هونەرمەند سیروان عوسمان:بەرهەمی هونەریمان لە تاراوگە لاوازە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە لە نیشتمانی رەسەنی خۆمان ناژین

هونەرمەند سیروان عوسمان:بەرهەمی هونەریمان لە تاراوگە لاوازە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە لە نیشتمانی رەسەنی خۆمان ناژین
هونەرمەند «سیروان عوسمان» یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە جێ پەنجەی لە نێو هونەری دراما و شانۆی كوردیدا دیارە، ئەو دەستپێكی كاری هونەریی خۆی بە گۆرانی دەسپێكرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بۆیە رووی لە هونەری شانۆ و دراما كرد و توانی لەم بوارەشدا ئەسپی خۆی تاو بدات، سیروان عوسمان ساڵانێكە خۆی و خێزانەكەی خزمەت بە هونەری كوردی دەكەن، لەو كاتەی دراما و شانۆی كوردی ساڵانی هەشتاكان بە سەردەمی زێڕین ناوزەند دەكرێت، تائێستا زیاتر لە بواری درامای تەلەفزیۆنی كاری كردوە، بۆ رێزگرتن لەو خزمەتە هونەرییە و بۆ زیاتر ئاشنابوون بە كار و چالاكییەكانی «سیروان عوسمان»، گۆڤاری گوڵان ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵیدا ئەنجام دا.

هەڤپەیڤین/ كامەران حاجی ئەلیاس

* ئایا ژیانی هونەریتان چۆن دەستپێكرد و سەرەتای كاری هونەریتان چۆن بوو؟
- دەستپێكی كاری هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975 كە وەك كۆمبارس بەگۆرانی دەستم پێكرد، بەڵام دواتر زانیم لەم بوارەدا ناتوانم سەركەوتووبم، لەكۆتایی ساڵی 1978واتە لەتەمەنی هەژدە ساڵی لە بواری نواندندا بەشداریم كرد، یەكەم بەرهەمیش كە لە تیپێكی باوەڕپێكراو لە شانۆگەری (چیرۆكەكانی مام سمایل) بەشدار بووم، تاكو ئێستاش لە كاری هونەری دانەبڕاوم .
* خانەوادەی هونەرمەند (سەعدون یونس) تاچەند لەكاری هونەری هاوكارتان بوون؟
- مامۆستای هونەرمەند (سەعدون یونس) یەكەم هونەرمەند بوو كە پێی گوتم دواڕۆژێكی جوانی هونەری چاوەڕێتە، تاكە مامۆستامە كە لە پێگەیاندنم شانازیی پێوە بكەم.
* زیاتر لە شانۆ، یان دراما خۆت دەبینیتەوە؟
- بۆمن هەردوو بوار لەیەك تەرازودایە، بەڵام بوارم زیاتر دراوەتێ، یان بۆم رەخساوە كە لە دراما زیاتر دەركەوم، ئەو زەوق و خۆشییەی لە شانۆدا وەرمگرتبێ، بە جوانترین شێوە لە ناخ و دەرووندا چەقیوە.
* لەساڵانی هەشتاكان كاری هونەری (شانۆ ودراما) كاری زۆر باش دەكران، ئایا لەگەڵ كارەكانی ئێستا چۆن بەرواردیان دەكەیت؟
- لەوانەیە زۆر لە هاوڕێ و خۆشەویستە هونەرمەندەكانمان حەز بەو وەڵامە نەكەن، یان بڵێن تۆ باس لە زەمەنێكی بەسەرچوو دەكەیت، بەڵام بڕواتان هەبێ، بەراورد ناكرێ، ساڵانی هەشتاكان لەگەل ئەمڕۆمان لە تەواوی بوارەكان، داهێنان، نواندن، دەرهێنەر، تێكست، ئێكسسوار، دیكۆرات و ئەوانی دیكەیش لە هەموویشی گرنگتر خۆشەویستی و یەكڕیزی و دڵسۆزیی هونەرمەندان بەراورد ناكرێت، بە هیچ شێوەیەك كەسێكمان هەستمان بە جیاوازیی نێوانمان نەدەكرد و بۆ خزمەتی هونەر شەو و رۆژمان نەبوو، هەربۆیەشە هەشتاكانی ئێمە بە چەرخی زێڕین ناودەبرێن، دونیایەك رێزو خۆشەویستیشم بۆ تەواوی بەرهەمە هونەرییەكانی دوای راپەڕین هەیە، بەڵام ئەوەی باسم كرد راستییە.
