ئەنوەر شێخانی ماڵئاوایی كرد
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەنوەر شێخانی كرد
بەر لە ساڵێك رێز لە ئەنوەر شێخانی گیرا
لەلایەن لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لە نێو مێوانان و ئازیزان و هونەرمەنداندا لە رێورەسمێكی شایستەدا رۆژی 5-9-2018 لە بەرامبەر 40 ساڵ خزمەتكردن لە بواری شانو و سینەما و، ئەزموون و مێژووی جوان و پڕ بەخشش، رێز لەهونەرمەند ئەنوەر شێخانی گیرا.
یەكێك لە ئەكتەرە دیار و ناسراوەكانی شانۆ و هونەری كوردی ئەنوەر شێخانییە، كە بە مام سمایل ناسراوە، شێخانی لە ساڵی 1970 دەست بە كاری نواندن دەكات، یەكەمجار لە شانۆی مارەییدا رۆڵی سەرەكی دەبینێ. تاوەكو ئێستا لە دەیان فیلم و شانۆ و زنجیرە درامادا بەشداریی كردووە .
******
ژیاننامەی هونەرمەند ئەنوەر شێخانی
ئەنوەر شێخانی ساڵی 1951 لەدایك بووە، لە تەمەنی 19 ساڵیدا دەستی بە كاری شانۆیی كردووە، دەستپێكی كاری هونەری لە ساڵی 1970 لە تیپی پێشڕەوی سەر بە سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بووە، شانۆگەریی (سەرەتان) یەكەمین كاری شانۆیی بووە كە بەشداریی تێدا كردووە، بەڵام بۆ تۆماری تەلەفزیۆنی ناوەكەی گۆڕا بۆ (مارەیی).
دوای 5 ساڵ لە كاری رێكخستن بۆ پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە نەورۆزی 1973 دەستگیر دەكرێت و لەگەڵ ئەشكەنجەدان و ڕاگواستن بۆ دیوانیە، پاشان رادەكات و پەیوەندی بە بارەگای هێزی دەشتی هەولێر دەكات لە دێگەڵە و، دەبێتە پێشمەرگە، سەرەتا لە ناوچەی قەڵادزێ دەبێت، دوای شۆڕش دەچێتە ئێران و لە ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە، راستەوخۆ لە دوای گەڕانەوە دووبارە رادەگوازرێتەوە بۆ دیوانیە.
لە ساڵی (1976) لە رێگەی هەڵبژاردن بووەتە بەڕێوبەری هونەریی كۆمەڵ و هونەر و وێژەی كورد مەڵبەندی گشتی و تیپی شانۆیی لادێ، لەبەر ڕێگریكردن لە دەستوەردانی چالاكی، حزبی بەعس نەیانهێشت لە ساڵێك زیاتر بەردەوام بێت.
دامەزرێنەری كۆمەڵەی هونەرمەندانی كوردستان/ هەولێر 31/3/1991.
ساڵی 1992دەستەی دامەزرێنەری تەلەفزیۆنی (KTV)بووە.
دەستەی دامەزرێنەری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی بووە كە دیارترینیان بەرنامە جەماوەرییە (ارتجالی)یەكەی هەگبەی كوردەواری بووە، وەكو یەكەمین بەرنامەی فۆلكلۆری و كولتووری و لە هەمان كاتدا وەكو یەكێك لە ئەكتەرە سەرەكییەكان بۆ ماوەی 10 ساڵ (1993-2003) بەردەوام بوو لە KTV.
دەستەی دامەزرێنەری سەندیكای هونەرمەندانی كورردستان بوو لە ساڵی 1998، (4) ساڵیش وەكو سكرتێری گشتی سەندیكا هەڵبژێردرا.
لەگەڵ یەكگرتنەوەی سەندیكا و یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان لە كۆنگرەی یەكگرتن لە ساڵی 2006، وەكو سكرتێری گشتی رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان هەڵبژێردرا و كارەكتەری سەرەكی بوو لە پێشخستنی یەكگرتنەوەكە و ڕێكخراوەكە بوو.
لە زیاتر لە 60 كاری شانۆیی وەكو ئەكتەر و بەڕێوەبەری بەرهەم و دەرهێنان بەشداری كردووە.
وەكو ئەكتەرو بەرەمهێنەر بەشداریی نزیكەی لە 10 فیلمی سینەمایی ناوخۆیی و بیانی درێژ كردووە و فیلمەكان لە فیستیڤاڵە جیهانییەكان دەسكەوتی بەرچاویان هەبووە.
