تالیا كچە ئەكتەر و گۆرانیبێژی مەكسیكی سەقامگیریی خێزانی هۆكارێكە بۆ سەركەوتنی هونەرمەند

تالیا كچە ئەكتەر و  گۆرانیبێژی مەكسیكی سەقامگیریی خێزانی هۆكارێكە بۆ سەركەوتنی هونەرمەند
تالیا ماوەی چەند ساڵێكە بە ئەستێرەی پۆپی ئەمریكی ناسراوە و ناوبانگی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبۆتەوە، ئێستاش جەماوەرەكەی بە سەدان ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت .
تالیا لە 26/8/1972 لەدایكبووە و كچە بچووكی خێزانەكەیەتی، خوشكەكانی ناویان (لاورا، ئەرنیستا، گابریلا، فریدریكا)یە و خێزانەكەیان لە پێنج خوشك و دكتۆر ئەرنیستۆ سۆدی باوكیان و یۆلاندا میریندای دایكیان پێكهاتبوو، تەمەنی تالیا 5 ساڵ بوو كاتێك باوكی كۆچی كرد، ئەم رووداوەش كاریگەرییەكی دەروونیی زۆر خراپی لەسەر تالیا هەبووە و بۆ ماوەی یەك ساڵ بێ دەنگ بووە، تەنانەت لەگەڵ دایك و خوشكەكانیشی قسەی نەكردووە، بۆیە دایكی ناچار بووە بیباتە لای چەند پزیشكێكی دەروونی، دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی تالیا دەستی بە خوێندن كردووە، سەرەتا لە قوتابخانەی فەرەنسی لە مەكسیك خوێندوتەتی و لە ئەكادیمیای رۆزسلانج كۆتایی بە خوێندن هێناوە.
كاتێك لاورای خوشكی كە لە بواری شانۆدا كاری دەكرد لەگەڵ خۆی دەیبرد بۆ بیننی چەند نمایشێكی شانۆیی، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر تالیا هەبووە و خەونی بەوەوە بینیوە، كە لە بواری گۆرانی و شانۆدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەمەش وایكردووە كە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا فێری ژەنینی پیانۆ ببێت، هەموو هیوا و ئاواتی تالیا ئەوە بووە كە رۆژێك لە رۆژان ببێتە ئەستێرەیەكی بەناوبانگی جیهان.
دوای ئەوەی تالیا لە تەمەنی 4 ساڵیدا بۆ یەكەم جار لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیی منداڵاندا دەركەوت، هەر ئەو كات زۆر كەس پێشبینیی پاشەڕۆژێكی پڕشنگداریان بۆ دەكرد، دوای دوو ساڵ واتا لە تەمەنی 6 ساڵیداو دوای رزگاربوونی لەو بارودۆخە دەروونییەی كە بە هۆی مردنی باوكییەوە تووشی هاتبوو، پەیوەندیی بە تیپێكی مۆسیقا و گۆرانیی منداڵانەوە كرد بە ناوی (Din Din)، ئەو كات تیپەكە چوار ئەلبوومی تایبەتی منداڵانیان بڵاو كردەوە، لە تەمەنی 13 ساڵیدا لە قوتابخانەی (Tara Parra) بەردەوام بوو لەسەر مەشقی هونەری و لەسەر دەستی مامۆستا فلۆرینس ریگس وانەی خوێند، كە ئەو مامۆستایە وانەی بە زۆر لە هونەرمەندی ناودارەكانی جیهان داوە، وەك: مایكڵ جاكسۆن و مادۆنا و چەندانی دیكە، لە ساڵی 1983 بەشداریی لە درامای ( چیكۆڵادس) دا كرد و دوای ئەوەی پەیوەندیی بە شانۆوەكرد، رۆڵی پاڵەوانی لە شانۆگەریی ( ڤاسیلینا) بینی كە رۆڵێكی كۆمیدی بوو.
ئەو شڵەژانەی كە لە ساڵی 1986 گۆرانی و مۆسیقای مەكسیكی تێیكەوت، دەرگای ناوبانگ و سەركەوتنی بۆ تالیا واڵا كرد و لەگەڵ تیپە مۆسیقییەكەی كە بە (تیمبریكا) ناسراوە، تا ساڵی 1990 لە لوتكەدا بوون، بەڵام دواتر چەند ناكۆكییەك كەوتە نێو ئەندامانی ئەو تیپە و بووە هۆی ئەوەی بە یەكجاری تیپەكە نەمینێ و ئەندامەكانی هەریەكەو لە شوێنێك گیرسانەوە، بەڵام تالیا بەوە رازی نەبوو و بڕیاریدا خۆی بە تەنیا بەردەوام بێت و خەونەكانی بەدەست بێنێت، تا ئەوكاتەی كە توانی یەكەم ئەلبوومی تایبەتیی خۆی بەناوی (تالیا) بڵاو بكاتەوە، بەمەش رێڕەوێكی تایبەتی بۆ خۆی دیاریكرد و خۆی لە گۆرانیی بە كۆمەڵ و سلبیاتەكانی رزگار كرد.
