نەبیلە عوبید: رێزگرتن بڕوام بەخۆم زیاتر دەكات

نەبیلە عوبید: رێزگرتن بڕوام بەخۆم زیاتر دەكات
بەڕێوەبەرایەتیی فیستیڤاڵی ئەسكەندەریەی سینەمایی بۆ وڵاتانی دەریای سپی ناوەڕاست، بڕیاریان دا، خولی (٣٥)ـەمینی فیستیڤاڵەكە بە ناوی ئەستێرەی ناسراوی میسری نەبیلە عوبێد بكەن، ئەمەش وەك رێزێك بۆ كاروانی هونەریی ئەم خانمە ئەكتەرە.
لەم بارەوە نەبیلە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە رێزلێنانم لە لایەن (فیستیڤاڵی ئەسكەندەرییە)ـەوە بە هۆی ئەو پێگە و خۆشەویستییەی فیستیڤاڵی ناوبراو لە دڵی من هەیەتی، تامێكی تایبەتی هەیە، چونكە یادگاریی زۆر خۆشم لەگەڵ هەیە، لەسەرووی هەمووشیانەوە یەكەم خەڵاتی بواری سینەمام لەم فیستیڤاڵە بە دەستهێنا، ئەویش خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەت بوو لە فیلمی «ولا یزال التحقیق مستمرا» كە لە نووسینی ئیحسان عەبدولقدوس و دەرهێنانی ئەشرەف فەهمی بوو، هەر ئەم خەڵاتەش بووە هۆی ئەوەی كە متمانەی زیاترم بەخۆم هەبێت و لەو كاتەوە رێرەوێكم بۆ ژیانی هونەریی خۆم دانا و لەسەری رۆیشتم.
سەبارەت بە خولی (٣٥)ـەمینی فیستیڤاڵەكەش وتی: ناونانی خولەكە بە ناوی منەوە خۆی لە خۆیدا دەستكەوت و رێزلێنانێكی گەورەیە و لە ژیانی هونەری مندا بە دەستكەوتێكی گرنگ دادەنرێت، لە ئێستاوە خەون بەو ساتەوە دەبینم كە لەسەر شانۆ بوەستم و لەگەڵ رۆڵەكانی ئەسكەندەرییەی بووكی دەریای سپیی ناوەڕاست ئاهەنگ بگێڕم، ئەسكەندەرییە خۆی بۆ هونەرمەندان تامێكی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی بۆ من كە لێرەوە دەستم پێكرد و ئێستاش بەری رەنجی ئەو كاروانە دەخۆم، كە پێش چەند ساڵێك دەستم پێكرد، یادگارییەكان هەموویان وەك فیلمێك بە بەرچاومدا گوزەر دەكەن، بە خۆشی و ناخۆشییەكانیانەوە، لەم كاروانەدا لە پێناو میسر و هونەر و دڵخۆشكردنی جەماوەر قوربانیی زۆرم داوە، هیوادارم ئەم رێزلێنانە ببێتە سەرەتای قۆناغێكی گەورە لە كاروانی هونەریمدا.
Top