دلبەر جزیری:پارەی خواردن و خەرجی رۆژانەی خۆمم كۆكردووەتەوە، بۆ ئەوەی كلیپێكی جوان بەرهەم بهێنم و بڵاوی بكەمەوە
* لە نێوان كاری هونەری لێرە و لە ئەوروپا چ جیاوازییەك هەیە؟
- بێگومان كاركردن و سازكردنی چالاكییە هونەرییەكان بۆ هونەرمەندانی كورد لە ئەوروپا زۆر سەخت و دژوارە، چونكە بەهۆی ئەوەی ژەنیارەكان هەریەكەو لە وڵاتێكەوە هاتوون، كۆبوونەوەیان ئەستمە، لەگەڵ ئەوەشدا خەرجی و پارەیەكی زۆری پێویستە هەتاوەكو كارێكی هونەری ئەنجام دەدەی، دواتر كۆبوونەوەی جەماوەریش لە چالاكییەكاندا زەحمەتە و لە ئەوروپا خەڵك كەمتر كاتی بۆ چالاكییە هونەرییەكان هەیە، ئەمەش وایكردووە كە هونەرمەندانی نیشتەجێی ئەوروپا چالاكییەكانیان كەم ببێتەوە و تەنیا لە بۆنەكانی وەكو نەورۆزو سەری ساڵ و چەند بۆنەیەكی دیكە چالاكییەكانیان ئەنجام بدەن، بەڵام لە كوردستان كاری هونەری زۆر ئاسانتر و خۆشترە و ژەنیاری زۆری هەیەو خەڵك زیاتر ئامادەی چالاكییەكان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە پەیوەندارەكانیش گرنگیی زیاتر بە چالاكییە هونەرییەكان و هونەرمەندان دەدەن.
* كەواتە هونەرمەندانی كورد لە ئەوروپا ناتوانن بە هونەرەكەیان بژین؟
- باوەڕ بكە، نەك ناتوانن، بەڵكو كارێكی سەخت دەكەن بۆ ئەوەی پارە بۆ كاری هونەری پەیدا بكەن و كارێكی نوێ تۆمار بكەن و بڵاو بكەنەەوە، من یەكێكم لەو هونەرمەندانەی پارەی خۆم وخێزانەكەم لە كاری هونەریدا خەرج دەكەم، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێك لەم رێگایەوە كۆ بكەمەوە، رەنگە كەم كەس هەبێت باوەڕ بەوە بكات، كە من پارەی خواردن و خەرجی رۆژانەی خۆم كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی كلیپێكی جوان بەرهەم بهێنم و بڵاوی بكەمەوە، تاوەكو ئێستا هیچ لایەن و كۆمپانیایەك سپۆنسەری كارەكانی منی نەكردووە و هەموو ئەلبووم و كلیپەكانم لەسەر گیرفانی خۆم جێبەجێ كردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هیچ هاوكارییەكیان پێشكەش نەكردم.
* ئایا هونەرمەندانی وڵاتی ئەڵمانیا لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری دەكرێن؟
- بەڵێ، بێگومان هونەرمەندانی خەڵكی ئەڵمانیا لەلایەن حكومەتەكەیانەوە زۆر هاوكاری دەكرێن، زۆربەی كۆمپانیا گەورەكان سپۆنسەری كارەكانیان دەكەن، هونەرمەندانی ئەڵمانیا جگە لە كاری هونەریی خۆیان، وەك ئێمە كاری دیكە ناكەن، هەموو هزرو بیر و ئەندێشەیان لەسەر كارە هونەرییەكانی خۆیانە و بیر لە هیچ شتێكی دیكە ناكەنەوە.