لە كاتی نواندندا تەنیا گوێڕایەڵی خواست و فەرمانەكانی وێنەگر و دەرهێنەر نەدەبوو، بەڵكو بەتەواوی دەچووە نێو ئەوكەسایەتییەی بەرجەستەی دەكات و بە شێوەیەكی زۆر نزیك لە راستەقینە، دەچووە نێو ئەو واقیعەی كە لە رۆڵەكەدا دەیبینی، بۆیە لە زنجیرەكاندا زوو دەچووە نێو دڵی جەماوەر و كاریگەریی بەسەر جەماوەرەكەیەوە دیاربوو، تالیا بۆ یەكەم جار توانیی زنجیرەی (رۆمان) لە ئاستی ناوخۆی مەكسیك بۆ دەرەوە بگوازێتەوە و بیكات بە یەكێك لەو هونەرانەی كە جەماوەرێكی بێشوماری لە سەرانسەری جیهان هەبێت، نەخاسمە لەو وڵاتانەی كە هونەرەكەیان زۆر پێشكەوتووە، لە وڵاتەكانی دیكەش كە ئاستی هونەریان زۆر بەرز نەبوو، وایكرد بە هۆی ئەم زنجیرەیەوە بگەنە قۆناغی رەخنەگرتن، بە نواندنی رۆڵی كچە پلیت فرۆشەكە لە ماریمار مەرسیدس و ئەو كچە بێكەسوكارەی لەگەڵ داپیرە و باپیرەی دەژیا لەسەر كەناری دەریا، لە (ماریمار) تالیا توانی سەرنجی ملیۆنەها كەس لە هەردوو كیشوەری ئەمریكا، رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاسیا بۆ خۆی رابكێشێت و ناوبانگێكی جیهانی بۆ خۆی پەیدا بكات، تا وای لێهات بەم دواییە زنجیرەكانی لەسەرتاسەری جیهان بە سیانەكەی ماریا ناسران، ئەمەش پاڵپشتێكی دیكە بوو بۆ سەركەوتنەكانی لە بواری گۆرانیگوتن، تالیا هەر بەوەش نەوستا، بەڵكو بەم دواییە كتێبێكی تایبەت بە منداڵانی بڵاوكردەوە.
تالیا ئێستاش لەسەر كاری هونەری بەردەوامە، بەتایبەتی لە بواری گۆرانیگوتن، كە یەكێكە لە ئەستێرە هەرە سەركەوتووەكانی مەكسیك و خاوەن جەماوەرێكی زۆرە، ئەوەی زیاتر سەرنجی جەماوەری راكێشاوە، ئەوەیە دوای ئەو هەموو ساڵە تالیا كە تەمەنی لە پەنجا ساڵی نزیك بووەتەوە، كەچی بێ ئەوەی نەشتەرگەریی جوانكاری ئەنجام بدات، هێشتا جوانییەكەی خۆیی لە دەست نەداوە.
ماریمار دەڵێ: پێویستە مرۆڤ بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كە ئەكتەر و كەسایەتیی ناسراون، بتوانن پارێزگاری لە جوانیی خۆیان بكەن و لە دەستی نەدەن، لەوانە خۆراكی تەندروست، زۆر خۆ ماندوو نەكردن، ئەنجامدانی وەرزش بەشێوەیەكی رێكوپێك، ئەمانە هەموویان یارمەتیدەرن بۆ تەندرووستییەكی باش، كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پیر نەبوون و مانەوەی مرۆڤ بە گەنجی و جوانی هەیە.
تالیا هەر سەبارەت بە جوانییەكەی دەڵێ: هۆكاری سەرەكیی مانەوەی من بە جوانی ئەوەیە كە لە ژیاندا لەگەڵ هاوسەر و خێزانەكەم زۆر ئاسوودەم و تا ئێستا هیچ گرفتێكمان نەبووە، سەقامگیری خێزانی بۆ ئافرەت زۆر گرنگە بەتایبەتی هونەرمەندان، چونكە میدیاكان هەوڵ دەدەن بچووكترین شت دەربارەی هونەرمەندان بزانن، بۆ ئەوەی لە رێگای ئەوانەوە ناوبانگ پەیدا بكەن، بێ ئەوەی گوێ بە ژیانی تایبەتییان بدەن، هەروەها دەڵێت: لەم رووەوە نموونەمان زۆرە كە ناسەقامگیریی خێزانی و بێ بەزەیی میدیاكان بۆتە هۆكاری جیابوونەوەیان، بۆیە سەقامگیریی دەروونی زۆر گرنگە و كاریگەریی لەسەر هەموو لایەنەكانی ژیان دەبێت، بەتایبەت بەجوانی مانەوە.
Top