خانمە شێوەكاری رووسی ماریا بكلیمشیفا: لەگەڵ ئەوەم كە هەركەسێك رێچكەی خۆی هەبێت
لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
* حەز دەكەین باشتر بتناسین؟
- ناوم ماریا بكلیمشیفایە، لە بنەماڵەیەكی هونەرپەروەر لە دایكبووم، واتە هاتنە نێو كایەی هونەری پەیوەندیی بەوە هەبووە كە هەمیشە بنەماڵەكەمان عەشق و خۆشەویستییان بۆ هونەر هەبووەو هونەر بە هەموو جۆرەكانییەوە لە ماڵەكەی ئێمە وجودی هەبووە، ئەمەش پاڵنەرێكی زۆر بەهێزە بووە، بۆ ئەوەی من لەسەر ئەم رێچكەیە بەردەوام بم، لەبەر ئەو عەشقە لەگەڵ من گەورە بوو، تاوەكو گەیشتمە كۆلیژی هونەری دیزاین و هونەری شێوەكاری، كە لە زانكۆی سترۆگانۆڤ،ئیدی بەشێوەیەكی ئەكادیمی دەستم بە خۆێندنی هونەر كرد، دوای دەرچوونیشم لە زانكۆ هەر لە بواری شێوەكاری كاردەكەم.
* كە لە بنەماڵەیەكی هونەردۆست لە دایكبوونی، لەو بنەماڵەیە كێ هاندەرت بوو؟
- لەو كاتەی من چاوم بە دنیا هەڵێناوە سەروكارم لەگەڵ كاری شێوەكاری هەبووەو بەردەوام لە نێو كەشێكی هونەری ژیانم بەسەر بردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەكەم فێریان كردم، كە چۆن كارەكەم و پیشەكەم خۆش بووێت و بەردەوام كاری داهێنەرانەی بۆ بكەم و بەشێوەیەكی جیاوازتر لە دەوروبەری خۆم بڕوانم، لەگەڵ ئەوەشدا هانیانداوم كاری شێوەكاری لە پێناو خۆشەویستی بەكاربهێنم.
* هەست دەكەین پیشانگات كەمە هۆكاری ئەمە چییە؟
- زۆر دەرنگ دەستم بە نمایشكردنی تابلۆكانم كردووە، بەڵام دوای ئەوەی لە زانكۆ دەرچووم ئینجا بیرم لەوە كردەوە چەند پێشانگایەكی شێوەكاری بكەمەوە، بۆیە لە ماوەی تەنیا دوو ساڵدا (15) پێشانگای تایبەت و هاوبەشم كردووەتەوەو تابلۆییەكانم نمایشكردوون.
* حەز دەكەی لە بواری شێوەكاریدا ركابەریی كەس بكەی یان بگەی بە ئاستی كەسێكی دیاریكراو؟
-من هەمیشە لەگەڵ ئەوەم كە هەركەسێك رێساو رێچكەی تایبەت بەخۆی هەبێت كۆپی كەس نەبیت،بەڵام دەكرێت زۆر شەیداو هۆگری هونەرمەندێكی هاوچەرخ بیت، لە هەموو شێوەكارەكان و هونەرمەندەكان سوود وەربگریت، بەڵام هەرگیز خۆت بە هیچ كەسێكی دیكە بەراورد نەكەی، هەمیشە لەو باوەڕەدا بە كە تۆ باشترینی، بۆیە قەت ناخوازم بگەمە ئاستی هیچ هونەرمەندێكی دیكە، بەڵكو دەمەوێت ئاستی خۆم نیشانی هەموو خەڵك بدەم.
* هۆكاری ئەوە چییە كە سروشت بەشێكی زۆری كارەكانی داگیر كردووی؟
بەشێكی زۆری تەمەنم لە گوندەكان لەگەڵ داپیرم و باپیرم بەسەر بردووە، هەمیشە دیمەنی شارە بچووك و گوندەكان بە سرووشت رازوەتەوە، ئێستاش جار جار دەگەڕێمەوە ئەو شوێنەی منداڵییەتیم تێدا بەسەر بردووە، بۆیە رەنگدانەوەی سروشت و گوڵ وگوڵزار لە تابلۆییەكانمدا هەیە، ئێستاش زۆر شادومان و كەیف خۆش دەبم، كاتێك لە نێو یەكێك لە باخەكان لە كاتی خۆرئاوابوون دەوستم،چەندە ئەم دیمانە سەرنجە راكێشن، لەگەڵ ئەوەشدا ئیلهامن بۆ دەیان كاری جوانی شێوەكاری.
