چوڤین تاهیر: پەیامی من لە كاری هونەریدا ئەوەیە كە دەنگی ئافرەتی كورد بە دنیای دەرەوە بگەینم
لەم بارەوە چۆڤین تاهیر گوتی: فیلمی (ئاوابوون) باس لە مەینەتییەكانی ئەنفال لە كوردستان دەكات و یەكێكە لە فیلمە بەشدارەبووەكانی فستیڤاڵی دهۆك و چاوەڕێم دەكرد ئامادە بم و لە نزیكەوە چاوم بە هونەرمەندان و میوانەكانی فیستیڤاڵ بكەوێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات هاتبوون، جگە لەوەش رۆڵی سەرەكیم لە فیلمەكەدا هەبوو، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی لە فیستیڤاڵەكەدا ئامادە بم، چونكە بەپێی یاساكانی فیستیڤاڵ لە بەشی كورتە فیلمدا تەنیا دەرهێنەر ئامادە دەبێت. دەربارەی پەیامی خۆی وەك هونەرمەندێك دەڵێ: «پەیامی من لە كاری هونەریدا ئەوەیە، دەنگی ئافرەتی كورد بگەیەنم بە دەرەوە و چیتر ئافرەتی كورد لە ناو چوار دیواردا كپ و بێدەنگ نەكرێت و دوای گەیاندنی دەنگ و پەیامیان پشگیریان بۆ بدۆزمەوە، تارادەیەكی زۆریش توانیومە لە رێی كارەكەمەوە پەیامی خۆم بگەینم، جگە لەبواری شانۆ بەشێكی دیكەی ژیانی خۆم بۆ بەشی شێوەكاری و نوسینی تێكست و دەرهێنەری بۆ كاری شانۆ تەرخانكردووە.