هونەرمەند تەیب موعتەسیم:سرووشتی شارەكەم لە زۆربەی تابلۆكانمدا رەنگی داوەتەوە و خەیاڵی ئەفسوناویی پێ بەخشیوم

هونەرمەند تەیب موعتەسیم:سرووشتی شارەكەم لە زۆربەی تابلۆكانمدا رەنگی داوەتەوە و خەیاڵی ئەفسوناویی پێ بەخشیوم
هونەرمەند» تەیب موعتەسیم»، تەمەن (44) ساڵ لە گوندە دڵڕفێنەكەی (سەران)ی سەر بەشاری رواندز لەدایك بووە، ئەگەر چی ئێستا تەنیا یەك پەنجەی كار دەكات بەڵام هەردەم توانستێكی لەرادەبەری هەیە هەرگیز ناتەندروستی جەستەی نەبۆتە رێگربۆ بەرەودان بە كارە هونەرییەكانی، ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتە هەر لەسەر كورسی خاوەن پێداویستی تایبەت سەرجەم كارەكانی رایی دەكات، لە هەمووی گرنگتر لە چەندین رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و سەندیكا كار دەكات بەهۆی ئەو بەهرە و ژیانە تایبەتییەوە بۆتە كەسێكی ڕوح سووك و خۆشەویستی خەڵكی، وەك سەرسامی و نموونەیەكی باڵا لە كوردستان، بەردەوام خەڵكی لە هەموو ئاستەكان لە شوێنە جیاوازەكانی كوردستان و تەنانەت كەسانی بیانیش سەردانی دەكەن و سەرسەمامی خۆیان بە توانستی ئەو دەردەبڕن، وێڕای ئەوەش، ستایشی كارەكانی دەكەن ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوو بە كارەكانی بە چەند پرسیارێكمان هونەرمەند تەیب موعتەسیم بەسەر كردەوە.

هەڤپەیڤین /كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند تەیب موعتەسیم، رۆژی 1/7/1975 لە گوندە دڵڕفێنەكەی (سەران)ی سەر بە شارۆچكەی رواندز لەدایك بووە. ئەگەرچی ئێستا تەنیا یەك پەنجەی كار دەكات، بەڵام هەردەم توانستێكی لە رادەبەری هەیە، هەرگیز ناتەندروستیی جەستەی نەبۆتە رێگر بۆ برەودان بە كارە هونەرییەكانی، ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتە، هەر لەسەر كورسی خاوەن پێداویستی تایبەت سەرجەم كارەكانی رایی دەكات، لە هەمووی گرنگتر لە چەندین رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و سەندیكا كار دەكات، بەهۆی ئەو بەهرە و ژیانە تایبەتییەوە وەك سەرسامی و نموونەیەكی باڵا لە كوردستان بۆتە كەسێكی رۆحسووك و خۆشەویست، بەردەوام خەڵكی لە هەموو ئاستەكان و لە شوێنە جیاوازەكانی كوردستان و تەنانەت كەسانی بیانییش سەردانی دەكەن و سەرسامیی خۆیان بە توانستی ئەو دەردەبڕن، وێڕای ئەوەش، ستایشی كارەكانی دەكەن، بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كارەكانی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی هونەرمەند تەیب موعتەسەم كرد، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری كوڵانی دایەوە.
- سەرەتا دەمانەوەێت بزانین ژیانی هونەریت چۆن دەستی پێ كرد ؟
من خاوەن پێداویستیی تایبەتم، سەرەتا سێ پەنجەی دەستم كاری دەكرد، بەداخەوە لە ئێستادا تەنیا یەك پەنجە لە دەستی راستم كار دەكات. بەهۆی ئەوەی هەر لەسەرەتای لەدایكبوونمەوە بەزگماك خاوەن پێداویستیی تایبەت بووم، نەمتوانیوە بچمە قوتابخانە، بۆیە هەر خۆم خۆم فێری خوێندن و نووسین كرد. من هەر لە منداڵییەوە بەهرەی هونەریم لە بواری شێوەكاریدا هەبوو، چەندین پیشانگەی تایبەت و هاوبەشم لە شارەكانی كوردستان كردۆتەوە، بەتایبەتی لە نێوان ساڵانی (1988- 2005)، جگە لەوەش لە زۆرێك لە چالاكیی جۆراوجۆری وەك دامەزراندنی رێكخراوی ناحوكوومی و پیشەیی و كاری دیزان و بواری ئایتی و كاری كۆمەكی رۆشنبیری و خێرخوازی و زۆر لایەنی دیكە كارم كردوە، بە هۆی ئەوەی باری تەندروستیم وەك پێویست نییە، ئێستای لەبواری هونەری و دیزایندا بە كۆمپوتەرە كار دەكەم، لەگەڵ دیوێكی دیكەی ژیانی هونەریمدا، بژێوی ژیانی خۆم لە رێگای دوكانەكەمەوە دابین كردوە، لە ئێستاشدا من ئە ندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و ئەندامی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردییم لە رواندز، ئەندامی كۆمەڵەی سۆران بۆچاودێری پەككەوتووانم، لە هەمان كاتدا یەكێكم لە دەستەی دامەزرێنەرانی ( رێكخراوی هاوڕێیانی كتێب) لە رواندز، تا ئێستاش لەم رێكخراوە كار دەكەم، لە 1990 پەیوە ندیم كرد بە یەكێتیی هونەر مەندانی كوردستان –كۆمیتەی پاشای گەورە، تیپی هونەری رواندز- تا دروستبونی سەندیكای هاوبەش، ئێستاش ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانم. ئێستا لە رێگەی كۆمپیوتەر دیزاین و بەرگی كتێب و نامیلكە دەكەم و شارەزاییم لە دروستكردنی لۆگۆ و مــۆر هەیە، زیاتر لە ١٠٠ بەرگی كتێب و نامیلكەم دیزاین كردووە، لە هەمان كاتدا خاوەنی (پڕۆژەی رواندز فۆتۆگرافی گەلەری ) و (پڕۆژەی كۆكردنەوەی وێنەی كۆن و دۆكیۆمێنتاری) یم.
