ئەڤین: لە سووریا ئاستەنگ بۆ هونەرمەندانی كورد دروست دەكرا

ئەڤین: لە سووریا ئاستەنگ بۆ هونەرمەندانی كورد دروست دەكرا
ئەڤین بەرازی عاشقی سینەمایە و خەڵكی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە، لە ئێستادا بواری هونەر و دەرهێنانی هەڵبژاردووە، سەرەتا لە لوبنان لە زانكۆی بەیروت دەستی بە خوێندن كرد و تێیدا بەرزترین پلەكانی بەدەستهێنا، ئێستاش بەردەوامە بۆ كار كردن لەو بوارەدا.
خانەوادەی ئەڤین هاوكارێكی باشبوون بۆی و لەو بارەوە دەڵێت: «خێزانەكەم زۆر هاوكاریی منیان كرد، كارئاسانییان بۆ كردم كە لەسەر رێگای خۆم بەردەوام بم، بەڵام لە سووریا ئاستەنگ بۆ هونەرمەندانی كورد دروست دەكرا، هەموو كارێك لەژێر چاودێریدا بوو، نەماندەتوانی بە ئازادی كار بكەین.
سەبارەت بە ئاستەنگەكانی بەردەم سینەماكاران پێیوایە بارودۆخی ئێستای سینەمای كوردی لە رێگای دامەزراندنی پەیمانگای سینەمایی پێویستی بە هەستانەوە و چارەسەر كردنی زۆر لەو گرفتانە هەیە، كە ئاستەنگن لەبەردەم سینەمای كوردی، گۆڤاری سینەمایی، دامەزراندنی هۆڵی سینەمایی و كۆمپانیا و كەناڵی سینەمایی تایبەت بە دابەشكردنی فیلمە سینەماییەكان كە هانی بینەری كوردی بدات بۆ سەیركردنی فیلمە سینەماییەكان، هەموو ئەمانە هۆكاری برەودانن بە بواری سینەما.
ئەڤین تیشك دەخاتە سەر بینەری كورد وسەیر كردنی فیلم و زنجیرە بیانییەكان، لەو بارەیەوە دەڵێ: «بە رای من هۆكارەكەی كەمیی ژمارەی فیلمە كوردییەكانە، كە بەشێكی زۆریان پشت بە كۆششی تاكەكەسی دەبەستن، هەروەها نەبوونی پیشەسازیی سینەمای كوردی دەبێتە هۆی خوڵقاندنی زمانێكی سینەمایی هاوبەش».
سەبارەت بە پەیامی خۆی لە سینەمادا وتی: «هیوادارم دەنگی كورد بگەیەنمە ئاستی جیهانی، چونكە مێژووی كورد پڕە لە پاڵەوانێتی كە بە زێڕ لە مێژوودا نووسراونەتەوە، من ئەمە بە ئەركی سەرشانی هەر كوردێكی دەزانم بەتایبەتی هونەرمەندو دەرهێنەرەكان».
Top