابخانەی (غازی) دەست دەكات بە خوێندن, وە لە ساڵی 1951 لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە, لە دوای گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی دەبێت بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ, بەڵام بە هۆی كاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە و نەیتوانییوە لە شوێنێك بە ئارامی هەناسەی ئازادی هەڵمژێت .
لە سەردەمێكدا عەبدولكەریم قاسم دەستی دەكرد بە ناردنی خوێندكار بۆ یەكێتی سۆڤیەت لەسەر ئەركی دەوڵەت, پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا یەكێك بووە لەو خوێندكارانەی كە چووە سۆڤیەت .
لە باكۆ لە ڕێكەوتی 24-6-1963 پلەی دكتۆرای وەرگرتووە,وە لە ساڵی 1979 دەچێتە مۆسكۆ و درێژە بە خوێندنەكەی دەدات و پلەی پرۆفیسۆر بەدەست دەهێنێت .
وە لەدواییدا لەسەر داوای حزبی شیۆعی عێراق چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتی ڕادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق, وە ساڵی 1965 دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان و لە شاخ دەبێت بە پێشمەرگەی حزبی شیۆعی عێراق, بە دوای ساڵێك لە مانەوەی لە بارەگای بارزانی, لە 26-12-1966 بەهەوڵێكی مەلا مستەفای بارزانی دەبێتە مامۆستا لە زانكۆی بەغدا لە بەشی كوردی دامەزرێندرا, لە ساڵی 1992 لە یەكەم خولی پەرلەمانی باشوری كوردستان دەبێت بە ئەندام لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان,بەڵام وەكو كەسێكی بێلایەن .
دكتۆر عزەدین مستەفا لە ساڵی 2009 خەڵاتی بلەی بۆ كەسایەتی ساڵ لە بواری ئەدەبدا پێبەخشرا .