سەرپەرشتی و بەشداری دەیان درامای كردووە و رۆڵی سەرەكی هەبووە لە دەیان كورتە فیلم، بەڕێوەبەری بەرهەمی دیكۆمێنتاری، دیارترینیان كە ناوبانگی نێودەوڵەتی بەرچاوی هەبوو (گۆڕە بە كۆمەڵەكان، عەلی كیمیایی)بوون.
بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی رێزلێنانە.
هونەرمەندان دەربارەی ئەنوەر شێخانی چی دەڵێن؟
ئەحمەد سالار : وەك چۆن برای شیری هەیە، ئەنوەر شێخانیش بۆ من برای شانۆییە، لە بەرهەمەكانی من بەشداری لە پتر لە دە بەرهەمدا كردووە، رۆڵی هەر كەسایەتییەكی گێڕا بێت زۆر بە باشی رۆڵی بینیوە، وەك ئەوەی بڵێی بە بەرگی ئەو دووراوە، ئەنوەر شێخانی گەنمی قەندەهارییە، هەموو شتێكی لێ دی.
ئەنوەر قادر رەشید:
دیارە لەدەستدانی مامۆستا ئەنوەر شێخانی كەلێنێكی گەورە لە رەوتی هونەریمان جێ دەهێڵێ و یەكێكە لە كارەسات و ناسۆرە بەردەوامەكانی كولتووری نەتەوایەتیمان، من ئێستا لە كوردستانم و لاپتۆپم نەهێناوە و نووسینیش بە مۆبایل زۆر سەختە، بۆیە داوای لێبوردن ئەكەم و تەنیا ئەوەندەم لەدەست دێ لە پای خەمی گەورەمان بۆ كۆچی مامۆستا، ئومێدی بۆ بخوازین رۆحی پاكی شاد و مەزاری چراخان بێ و سەبووریی بۆ خانەوادە بەڕێزەكەی دەخوازین.
فەرهەنگ غەفور:
ئەنوەر شێخانی ناوو سیمایەكی دیاری دونیای هونەر و شانۆی كوردستانە، لەو چەند ساڵەی تەمەنیدا بێ ماندووبوون و وەستان، لەناو كار و چالاكیدا بوو، بەرهەمی زۆری پێشكەش بە گەل و نیشتمان كرد. بۆیە بە وەغەركردنی، كەلێنێكی دیكە كەوتە تەنیشت كەلێنەكانی وەغەری هونەرمەندانی پێش خۆی. دەمەوێ ئەوەش بڵێم، كە (مام سمایل)ی ناو دراماكان، كاك ئەنوەر شێخانی لە یادەوەریماندا هەر دەمێنێتەوە و داوی میهرەبانی و بەخشندەیی خوای دلۆڤانی بۆ دەكەین و خوای گەورە سیەبووری ئێمە و كەسوكاری بدات.
ئەرسەلان دەروێش:
ئازیزم! كاك ئەنوەر ئۆغرت خێر و رەوانت شاد، لەم ژیانە سەخت و پڕ زەحمەتە تۆ نزارێك گوڵی سەروەریت چنییەوە و وەك تاجە گوڵینەی بەخشش و نیشتمانپەروەری، تەوێڵی بەرزت بەرەو نەمریی پێ رازاندەوە، بەئارامی چاوانت لێك بنێ، تۆ لە هزر و ویژدانماندا هەردەم زیندوویت..ماڵتئاوا..
هونەرمەند هیوا سوعاد:
ئەنوەر شێخانی رۆڵێكی كارای هەبوو، سەرەتا لە كۆمەڵەی هونەرمەندانی كوردستان وەك سكرتێری كۆمەڵەو، دوای دامەزراندنی سەندیكای هونەرمەندانیش رۆڵێكی باشی گێڕا، دواتربوو بە رێكخراوی هونەرمەندانیش سكرتێر بوو، واتە لە رووی رێكخراوییەوە رۆڵی هەبوو، زۆری حەز دەكرد هونەرمەندان لە رێكخراوێك كۆ بكاتەوە، مام ئەنوەر یەكێك بوو لەوانەی زۆر چالاك بوو، بۆیە هونەرمەندێكی زۆر چالاكمان لە دەستدا، لە هەر شوێنێك بوایە ئەو شوێنە گەرم وگوڕ دەبوو بە باسی هونەری، لە بواری سینەماش رۆڵێكی كارای هەبوو، بۆیە لە دەستدانی مام ئەنوەر خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەموو لایەكمان.
فرمێسك مستەفا:
كاك ئەنوەر شێخانی بە مانا دڵسۆز و خۆ بەخت كردوو بۆ میلەت و هونەرەكەی هونەرمەندێكی رەسەن بوو!! ئەو گەڕایەوە بۆ ماڵ، ئێمەش لەسەرمانە رێگەكەی تەواو بكەین . درود بۆ گیانی پاكی