زیاتر لە 1000 فیلم بۆ فیستیڤاڵی دهۆك نێردراون، لەوانە (112)یان وەرگیراون

زیاتر لە 1000 فیلم بۆ فیستیڤاڵی دهۆك نێردراون، لەوانە (112)یان وەرگیراون
بڕیار وایە لە رۆژانی 9-16/9/2019 حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆك بۆ سینەما ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 20 ی ئابی 2019 كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی تایبەت بە راگەیاندنی وردەكارییەكانی فیستیڤاڵەكە بەسترا، بۆ ئەو فیلمانەی بۆ فیستیڤاڵ و فیلمە وەرگیراوەكان لە بەشی پێشبڕكێ و ناونیشانی گشت فیلمەكان و ئەو فیلمانەشی لە بەشی پێشبڕكێ بەشدار نەبوون، كۆنگرەكەش لەلایەن هەریەكە لە (شەوكەت ئەمین كوركی بەڕێوەبەری هونەری فیستیڤاڵ، بەنگین عەلی جێگری بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ و لیزا كول بەرپرسی بەشی سینەمای جیهانی لە فیستیڤاڵەكە بەڕێوە چوو.

سەرەتا بەنگین عەلی جێگری بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ ئاماژەی بە كاتی سازكردنی خوولی حەوتەمی فیستڤاڵی سینەمای نێودەوڵەتی دهۆك كرد و وتی: «ساڵانی رابردوو بە هۆی بارودۆخی نالەباری كوردستان و شەڕی داعشەوە سازكردنی فیستیڤاڵ دوا دەخرا، بەڵام ئەم ساڵ فیستیڤاڵەكە لەكاتی ئاسایی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، كە لە رۆژانی 9 تا 16ی ئەیلوول دەبێت و لە یەكەم خولی فیستیڤاڵەكەوە تائێستا، وا دانراوە و ئەگەر هیچ رووداوێكی نەخوازراو روو نەدات، ساڵانی داهاتووش بە هەمان شێوە لەو رێكەوتە ئەنجام دەدرێت «.
دواتر شەوكەت ئەمین كوركی بەڕێوەبەری هونەریی فیستیڤاڵ ئاماژەی بە فیلمەكانی فیستیڤاڵ كردو وتی: «لە ماوەی رابردوودا لە سەرتاسەری جیهان زیاتر لە هەزار فیلم بۆ فیستیڤاڵ نێردرا بوون، لەوانە فیلمی درامی، دیكیۆمنتاریی كورت و درێژ، بەڵام دواتر لەلایەن لیژنەی تایبەتی فیستێڤاڵەوە لە گشت بەشەكان تەنیا 112 فیلم وەرگیران».
كوركی درەبارەی دروشمی خولی حەوتەمی فیستڤاڵەكە وتی: «ئەمساڵ پێكەوەژیانمان وەك دروشمی فیستیڤاڵ هەڵبژاردووە، كە كوردستان پێی ناسراوە و نموونەیەكی پێكەوەژیان و فرەییە و لە گشت وردەكارییەكانی فیستیڤاڵ ئاماژەمان پێكردووە، بەتایبەتی لە پۆستەری فەرمیی فیستیڤاڵ تا دەگاتە هەڵبژاردنی فیلم و ناونیشانی ئەو كۆڕانەی كە لە سەروبەندی فیستیڤال ساز دەكرێن»، شەوكەوت ئەمین كوركی هەروەها تیشكی خستە سەر ناونیشانی فیلمە بەشدارەكان لە بەشی كوردیی فیستیڤاڵ لە بوارە جیاوازەكانییەوە، لە درامی كورت و درێژ و فیلمە دیكیۆمنتارییەكان، ئەوەشی روونكردەوە كە لێژنەیەكی نوێ لە خولی شەشەم زیادكرابوو، ئەویش لیژنەی خەڵاتی یەكێتیی نێودەوڵەتیی رەخنەگرانی سینەما International Federation of Film Critics بۆ خەڵاتی (فیبریسكی FIPRESCI) ئەم لیژنەیە ئەم ساڵیش لە كارەكانی بەردەوامە و خەڵاتی یەكێتییەكە پێشكەش بە یەكێك لە فیلمە كوردییەكان دەكرێت.