* ماوەیەكە لە دەرەوەی وڵاتیت، ئەنجامدانی كاری هونەری بەراورد بە كوردستان چۆن دەبینیت؟
- ئێمەی بەرهەمی هونەریمان لەتاراوگە لاوازە، هۆكاریش ئەوەیە كە لە نیشتمانی رەسەنی خۆمان ناژین و هەریەكەمان سەرقاڵی كاری رۆژانەین و كەوتووینەتە ئەم شار و ئەو شار، ناتوانین تیپ دامەزرێنین و هەتاسەر بەیەكەوە بمێنین و دەست بەكاری هونەری بكەین، بەڵام ئەگەر من ئەودەرفەتەی بۆم رەخسابێت، درێغیم لێ نەكردووە و لەبواری شانۆ بەشداریم كردووە، هەروەها لە ساڵی 1997 تاكو ساڵی 2000 كە رادیۆی شاری هانۆڤەر بەشی كوردی دامەزرابوو، هەفتانە یەك سەعاتمان هەبوو، هەر هەفتەی بابەتێكم دەنووسی و وەك پێشكەشكاریش هاوكار بووم، ئەگەر وەك هونەری ئەوروپاشتان مەبەستە، ئەوا جارێك زۆر زووە خۆمان بێنینە ریزی نمایش و دەرهێنان و سەربەست لە هەڵبژاردنی بابەت و نواندن و جل پۆشین و رووناكی و ئەوانی دیكەش، چونكە لێرە كەس پابەند نییە بە نەریت و لەبەر فڵانە لایەن و فڵانە خەڵك كەلێن بۆ نمایش و دەرهێنان دروست بكەن.
* لە ئێستادا هونەری شانۆ و درامای كوردی لە چ ئاستێكدا دەبینیت؟
- كاری پوخت و جوان نمایش كراوە، بەڵام لەبەر خراپیی كارە لاوازەكان یانیش بڵێم لەبەر رشتنی پارە زەبەلاحەكانی پێش 2014 ـە، بەرهەمە جوانەكانیش بە ئاگری بەرهەمی لاواز و گیرفان پڕكردنی هەندێ لە بازرگانە هونەرمەندەكان سووتاون، كێشەی هەرە سەرەكیی ئێمەی كورد دەقە، نووسینی بابەتی پەیوەست بە شانۆ و درامایە، هەربۆیەش زۆرینەی بەرهەمەكانمان بە كەلێنی زەقی ناهونەری لەم بابەت و ئەو دیمەن پڕدەكرێنەوە، دەكرێت بڵێین نووسەری شانۆ و درامامان ئێجگار كەمە.
* بینەر ئەوەندەی هۆگری دراما دۆبلاژەكانە ئەوەندە هۆگری درامای كوردی نییە، ئایا هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەوە بینەری ئێمە نییە كە هۆگری كارە دۆبلاژكراوە بیانییەكانن، بەڵكو تەلەفزیۆنەكانن ئەوەیان بەسەرماندا سەپاندووە، زیاتر 146 كەناڵی كوردی هەیە، نازانم چۆن رێگا بەو هەموو كەناڵە دەدرێت ئاوا سەر لە بینەر و میللەت بشێوێنن، من بۆخۆم نازانم سەیری كامە كەناڵ بكەم، بینەری ئازیزیش بەتایبەت گەنجەكانمان ناحەقیان نییە، دەبینن ئەو هەموو دراما توركییە و بابەتی هەمەجۆر هەیە و بۆشیان كراوە بە كوردی، هەندێكیان هەروا دەزانن بەرهەمەكە كوردییە و ئەكتەرەكانیش هەركوردن، بەرهەمی ئێمەش دەبینن خۆی لە15 ئەلقە رەت نادا و بە دەستنوێژەوە دیالۆگ دەكەن و دایك نەوێرێت كوڕ لە باوەش بگرێت و خوشك نەتوانێ دەست لە دەستی برای بدات، وەڵا بابم بینەر بێ عەیبە، خەتاكە لە ئێمەی هونەرمەندانە.