* ئەگەر بە ئەڵمانی گۆرانی بڵێت، هاوكاری دەكرێ؟
- بێگومان هاوكارییەكی زۆریش دەكرێم، بەڵام من لە خەمی كولتوورو فەرهەنگ و میوزیك و گۆرانیی كوردیدام، دەمەوێت كار بۆ هونەری نەتەوەی خۆم بكەم، رێژەیەكی زۆری كوردی تاراوگەنیشین هەیە، كە خەریكە فەرهەنگ و زمانی كوردی باب و باپیرانیان لە بیر دەكەن، ئێمە دەتوانین لە رێگەی گۆرانی و میوزیكەوە زمانی كوردییان لا شیرین بكەین، بۆیە ئێستا هەموو فوكوسمان لەسەر زمانی كوردییە، بەتایبەتی دیالیكتی كرمانجی، كە خاوەن فەرهەنگ و بەرهەمێكی زۆری رەسەنە، دەكرێت زیاتر گرنگیی پێ بدرێت، من لە رێگەی گۆرانییەكانی محەممەد عارف و ئەیاز و شاكرۆ و چەند هونەرمەندیكی دیكەی ناوداری كوردەوە فێری زمانی كوردی بووم، عەشق و خۆشەویستیم بۆ فەرهەنگ و كولتووری كوردی هەبووە، هەر لە منداڵییەوە باوكم لەسەر ئەم گۆرانییانە ئێمەی راهێناوە و هەر ئەم خۆشەویستییەش بوو كە منی خستە سەر رێچكەی كاری هونەری، ئێمە لە بنەماڵەیەكی هونەرپەروەرو كورد پەروەر گەورە بووین بۆیە كوردییەكەمان باشە، پێویستە دایك وباوكانیش لەرێگەی هونەری كوردییەوە زیاتر گرنگی بە زمانی كوردی بدەن.
* ئایا لەگەڵ ئەوەی، كە زیاتر گرنگی بە هونەری فۆلكلۆری رەسەنی كوردی بدرێت، یان نوێگەریی تێیدا بكرێت؟
- من لەگەڵ هەردووكیانم، مرۆڤ نابێت كولتوور و فەرهەنگی خۆی لەبیر بكات، بەڵام ناشكرێت لە كاروانی نوێگەری داببڕێت، دەكرێت نوێگەریش بخرێتە خزمەت هونەری كوردی و میوزیك و گۆرانیی پێ دەوڵەمەند بكرێت، بەڵام نابێت رەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات، من زۆر بەپێویستی دەزانم كە گۆرانی و میوزیكی رەسەنی كوردی وفۆلكلۆر، دووبارە نوژەن بكرێنەوە و كاری ئەكادیمی و هونەریی جوانیان لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی هەم لە زاكیرەی تاكی كورد بەزیندووی بمێنێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ كاروانی تەكنەلۆژیا و نوێگەریدا بڕوات.
* لە سۆشیال میدیادا كە ئێستا خەڵك زۆر چاوی لەسەرە، بەڕێزت زۆر ئەكتیڤ نیت، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- بەڕاستی بەهۆی سەرقاڵیم بەئیش و كارەوە، كەمتر دەتوانم لەسەر سۆشیال میدیادا كار بكەم، من جگە لە كاری هونەری كاری دیكەش دەكەم، بۆیە زۆر كاتم بۆ سۆشیال میدیا نییە، بەڵام جار جارەش وێنە و پۆستی نوێ دەكەم، هەرچەندە ئەوەش دڵم تێر ناكات، هەڵبەتە سۆشیال میدیا زەوق و سەلیقەیەكی تایبەتی دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا كاتێكی زۆریشی پێویستە، رەنگە لە ئەوروپا ئەو مەجالە نەبێت خەڵك زیاتر سەرقاڵی سۆشیال میدیا بێت، بەڵكو زیاتر بە ئیش و كارەكانیان سەرقاڵن و كاتێكیش دەگەڕێنەوە ماڵەوە ماندوون و هیچ تام و چێژێك لە سۆشیال میدیا ناكەن، بەڵام هەوڵدەدەم لەمەودوا زیاتر گرنگی بەسۆشیال میدیا بدەم.
* ئامادەی داوای خۆشەویستی لە كوڕێك بكەی؟
- بەڕاستی لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا تاوەكو ئێستا شەرمە كچ داوای خۆشەویستی لە كوڕ بكات، چ جای ئەوەی كچەكە هونەرمەند و ناودار بێت، ئەمە سەخت و دژوارتر دەبێت.
* مەرجەكانت بۆ شووكردن چین؟
- من باوەڕم بە قسمەت هەیە، دیارە تاوەكو ئێستا قسمەت نەبووە، مەرجیشم ئەوەیە كە وەك كورد دەڵێت كوڕەكە شیر حەڵاڵ بێت، دڵ گەورە و دڵپاك بێت. ئەو كوڕەی دەبێتە هاوژینم وەكو خۆم باڵای بەرز بێ، بەڵام دواجار باوەڕم زۆر بە قسمەت و نسیبە.