بیرەوەرییەك لە ماڵئاواییتدا ئەنوەر گیان

بیرەوەرییەك لە ماڵئاواییتدا ئەنوەر گیان
حەمە ڕەشید هەرەس

ساڵی١٩٧٤ئەو كاتەی لە دەنگی كوردستان بێژەرو نووسەر بووم، بارەگاكەمان لە دۆڵێك بوو، لەدامێنی گوندی مەمیخەلان لە دەڤەری چۆمان. كوڕێكی گەنجی رۆحسووك لە نانەواخانەكەمان كاری دەكرد، رۆژێكیان هاتەلام و خۆی پێ ناساندم. ئەو وتی: من ناوم ئەنوەرە، من هەروەك خزمەت نانەوایی دەكەم، ئەگینا منیش هونەرمەندم و لە یەك دوو كاری شانۆییدا بەشداریم كردووە، منیش هەندێك ستایشم كردو، بووین بە دۆستی یەكتر، ئەوەندەی پێنەچوو كە فیشەكێك لە دەستی پێشمەرگەیەك دەرچوو، وا بزانم بەر لاقی كەوتبوو، زۆرمان پێ ناخۆش بوو، چووم بۆ سەردانی و،دڵخۆشیم دەدایەوە، كەچی ئەو هەر پێدەكەنی، ساڵی٢٠٠٢ هاتمە هەولێر مۆنۆدرامایەكم لە رۆژی شانۆی جیهانیدا پێشكەش كرد، هات بۆ لام و وتی حەز دەكەم یارمەتیت بدەم و، شانۆكەت بۆ ئامادە بكەم، زۆرم پێخۆش بوو، دوای ئەوەش ئەو ماوەیەی لەوێ مامەوە، هەمیشە لەلام بوو و بەجێی نەدەهێشتم، ئەو كاتە لە سەندیكای هونەرمەندان یاریدەدەری برای بەڕێز ئەحمەد سالار بوو.
لە ماوەكانی پێشوودا زوو زوو هەواڵیم دەپرسی و، دەیانگوت نەخۆشە، تا دوێنێ بیستم كۆچی دوایی كردووە، لە ناخەوە ئازارم چەشت، ماڵئاوا ئەنوەر گیان كەسە روحسووكە، دڵپاكە، هونەرمەندە بەتواناكەم.
Top