نیشتمان جێگای هەموو ماریا و هەڵۆكانی تێدا دەبێتەوە
ئەدەب و هونەر و نەخشسازی و فەلەكناسی و پیشەگەری و زانستەكان هەر لە كۆنی كۆنەوە هەبوون و لە تەنیشت ئایین و بیروباوەڕەكان كاری خۆیان كردووە، لە دێر و پەرستگا و كەنیسە و مزگەوتەكانیش زۆر لەوانە خوێندراون، یان باسوخواسیان دەربارە كراوە و خەڵكیان لەسەر پێگەیەندراوە، تەنانەت لە هەموو ئەو پەرستگا جۆراوجۆرانە هەتا ئەمڕۆش نەخش و نەخشسازی وەك هونەرێكی بەرزی بیناسازی بەكار هاتووە و گرنگیی پێدراوە، لەناو پەرستگاكان و لەناو پێشەوایانی ئایینی و باوەڕدارەكان، بە ئیسلامیشەوە گرنگیی زۆر بە ئەدەب و شیعر و پەخشان و چیرۆك و زۆر هونەری دیكە دراوە، لە بۆنە ئایینییەكاندا تەنانەت سروود و مۆسیقا و دەنگی خۆش، كۆڕەكەیان زیاتر جۆش داوە. دواتر ئەمانە بوونەتە بەشێك لە كولتوور و داب و كەلەپووری ئەو گەل و نەتەوانە لەسەر هەر ئایین و مەزهەبێك بووبن. لە تەنیش ئەمەشەوە، رێز و ئیلتیزامی تەواویان لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا بە ئایینەكەیان و ئادابەكانیەوە هەبووە، كە لەگەڵ بیروباوەڕی گشتی و ئادابی گشتیدا گونجابێ.
جا ئەمە لە سەردەمانێكدا بووبێ، كە پەیوەندییە روحییەكانی نێوان خەڵك و خودا و خەڵك و ئایینەكان لەوپەڕی بەهێزیدا بووە و دونیای مادی كەمتر كاریگەریی لەسەر كەسەكان هەبووە، هێشتا ئەو ژیانە ئەوەندە بەرتەسك نەبووە، كە هەموو جوانییەكان بەلاوە بنرێن و خەڵك لەجیاتی خوای گەورە حوكم بەسەر كەسانی دیكەدا بدات، تەنانەت ئەگەر غەیرە دین، یان هەڵگەڕاوەش بن، چ جای ئەوەی بەسەر كەسێك كە هاوئایینی سەردەمەكەی خۆی بێ، بەڵام تێگەیشتن و ئیلتزاماتی ئایینی وەك ئەو نەبێ.
لەم رۆژانەدا بەڕێزێك هەرایەكی لەسەر كلیپێكی نوێی خانمە هونەرمەندێك نایەوە و زۆر وشە و دەستەواژەی دوور لە ئادابی دینی و دوور لە ئادابی كۆمەڵایەتی و دوور لەو پێگەیەی ئەوی تیادایە، بازاڕیانە و دوور لە زمانی گفتوگۆ و رەخنە، كارە هونەریەكە و شێوازەكە و هونەرمەندەكەیشی دایە بەر نەشتەر، كە بەدوای ئەویشەوە باسوخواسەكە لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر تەشەنەی كرد و هەندێ كەسیش ویستیان ئەو دوو بەرەیە بخەنە سەنگەر لەیەك گرتن و یەكتر سڕینەوە.
لەراستیدا هەردوو بەرەی ئایین و هونەر رۆڵ و پێگەی دیار و شایستەیان لەناو كۆمەڵگەدا هەیە و هەر بەرەیەكیش پەیڕەوكاری خۆی هەیە و پەیڕەوكار و هۆگریش زۆرن، كە سەر بە هەردوو بەرەكە بن، خەڵكێكی ئێجگار زۆری كورد كە موسڵمانن، پابەندن بە سرووت و بەرنامەی ئایین و لە هەمان كاتیشدا هۆگر و هەواداری ئەدەب و شیعر و هونەر و بیناسازی و زانست و تەواوی لایەنەكانی ژیانن، بەم شێوەیە ئاسایشی كۆمەڵایەتی خەڵك پارێزراو و تۆكمە و تەواكەری یەكتر بووە.
بەڵام كاتێك لێرە و لەوێ، یەك دووانێك لەم بەرە، یان لەو بەرە، خۆیان بە نوێنەری راستەقینە بزانن و ئەوانی دیكەی بەرامبەریان بسڕنەوە و قبوڵی نەكەن، ئەوا ژیان پڕ دەبێ لە بوغز و رق و قین. بۆیە ناكرێ هەر كەسە و لە راست خۆیەوە سنووری ئەوانی دیكە ببەزێنێ و تەشهیریان پێ بكا. چ جای پیاوی ئایینی، كە دەبێ بە جوانترین زمان و پاكترین وشە و دەربڕین ئاخاوتن بكا و ئەگەر شتێكیشی هەست پێكرد پێچەوانەی باوەڕەكەیەتی، بە زمانی سەردەم و بە گفتوگۆ و رەخنە دەریببڕێ، یان ئەگەر دیتی كاریگەریی خراپی بۆ سەر كۆمەڵگە و پیرۆزییەكانی هەیە، پەنا بۆ یاسا ببات، نەك بە ئارەزووی خۆی و بە زمانی زبر هەڕەشە و تەشهیر بە بەرامبەرەكانی بكات. كاتێكیش هەستی كرد كە ئەوەی كردوویە و دەیكا هەڵەیە، بوێریی ئەوەی هەبێ كە داوای لێبوردن بكات، وەك ئەوەی ئەو بەڕێزە دوای تەشهیر و زمانی زبر، دوای لێبوردنەكەی كردووە، ئەمە شتێكی باشە، بەڵام دەبێ لە هەموو بوارێكدا ئازدییەكان نەشكێندرێن و سنووریان بپارێزرێ، كوردیش لە هەموو بوارەكان، بە تایبەت لە ئادابی ئایین و ئادابی كۆمەڵاتی و لە هونەریشدا زۆر لە خەڵكی دیكە پەرێزی پاكتر و لێوەشاوەترە و تا ئێستا بەریەككەوتنێكی وا لەو نێوانەدا لەناو كورد رووینەداوە، كە جێی باس بێت. بەڵام بۆ ئەوەی هەموو لایەك پارێزراو و تەواكەری یەكتر بین، پێویستە یاسا سەروەر بێ و هەمووشمان لە هەر گرفت و بەرپەرچدانەوەكدا پەنا ببەینە بەر یاسا، بۆ ئەوەی رێگری بكرێ لە هەموو ئەوانەی بە هەر ناوێكەوە بێت خۆیان لە ورد و درشتی خەڵك و كۆمەڵگە هەڵبقورتێنن و لە كۆتاییشدا بە زەرەری ژیانی ئارام و سەقامگیریی كۆمەڵایەتیی خەڵكی كوردستان و بە قازانجی نەیارانی كورد و كوردستان تەواو ببێت. با هەموومان یەكتر قبووڵ بكەین و پێكەوەش ژیان جوانتر و مانادارتر بكەین، نەك یەكتر بسڕینەوە.