ناجی سەلیمی خۆی بۆ چەند كارێكی نوێ ئامادە دەكات
لەم بارەوە ناجی سەلیمی دەرهێنەری دانیشتووی شاری بۆكان رایگەیاند: ئێمەی كورد هەمیشە ژیانمان پڕ بووە لە كارەسات و تراژیدیا، كە بە سەدان فیلمیش ناتوانین گوزارشتیان لێ بكەین، هەر لە هەڵەبجە و ئەنفالەوە بگرە تا دەگاتە شەڕی نەگریسی تیرۆریستانی داعش و رفاندن و كوشتنی هەزاران ئێزیدی، رووداوی كۆچی دوایی بڕیاری پەپولە ناخی هەموو كوردێكی هەژاند، ئەم رووداوە زۆر كاریگەریی هەبوو لەسەر من وەك سینەماكار، بۆیە لە چەند رۆژی رابردوودا سیناریۆیەكم دەربارەی ژیانی بڕیار و باوكی ئامادە كردووە، چونكە كارەساتێكە كە خۆشەویستی نیشتمان و باوك لەو كارەساتە بە تەواوی رەنگی داوەتەوە.
سەبارەت بە دەستپێكردنی كاری فیلمەكە ناجی سەلیمی كە یەكەم سینەماكاری كوردە بیری لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە كرۆدتەوە، وتی: «بە نیازم لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی كوردستان بكەم و لە نزیكەوە چاوم بە كەسوكاری بڕیار بكەوێت، چونكە سیناریۆیەكی تۆكمەم ئامادە كردووە، بەڵام پێویستە لە نزیكەوە چاوم بە كەسوكاری بكەوێت، بۆ ئەوەی فیلمێك بێت كە جگە لە باسكردنی ژیانی بڕیار و باوكی، بەگشتییش ئەمە بەشێكی بچووكە لەو كارەساتانەی رووبەروومان بوونەتەوە.
دەربارەی دوایین كارەكانی خۆیشی ناجی سەلیمی وتی: لە ماوەی رابردوودا دوو گۆرانی نوێم تەواو بووە، كە بەم نزیكانە بڵاویان دەكەمەوە، لەلایەكی دیكەوە لەو سەردانەی كە بڕیارە بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدەم، سوپرایزێكم ئامادە بۆ جەماوەر كردووە، هیوادارم بە دڵیان بێت.