هونه‌رمه‌ندی بە ئەزموون "ئەنوەر شێخانی" كۆچی دوایی كرد

هونه‌رمه‌ندی بە ئەزموون
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23-9-2019 ئەنوەر شێخانی هونه‌رمه‌ندی ناسراوی كوردستان به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد و ماڵئاوایی له‌ هونه‌رمه‌ندان و كه‌سوكار و دۆستانی كرد.

خوالێخۆشبوو هونه‌رمه‌ند ئەنوەر شێخانی ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌ بواری سینه‌ما و دراما و شانۆ خزمه‌تی به‌رچاوی كردووه‌ و چه‌ند ساڵێكیشه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ هونه‌ر دابڕابوو، ئه‌مڕۆش ئەنوەر شێخانی له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد.

هونه‌رمه‌ند ئەنوەر شێخانی ساڵی 1951 له‌ دایك بووه‌ و له‌ ساڵی 1970 تێكه‌ڵ به‌ جیهانی هونه‌ر بووه‌ و یه‌كه‌م به‌رهه‌میشی شانۆی ماره‌یی بووه‌.

ئه‌نوه‌ر شێخانی لە ساڵی 1976 بووەتە بەڕێوبەری ھونەری کۆمەڵ و ھونەر و وێژەی کورد مەڵبەندی گشتی.

له‌ ساڵی 1991 لقی هەولێری کۆمەڵەی ھونەرمەندانی کوردستانی دامه‌زراندووه‌ و له‌ ساڵی 1992 یه‌كیك بووه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری كه‌ی تیڤی.

له‌ ساڵی 1998 یه‌كێك بووه‌ له‌ دەستەی دامەزرێنەری سەندیکای ھونەرمەندانی کورردستان، ئه‌نوه‌ر شێخانی بەشداری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتى رێزلێنانە.

ktv
Top