لافاو تەنگی بە بۆڵیۆد چنیوە
بەپێی راپۆرتی پۆلیسی هەرێمی هیماشال، تیمێكی هونەری كە پێكهاتبوون لە سی كەس و خانمە ئەكتەری بۆڵیۆد مانجۆ وارییریان لەگەڵدابوو، لە گوندێكی هەرێمەكە گیریان خواردبوو و بەهۆی هێز و بە خوڕی بارانەكە مەترسییەكی زۆر لەسەر ژیانیان هەبوو، دواتر بە هەوڵی پۆلیس توانرا رزگار بكرێن و بگوازرێنەوە سەربازگەیەكی سوپایی نزیك ناوچەی لافاوەكە، دواتریش تیمەكە گوازرانەوە ناوچەی منالی.
شاترا گوندێكی بچووكی جوان و دڵڕفێنی دۆڵی هیمالایایە و دەكەوێتە دووری هەشتا كیلۆمەتر لە شاری منالی، تیمەكە بۆ ماوەی دوو هەفتە لەوێ سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمێك بوون، كە لە دەرهێنانی سانال كۆمارە، دوو هەفتە پێش ئێستا و كاتێك باران بارین لەو ناوچەیە بووە هۆی درووستبوونی لافاوێكی گەورە، ژمارەیەك قوربانیی لێكەوتەوە، شەوێكیان كە باران پەیوەندیی تیمەكەی بە یەكجاری پچڕاند، لەو كاتە مانجۆ لە رێگای مۆبایلێكەوە كە بە مانگە دەستكردەكانەوە بەستراوە، پەیوەندیی بە خێزانەكەیەوە كرد و پێی راگەیاندن كە لە بارودۆخێكی زۆر نالەباردان و ئەو خۆراكەی هەیانە، تەنیا بەشی دوو رۆژی تیمەكە دەكات، دواتر هەوڵەكانی رزگار كردنی تیمەكە دەستی پێكرد و توانرا لە ماوەی یەك رۆژدا رزگاریان بكەن.