ئەرسەلان دەروێش:شاكاری (دوژمنی گەل) بەخۆداچوونەوەیە بۆ ئەوەی كەمتەرخەمییەكان چارەسەر بكرێن
دوای نمایشكردنی زنجیرە شانۆگەرییەكی سەركەوتووی كوردی كە دواهەمینیان شانۆگەریی (تاریكتر لە شەوەزەنگ) بوو، كە لە نووسینی (د.دڵشاد مستەفا) لە مانگی دێسەمبەری رابردوودا پێشكەش كرا. دەرهێنەری كورد هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) دەگەڕیتەوە بۆ دەرهێنانی تێكستە جیهانییەكان و شانۆگەریی (دوژمنی گەل) كە یەكێكە لە بەناوبانگترین دەقەكانی نووسەری مەزنی نەروێژی (هینریك ئیبسن) و لە شاری هەولێری پایتەخت نمایش دەكرێت، لەم شانۆگەرییەدا كە لەلایەن كەناڵی (كوردستان 24)ـەوە سپۆنسەریی میدیایی دەكرێت، لەلایەن وەزارەتی رۆشنیریی و لاوان-بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر، بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێرەوە بەرهەم دەهێندرێت و (تیپی شانۆی سالار) نمایشی دەكات، دەستەیەك لە شانۆكارە گەنجە ئەكادیمییەكان بەشداریی تێدا دەكەن و كارە هونەرییەكانی رادەپەڕێنن، هاوكات رۆڵە سەرەكییەكان لەلایەن هونەرمەندان ( بەهمەن حاجی، مەولان حەمەدەمین، وەیلان سدیق، یوسف یوسفی، محەمەد تاهیر، یاسین عومەر، سیما مستەفا، زیاد كەریم) بەرجەستە دەكرێت، هەروەها كۆمەڵێك ئەكتەری دیكەش بەشدارن لەوانە (زەهرە نەجات، هۆزان كاروان، نەورۆز عەلی كەمال، بنیاد فەرحان، دیمەن تاهیر، هاوكار خدر، محەمەد حەمە، شەنیارمحەمەد، عەلی كەمال، گەرمیان گلی، باوان كەیفی، یارا ئەرسەلان، رەهێڵ هەورامان) هاوكات هونەرمەندان (دانا محەمەد وەك یاریدەدەری دەرهێنەر، مەولان حەمە دەمین وەك بەڕێوەبەری شانۆ، سەرباز عەبدولڕەحمان وەك جێبەجێكردنی سینۆگرافیا) بە هاوكاریی كۆمەڵێك بەهرەمەندی تازەدەركەوتوو كارە هونەرییەكانی (دیكۆر و روناكی و موزیك و دەنگ) ئەنجام دەدرێن، پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر بە هۆڵە شانۆییەكەی پشتیوانی كارەكە دەكات و نووسەر و هونەرمەندی دوورەوڵات (هاودەم ساڵح جاف) لە نەرویژییەوە دەقەكەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی كوردی.
سەبارەت بەم كارە شانۆییە دەرهێنەری ناسراو (ئەرسەلان دەروێش) دەڵێت:
- ئەم شانۆگەرییە شاكارێكی هونەریی بێ هاوتایە، بەتایبەتی لەم ساتە وەختە گرنگەدا كە ئومێد دەكرێت هەمووان بەخۆداچوونەوەیەكی بنەڕەتی بە چۆنێتیی وەرگرتنی هەڵوێست و بڕیار و پەیوەندیی نێوان كاركردنی حكومەت هاوڵاتی بكەن و، كەمتەرخەمی و ناعەدالەتی و گەندەڵی رابگیرێت و چارەسەربكرێت.
(دوژمنی گەل ) هاواری تاكێكی بوێرو ویژدان زیندووە، بۆ راچەنینی كۆمەڵگەیەك كە گومڕا بووە و گەندەڵی هەراسانی كردووە و ئاسوودەیی راستەقینەی لێ داماڵیوە. لەم بەرهەمەدا ئێمەی ستافی كارەكە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی (هێنریك ئیبسن) : كە دەكرێت راستی و حەقیقەت لەلای(تاك)ی هۆشیار و هەڵكەوتووبێت، نەك لەلای (زۆرینە)ی گومڕاكراو و بەرژەوەندیخواز، بەڵێ دەكرێت ئەوانەی گەندەڵ و دەربار و خاوەنی ئیرادە و هەڵوێستی خۆیان نین، بەردەوام لەهەوڵی لەكەداركردن و ناوزڕاندنی كەسانێك بن، كە بە پێچەوانەی ئەوانەوەن، نەخاسمە بە سووتاندنی رەش و سپی بەیەكەوە بۆ شاردنەوەی شەرمەزاری و تاوانەكانیان. وەلێ كارو بەرهەم و هەڵوێستی مرۆڤ دۆستانە و ژیان دۆستانەی (تاكە) جوامێر و حەقبێژەكان، هەر دەمێنێت و لەتوانایدایە دڕ بەو تاریكیی جەهل و گومڕاییە بدات.
لەم سۆنگەیەوە (دوژمنی گەل) و بەشدارانی، دەیانەوێت گوڕێك بە هیوای تاكی خۆنەویست و ئیرادەپتەو بدەنەوە، بۆ چاكسازیی و بەردەوامبوون لە حەقبێژیی و نەسڵەمینەوە لە ئەهریمەنی ستەم و چەواشەكاریی و خۆسەپاندنی كۆ بەسەر تاكدا.
هیوادارین بەرهەمەكەمان جێگای سەرنج و لێ رامانی بینەران بێت و لە رێكەوتی 9ی مانگی داهاتوودا ئامادەی نمایشكردنی بن. سوپاس و پێزانینم بۆ (بەڕێوەبەڕایەتیی هونەری شانۆی هەولێر ) و یەكە یەكەی هونەرمەندانی ئازیز و خۆشەویستی بەشدار، كە هەموو تەقەلاو كۆششێكیان خستووەتە گەڕ، بۆ ئامادەكردنی ئەم بەرهەمە شانۆییە جیهانییە لەم هەلومەرجەی ئێستادا كە لەدەرنجامی نەبوونی هۆڵی شانۆیی وكەرەسە تەكنیكی و هونەرییە پێویستەكان و كەمی كارەبا و .. هتد، كاركردن لە شانۆدا سەختتر دەبێت، چونكە لە راستیدا كاركردن لەم بوارەدا پێداگری و سووربوونە بۆ بەردەوامی و برەوپێدان بەم هونەرە و بەشداریكردنە، لەو هەوڵ و كۆششە بەرفراوانەی هاوەڵانمان لەم پێناوەدا لەشار و دەڤەرەكانی وڵات خۆنەویستانە خستوویانەتەگەڕ. شایانی باسە كەناڵی كوردستان24 بە سوپاسەوە سپۆنسەری میدیایی شانۆگەرییەكەمان دەكات.