هۆزان ناتالیا:دوژمنان بەر لە هەر شتێك هەوڵی لەناوبردنی زمان و كولتووری ئێمەیان داوە
ناتالیا باس لە خۆشەویستی وڵات لەلایەن هونەرمەندان و ئەركی سەرشانیان دەكات، لەم رووەوە دەڵێ: «زۆربەی نەتەوەكانی جیهان بە مافەكانی خۆیان شاد بوون و بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، تەنیا ئێمەی كورد نەبێت، كە قەدەرمان وابوو، بۆ پاراستنی بوونی خۆمان و زمان و كولتووری نەتەوەییمان دەست بە خەبات و كۆشش بكەین، دوژمنان هەمیشە هەوڵیانداوە مۆركی نەتەوەیی و كولتووریی ئێمە بە هەموو شێوەیەك بسڕنەوە، بەڵام میللەتی كورد كۆڵی نەداوە و بە درێژایی مێژووی خەباتی لە هەموو روویەكەوە كردووە و توانیەی بوونی خۆی بپارێزێت، دوژمنان هەموو جۆرە چەك و توانایەكی سیاسی و دبلۆماسی و سەربازییەكی خۆیان دژی میللەتەكەمان بەكارهێنا، لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی و بنپێ خستنی مافەكانمان، تا دەگاتە قەتلوعامكردن و ئەنفال و كیمیا باران و دوایین جاریش تیرۆریستانی داعش».
ئەم خانمە هونەرمەندە كوردەی ئۆكرانیا ئاماژە بۆ خۆراگریی نەتەوەی كورد دەكات و دەڵێ: «ئێمە خاوەن خاكێكین، كە بەسەر چوار وڵات و سێ كولتووری جیاوازدا دابەش كراوە و دوژمن و داگیركەرانیش بەر لە هەر شتێك بیریان لە نە هێشتنی زمان و كولتوور و هونەری ئێمە كردۆتەوە و لەكەداریان كردووە، تەنانەت بۆ ساڵانێكی زۆر لەم وڵاتانە قسەكردنیش بە زمانی كوردی قەدەغە بووە و لە بارودۆخێكی ئاوادا، تەنیا پاراستنی زمانی كوردی بۆ خۆی دەستكەوتێك بووە، بەڵام كورد نەتەوەیەكی ژیاندۆستە، بۆیە بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە بەرامبەر بە دوژمنانی وەستایەوە، بەمەش دۆست و دوژمنانی ناچار كرد، كە رێز لەم قوربانیدانە بگرن».