ڕەنگە ئەلیسا بە هەمان تاقیكردنەوەكەی (عەمرو و تامر)دا بڕوات
ئەم كەسایەتییە دووپاتی دەكاتەوە كە كۆمپانیای ڕۆتانا بۆ هەموو گۆرانیبێژ و هونەرمەندەكانی چەند مەرجێكی بۆ سەرجەمیان بێ جیاوازی داناوە, ئەویش ئەوەیە كە مافەكانیان لە بەرهەمە گۆرانییەكان قۆڕخ دەكات, هەرئەمەش بوو وایكرد (عەمرو دیاب) تووشی كێشەی یاسایی بێتەوە,دوای ململانێیەكی زۆر گەیشتە ئەو ڕادەی كە پەیوەندی لەگەڵ (كۆمپانیای ڕۆتانا) بچڕێنێت و كۆمپانیایەكی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی گۆرانی دابمەزرێنێت بە ناوی (نای) تا لە ڕێیەوە لە ژیانی هونەریی بەردەوام بێت, وە هەمان شت دیسانەوە لە (تامر حوسنی) ڕوویدا كە ئەویش لە (كۆمپانیای ڕۆتانا) بە هەمان شێوە كۆمپانیایەكی تایبەت بە خۆی دامەزراند بە ناوی(تامر حوسنی پرۆدەكشن), وا پێدەچێت ئەلیسا كە لە ڕوونكردنەوەی دووەمی ڕایگەیاند كە خۆی ئەلبۆمە گۆرانییەكانی داهاتووی بەرهەم دەهێنێت ڕەنگە هەمان تاقیكردنەوەكەی ئەوان دووبارە بكاتەوە.
لە درێژەی ووتەكانیدا ڕایگەیاند: بەم دواییە داهاتی ئەلبۆمە گۆرانییەكان بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی, بۆیە كۆمپانیاكان هەستان بە قۆڕخكردنی مافە هونەرییەكان, بەشێوەیەك كە بەرهەمەكان بە كۆمپانیا تەلەفۆنییەكان و تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتیوب دەفرۆشران تاكو ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە كەلە بەرهەمەكە خەرجیان كردووە, چونكە ئەلبۆمی گۆرانی پارەی زۆری تێدەچێت و فرۆشتنی ئەلبۆمەكان بەتەنها وەك(CD) ئەو بڕە پارەیە ناهێنێتەوە كە لەو كارە هونەرییە خەرج كراون, هەروەها ڕایگەیاند: عەمرو دیاب ڕازی نەبوو مافی هونەریی قۆڕخ بكرێت,گرێبەستەكەی لە كۆمپانیای (ڕۆتانا) هەڵوەشاندەوە و لە دواییدا لە ڕیگای كۆمپانیاكەی خۆیەوە ئەم سێ ئەلبۆمە گۆرانییەی ئەم دواییەی بەرهەم هێنا.
هەروەها ئەم ئاوازدانەرە ئەوەشی دووپات كردەوە كە, ئەلیسا وەك براوەی پلە یەك لە ڕۆتانا نەیتوانی خۆی لە هونەرمەندانی تر جیا بكاتەوە و هەمان ئەو یاسا و بڕیارەی بەسەردا سەپێنرا كە لە كۆمپانیای ڕۆتانا بۆ هەمووان بێ جیاوازی داڕێژراوە و پێشوەختە واژووی لەسەر كراوە, ئەویش بەم بارودۆخە بێبەش بوو لەو داهاتەی كە دەیویست لە ڕێی ئاهەنگەكانی بەدەستی بهێنێت, چونكە ئەلیسا لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە و نەیتوانی ئەو مافە بۆ خودی خۆی بگەڕێنێتەوە, كە بەمەش داهاتێكی زۆری شێوە بەردەوامی لەدەست دەدات, هەروەها ڕایگەیاند كە ئەلیسا گرێبەستەكەی نوێ ناكاتەوە ئەگەر ئەو مافە هونەرییانە لە ڕۆتاناوە بۆ خودی خۆی نەگەڕێنێتەوە, وە لە ئێستادا ئەلیسا دوودڵە لە دامەزراندنی كۆمپانیایەك بۆ تۆماركردنی بەرهەمە هونەرییەكانی, چونكە بە كاركردنی لەگەڵ (كۆمپانیای ڕۆتانا) چەندین دەستكەوتی هونەری و لە یاد و بۆنەكاندا ئاهەنگی سەركەوتووی گرەنتی كردبوو, بە تایبەت لە وڵاتانی كەنداو, وە جێبەجێ كردن و ڕێكڵام كردنی بە شێوەیەكی زۆر پرۆفیشناڵانە ئامادە دەكرا, بۆیە ئەگەر ئەلیسا گرەنتیەكی هەبێت كە بتوانێت ئاهەنگەكانی بەم شێوەیە لە ڕێی كۆمپانیا تایبەتەكەی خۆی بێنێتە جێ, ئەوا شكست ناهێنێت و ئەم ناوبانگەی خۆی دەپارێزێت.
ئەلیسا هەواڵی وازهێنانی ڕاگەیاند, وەلەیەكەم ڕوونكردنەوەی سووڕبوونی لەسەر بڕیارەكە بوو, بۆ دووەم ڕوونكردنەوەش ناچار بوو تا بێدەنگی بشكێنێت و وەڵامی دۆستانی بداتەوە بۆیە لە توەیتەر بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێت: دەزانم كە دڵگرانن بەم بڕیارە, وە سوپاس بۆ هەموو ئەو نامە و كۆمێنتانەی كە بەدەستم گەیشتن, دەمەوێ تەنها ئەوە بزانن كە من ئەمە لەبەر بەرژەوەندیم دەكەم, هێشتا ئەلبۆمێكی گۆرانی و كۆنسێرت و چەند ئاهەنگێك ماون لە داهاتوودا, وە بەڵێن بێت ئەگەر ئامادە بووم خۆم كارە هونەرییەكانم بەرهەم بهێنم, ئەوە دەیكەم .