* وەك ئافرەتێك لە رێگای كارەكانتەوە چ پەیامێكت بۆ ئافرەتان هەیە و چۆن هەوڵتداوە بەرگری لە مافەكانیان بكەی؟
بەشی زۆر لە تابلۆییەكانم و كاری شێوەكاری بەشێوەیەكی گشتی باس لە خۆشەویستی دەكات، ئینجا ژنێك بەشێكی دانەبڕاوە لە خۆشەویستی، هەرچەندە بەشێوەیەكی راستەوخۆ باسم لە مافی ئافرەتان نەكردووە، بەڵام بەردەوام ئافرەت وجودی لە نێو تابلۆییەكانمدا هەبووە، لەم ماوەیە سەرقاڵی پرۆژەیەكم لەسەر ئافرەتی هاوچەرخی چەند وڵاتێكی جۆراوجۆر هەیە، بۆیە ئێستا هەموو هزرو بیری خۆم كۆ كردووەتەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە، هیوادارم پڕۆژەكەم رووناكی بەخۆیەوە ببینێت.
* لە تابلۆكانتدا زیاتر پشت بە چ جۆرە رەنگێك دەبەستی؟
- من كارم لە هەردوو شێوازەكە كردووە واتە رەنگی ئاوی یان زەیتی، بەشێوەیەكی ئەكادیمیش لە زانكۆ خوێندوومە، بەڵام هەمیشە گوتوومە، رەنگی ئاوی باشترین و ئاسانترین زمانە بۆ گوزارشتكردن لە هزرو بیرو كارەكانم، بۆیە كارەكانم بەشێكی زۆر بە رەنگی ئاویی كردووەو پێشكەشم كردووە، هەرچەندە هەندێ كاری زیتیشم هەیە.
* هەر تابلۆیەك مانا و رەهەندی جیاوازی لە نێوان بینەران لێ دەكەوێتەوەو هونەرمەندە شێوەكارەكەش بە روونی باس لە گوزارشتی نێو تابلۆییەكانی ناكات، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-رەنگە شیكردنەوەو باس كردن لە تابلۆیەكی شێوەكاری ئاستەم بێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەعبیری جیاواز لە خۆیدا هەڵدەگرێت، بەڵام بەڕای من ئەوەی لە هەموو گرنگترە هەستكردنە بەو تابلۆیەو چیرۆكەكانی نێو تابلۆیەكەیە، ئێوە لە چ گۆشەیەكەوە لەم تابلۆە دەڕوانیت ئەوە گرنگە، چۆن بیر لە ئایدییەكانی ئەم شێوەكارە دەكەیتەوە ئەمە كرۆكی بابەتەكەیە، هەر ئەمەش زیرەكی و لێهاتوویی شێوەكارەكە دیاری دەكات.
* ئێستا زیاتر بە چییەوە سەرقاڵی؟
جگە لە كاری مامۆستای هونەر و وانە وتنەوە ئێستا وەرشەیەكی باشی كاركردنم هەیەو لەم وەرشەیەدا بەشێوەیەكی ئەكادیمی وانەی شێوەكاری بە تیۆری و پراكتیكی دەڵێمەوە، هیوادارم بتوانم لەم بوارەدا خزمەتێك بە هونەری مەزنی شێوەكاری بكەم، بۆ ئەوەی بتوانین نەوەیەكی هۆشیارو لێهاتوو لە بواری هونەری دروست بكەین.
* هیچ زانیاریت دەربارەی كورد هەیە؟
-بێگومان زانیاریم دەربارەی كورد هەیە، دوای ئەوەی لە هەواڵەكان هەندێك زانیاریم بیست دەبارەی كورد، بە دوای زانیاریدا گەڕام و زانیاریی زۆرم كۆكردەوە دەربارەی مێژوو و كەلتووری كورد و جوگرافیای كوردستان و ئەو رووداوانەی لە كوردستان روویان داوە، هیوای سەركەوتن بۆ گەلی كورد دەخوازم.