جێگای ئاماژە بۆكردنە ئەم خەڵاتەی كۆمەڵەی رێكخراوەكانی رەخنەگرانی پیشەگەری سینەما و رۆژنامەنووسانی تایبەت بە بواری سینەمایە، ئەوانەی لە سەرتاسەری جیهان لەو بوارە دەنووسن، ئامانجیان پتەوكردن و پەرەپێدانی كولتووری سینەما و پاراستنی بەرژەوەندیی پیشەییە و لە ساڵی 1930 لە برۆكسل دامەزراوە، لە ئێستادا پەنجا وڵات لە سەرتاسەری جیهان تێیدا ئەندامن، ئەم یەكێتییە خەڵاتەكانی لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییە گەورەكانی جیهان پێشكەش دەكات، وەك (كان، ڤینیسیا، تۆرنتۆ) و فیستیڤاڵی دهۆكی نێودەوڵەتییش لە هاوبەشیكردن لەگەڵ لیژنەی خەڵاتی یەكێتیی نێودەوڵەتیی رەخنەگرانی سینەما (فیبرسكی) پیشەنگە لە نێو فیستیڤاڵەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش دەستكەوتێكی گرنگە كە لە خولی رابردووەوە بەدەستهاتووە و لە خولەكانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
لیزا كول بەرپرسی بەشی سینەمای جیهانی لە فیستیڤاڵەكە ئاماژەی بە فیلمە جیهانییەكان كرد و وتی: «فیلمە بەشداربووەكانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لە وڵاتە جیاجیاكانەوە هاتوون و پەیوەست نین بە ناوچەیەكی دیاریكراو و ئاراستەیەكی سنووردارەوە، زۆر لەم فیلمانە بۆ یەكەم جار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگای فیستیڤاڵی دهۆكەوە نمایش دەكرێن، جگە لەمە ئێمە سینەمای عەرەبیمان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ئەم ساڵ زیاتر فۆكسی بخرێتە سەر، بۆیە ئەم ساڵ زیاتر لە بیست فیلمی عەرەبی بەشدارن، كە لە نزیكەی دە وڵاتی عەرەبییەوە هاتوون، وەك وڵاتانی (عێراق، سووریا، فەڵەستین، یەمەن، شانشینی عەرەبی سعودی، میسر، تونس، مەغریب). ئەم فیلمانەش تەنیا فیلمی نوێ نین، بەڵكو ژمارەیەك فیلمی كلاسیكیشمان هەڵبژاردووە، كە بە گرنگترین فیلمە كلاسیكییەكانی سینەمای عەرەبی دادەنرێن و شوێن وپێگەیەكی دیاریان لە مێژووی سینەمای عەرەبیدا هەیە، هەروەها هەوڵمانداوە بەپێی توانا ئەو فیلمانە بەشدار بن، كە دەرهێنەرەكانیان ئافرەتن، بۆیە زۆربەی فیلمەكان دەرهێنەرەكانیان ئافرەتی ناسراو و دیاری بواری سینەمان لە وڵاتانی عەرەبی وەك (نادین لەبكی و جوسلین صەعب) و چەندین ئافرەتی دەرهێنەری دیكەی جیهانی.
لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی ئەو ئەستێرانەی كە لە فیستیڤاڵەكەدا بەشداری دەكەن، شەوكەت كوركی بەڕێوەبەری خولی حەوتەمی فیستڤاڵی سینەمای نێودەوڵەتیی دهۆك وتی: «دەرهێنەرانی فیلمە بەشداربووەكان و لیژنەی ناوبژیوان كە لە فیستێڤاڵەكەدا ناوبژیوانی دەكەن، لە بەشە جیاجیاكاندا لە بوارەكەی خۆیاندا ئەستێرەن، چونكە ئەستێرە بوون، تەنیا ئەوە نییە كە لە بەردەم كامیرا بوەستی، بەڵكو ئەستێرە بوونی گرنگتر ئەوەیە كە هەر سینەماكارێكی بەشداربووی فیستیڤاڵ دەینوێنێ. ئەگەر بە دوای ناوی ئەو كەسانەدا بگەڕێن كە بەشدارن وەك ئەندام، یان سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانان، دەبینن هەر یەكێكیان بەجیا جێپەنجەی تایبەتی خۆیی لە سینەمادا هەبووە، جا لە وڵاتەكەی خۆی بێت، یان لە سینەمای جیهانی بەشێوەیەكی گشتی».
لە كۆتاییدا شەوكەت ئەمین كوركی وتی: «ئەم ساڵ فیستیڤاڵ گرنگییەكی زۆر بە رەخنەی سینەمایی دەدات، كە تا ئێستا لە زۆربەی فیستیڤاڵەكانی كوردستان و ناوچەكەش گرنگیی پێ نەدراوە، بۆیە لەم خولەدا ژمارەیەكی زۆر لە رەخنەگرانی بواری سینەما لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی و جیهان بەشداری دەكەن، ئەمەش لە ئێستا و داهاتووشدا كاریگەرییەكی باشی لەسەر پێشكەوتنی فیستیڤاڵەكە دەبێت.
Top