ئەرسەلان دەروێش, (دوژمنی گەل) لە شاری هەولێر نمایش دەكات
لەم شانۆگەریەدا کە لەلایەن دامەزراوەی کوردستان24 سپۆنسەریی میدیایی دەکرێت و لە لایەن وەزارەتی رۆشنیریی و لاوان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر و بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر بەرهەم دێت، تیپی شانۆی سالار بە ئەنجامدانی کارەکە هەڵدەستێت، دەستەیەکیش لە شانۆکارە گەنجە ئەکادیمییەکان بەشداری تێدا دەکەن وکارە هونەرییەکانی رادەپەڕێنن.
رۆڵە سەرەکییەکان لەلایەن هونەرمەندان بەهمەن حاجی، مەولان حەمەدەمین، وەیلان سەدیق، یوسف یوسفی، محەمەد تاهیر، یاسین عومەر، سیما مستەفا و زیاد کەریم، بەرجەستە دەکرێن و کۆمەڵێک ئەکتەری دیکەی وەک زەهرە نەجات، هۆزان کاروان، نەورۆز عەلی کەمال، بنیاد فەرحان، دیمەن تاهیر، هاوکار خدر، محەمەد حەمە، شەنیار محەمەد، عەلی کەمال، گەرمیان گلی، باوان کەیفی، یارا ئەرسەلان و رەهێڵ هەورامان، بەشداریی تێدا دەکەن.
هەروەها، هونەرمەندان دانا محەمەد وەک یاریدەدەری دەرهێنەر، مەولان حەمەدەمین وەک بەڕێوەبەری شانۆ، سەرباز عەبدولڕەحمان وەک جێبەجێکردنی سینۆگرافیا بە هاوکاری کۆمەڵێک بەهرەی تازە دەرکەوتوو، کارە هونەرییەکانی دیکۆر، رووناکی، موزیک و دەنگ، ئەنجام دەدەن.
پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر بە هۆڵە شانۆییەکەی پشتیوانی کارەکە دەکات و نووسەر و هونەرمەند هاودەم ساڵح جاف، لە نەرویژییەوە دەقەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لەبارەی ئەم کارە شانۆییە، دەرھێنەر ئەرسەلان دەروێش راگەیاند: "ئەم شانۆگەرییە شاکارێکی هونەریی بێهاوتایە، بە تایبەتی لەم ساتە وەختە گرنگەدا، کە ئومێد دەکرێت هەمووان بەخۆداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە چۆنیەتی وەرگرتنی هەڵوێست و بڕیار و پەیوەندی نێوان کارکردنی حکوومەت و هاوڵاتی بکەنەوە و کەمتەرخەمییەکان و نایەکسانی و گەندەڵی رابگیرێت و چارەسەر بکرێت".
دەرهێنەر لە بارەی ئەم کارە ئەدەبییەی هێنریک ئیبسن، دەڵێت: (دوژمنی گەل) هاواری تاکێکی بوێر و ویژدان زیندووە بۆ راچەنینی کۆمەڵگەیەک کە درۆ و گومڕابوون و گەندەڵی هەراسانی کردووە و ئاسوودەیی راستەقینەی لێ داماڵیوە. دەکرێت راستی و ھەقیقەت لەلای تاکی هۆشیار و هەڵکەوتوو بێت، نەک لەلای زۆرینەی گومڕاکراو و بەرژەوەندی خواز. دەکرێت ئەوانەی گەندەڵ و خاوەنی ئیرادە و هەڵوێستی خۆیان نین، بەردەوام لەهەوڵی لەکەدارکردن و ناوزڕاندنی کەسانێک بن، کە بەپێچەوانەی ئەوانن، نەخاسمە بە سوتاندنی رەش و سپی بەیەکەوە بۆ شاردنەوەی شەرمەزاریی و تاوانەکانیان".