- بۆچی بە شێوەكاری دەستت پێ كرد و تێكەڵ بە جیهانی هونەر بوویت؟
* منیش وەك هەر كەسێك، یان هونەردۆستێك، خولیای و خۆشەویستیم بۆ هونەر و جوانی هەبووە، سەرەتا بە كاری هێڵكاریی «شەرە پشیلەی» منداڵان دەستم پێكرد، پاشان وەردە وەردە لەگەڵ گەورەبوونم و زیاتر ئاشنابوون لەگەڵ هونەرمەندان و خوێندەواربوونم، پەرەم پێی داو هاتمە ناو كایەی هونەر.
- دەكرێت بڵێین سرووشتی رواندز هەوێنی تابلۆكانتان بووە؟
*بەڵێ، رواندز لەگشت بوارەكانی ژیانمدا جێگەی تایبەتی هەبووە، لەوانیش هونەر، تابلۆی تایبەتم بە سرووشتی خەرەند و گەلی و كۆچ و كۆڵانی شار هەبووە، بۆیە سرووشتی شارەكەم لە زۆربەی تابلۆكانمدا رەنگی داوەتەوە و هەردەم خەیاڵی ئەفسوناوی پێ بەخشیوم، هەست و نەستی منی جووڵاندووە .
- ئیستا زیاتر لە كاری (دیزاین) ی كتێبدا كاردەكەیت، پێتوایە ئەمە هۆكاری دووركەوتنەوەت لە نیگاركێشان بێت؟
*نەخێر، من بەهۆی تێكچوونی زیاتری باری جەستەیی و تەندوستیمەوە لە هونەری نێگاركێشی دوور كەوتمەوە. ئەمە هۆكاری سەرەكییە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو زەحمەتییە و بێ تاقەتیشم هونەرم فرامۆش نەكردووە و لە لایەكی دیكە و بەشێوازێكی دیكە پەرەم بە هونەر داوە، ئەویش لە رێگەی بەكارهێنانی كۆمپیتەر بۆ دیزاینكردنی گرافیك كۆلاچكردنی بەرگی كتێب و نامیلكە و جارجاریش نیگاری پێ دەكێشم.
- تەكنەلۆژیای سەردەم تاچەند ئاسانكاریی بۆ رەخساندووی، بۆ ئەوەی كاری هونەری بكەیت؟
*من زۆر سوودم لە تكنۆلۆجیا وەرگرتووە و 95%ی كار و چالاكیی جووڵەم لە رێگەی كارەبا و كۆمپیتەرەوە ئەنجام دەدەم، بگرە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیشم لەگەڵ دەورووبەر هەر لە رێگەی تەكنۆلۆجیایە.
- زیاتر كێ هاوكار و پاڵپشتی كارەكانت بووە؟
. * دایك و خوشك و براكانم، مامۆستا (زرار محەمەد مستەفا) لەگەڵ دۆست و ناسیاو كۆمەڵگە و شارەكەم هاوكارو پاڵپشتییان كردووم.
- تا ئێستا خاوەنی چەند پیشانگەی تایبەتی و هاوبەشیت؟
*من خاوەنی 11 پیشانگەی تایبەتیی شێوەكاری و فۆتۆگرافیم، هاوكات بەشداریم لە زیاتر لە 30 پیشانگەی هاوبەش لە زۆربەی بابەتە هونەرییەكان كردووە.
- ئاستی هونەری شێوەكاری لە كوردستان چۆن دەبینی؟
*ئەوەی من ئاگاداربم ئەو ساڵانەی كۆتایی گشت بوارەكانی هونەر بەرەو پووكانەوە و خاوبوونە دەچن و خەریكە هونەر لای ئێمە دەبێتە مێژوو، هیودارم گۆڕانكاری بەسەر ئەو خامۆشییەدا بێت و دەزگا پەیوەندیدارەكان گرنگی بە هەموو بوارەكانی هونەر بدەن و گرنگی بە دروستكردنی هۆڵ و گەلەری بدەن.
- چەندین كەسایەتی ناوخۆیی و بیانی سەردانیان كردووی، لەو رووەوە هەست بە چی دەكەیت ؟
*زۆر هەست بە خۆشی دەكەم، چونكە ئەوانەی بە هۆی هونەر و كەسایەتیمەوە سەردانم دەكەن، زیاتر هاندەرم دەبن بۆ ئەوەی لەسەر كارەكانم بەردەوام بم، بۆیە لێرەوە سوپاسیان دەكەم.
- ئەو ئاستەنگەكانە كە دەبنە لەمپەر لە ئەنجامنەدانی كاری هونەریت چین؟
* بێگومان ئاستەنگ زۆرن، بەڵام لە هەمووان كاریگەرتر باری تەندروستیمە، چونكە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنم رۆژ بە رۆژ بێ تاقەت دەبم، هیودارم باری تەندروستیم هاوكارو بێت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە هونەر و گەلەكەم بكەم.
- لە كۆتاییدا زۆر سوپاسی بۆ دەرفەتە كە بە ئێمەت بەخشی و ماندوومان كردی.
*منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم هەر سەركەوتوو بیت.
Top