* تاچەند لە نێوان هونەرمەندانی كوردستان و دەرەوەی كوردستان بۆ ئەنجامدانی كاری هونەری هەماهەنگی هەیە؟
- هەروەك لەپرسیاری پێشوش ئاماژەم پێكرد، زۆر ئەستەم و قورسە بتوانین لەیەك تەرازوودا باسیان لێوە بكەین، یەك دنیا هۆكار هەن كە باسكردنیان تەواو نابێت، ئێمە زۆر پێویستمان بە دامەزراندنی دەزگای هونەریی ئەكادیمی و پڕۆفیشناڵ هەیە، بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی پێشكەوتوو و لێزان كە لە ئەلف و بێی هونەرەوە پێ بگەیەندرێن، هەروەها زۆر پێویستە لە قۆناغەكانی سەرەتایی قوتابخانەكانەوە دەست بكرێت بە وانەیەكی دروستی هونەر و پێگەیاندنی نەوەكانمان لە بواری نووسین و نمایش و وێنەكێشان و تەواوی بوارەكان، ئەوكات دەتوانین باس لە بەراوردی نێوانمان بكەین.
* جیاوازیی نواندن لە شانۆ و دراما چۆن دەبینیت؟
- كە لەسەر تەختەی شانۆ نواندن دەكەم، هەست بە سیروان دەكەم، تەواوی ئەوانەی لەگەڵمدا لە نواندن تەماشاكارن، منیش تەماشاكاریانم و تێكەڵین بە یەكتر، ئەوكاتانەی لەسەر شانۆم هەست و ژیانم لەگەڵ بابەت و رووداوەكانە، كە بەرامبەری كامیراش دەبم، ئەوا لەگەڵ ناخی خۆم دەدوێم و دەڵێم ئەوە ئامێرە و منیش نواندنی بەرامبەر ئەنجام دەدەم، بۆیە ئەو حیساب و كیتابەی بۆ شانۆ دەیكەم، بۆ كامیرا نایكەم، چونكە لەسەر تەختەی شانۆ بەرپرسیارێتییەكە گەورەترە و لەگەڵ جەماوەرم، بەڵام نواندن بۆ كامیرای ئامێر زۆر ئاسانترە، هۆكارەكەش تەنیا لای من وەك سیروان بەرپرسیارێتییەكەیە، هی شانۆ گەڕانەوەی تێدا نییە و هی دراماكانیش بە كەیفی خۆمان هەڵیاندەبژێرین، واتە درێژی دەكەین و دەیبڕین بەپێی پێویست.
* چ پڕۆژەیەكی نوێتان هەیە؟
- دوابەرهەمم ئەمساڵ لە زنجیرە سێ ئەلقەی (سەرابەكانیش خەونن) بوو، كە كاری هونەرمەند و دەرهێنەری برا كاك (بەكر معرووف) بوو، پڕۆژەی داهاتووشم پەیوەستە بە برا دەرهێنەرەكان، ئەگەر بەرهەمێكیان هەبێت، ئەوان بەربژارم بكەن، منیش دوای خوێندنەوەی دەق و رۆڵەكەم كە خۆمی تێدا ببینمەوە، درێغی ناكەم.
* لە كۆتاییدا بۆ بینە ر هونەر دۆستان چیت هەیە ؟
- دنیایەك سوپاس بۆ ئێوەی خۆشەویست، هیوادارم هونەرمەند و رۆشنبیرانمان هەمیشە دەوڵەمەند بن بە پێشكەشكردنی بەرهەمی جوان و پێشكەوتوو، هەمیشە سەربڵند و سەركەوتوو بتانبینم، زۆر زۆر سوپاستان دەكەم.
Top