سارا ئارام:بە شانازییەوە لە نێو چەندین مۆدێلدا بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە دەركەوتم

سارا ئارام:بە شانازییەوە لە نێو چەندین مۆدێلدا بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە دەركەوتم
كچێكی باڵابەرزی كەركووكی دەیەوێت لە رێگەی جلوبەرگ و كولتووری كوردییەوە فەرهەنگی نەتەوەیەك نیشانی جیهان بدات، سارا ئارام خەڵكی كەركووكە، لە 1991 كوردستانی باشووری جێهێشتووە، بەناچاری لە ساڵی 1995 لەگەڵ خێزانەكەی كۆچیان كردووە بۆ وڵاتی نیوزیلەند، ئێستاش هەر لەو وڵاتەنیشتەجێیە، بەڵام نایەوێت كولتوور و فەرهەنگی باپیرانی لەبیر بكات و لەسەر رێچكەی ئەوان بەردەوام دەبێت، بەڵكو لەگەڵ ئەوەشدا، بەجلوبەرگی كوردی و پێشمەرگایەتییەوە چەندین كاری نمایشی كردووە، لەم هەڤەیڤینە باس لە دواین چالاكییەكانی خۆی دەكات.

جگە لە كاری دیزاین سارا لە زۆر بواری دیكەشدا كاری كردووە و دەڵێت: «بە شانازییەوە دەتوانم بڵێم یەكەم كچی كورد بووم، كە وەكو ئەكتەرێك لە كلیپێكی هیندیدا رۆڵی سەرەكی بینیوە و بەشداریم تێیدا كردووە، كە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووە، گۆرانیبێژەكە ناوی « garry bhullar» بوو، كە ئێستاش بەردەوام لە كەناڵە هیندییەكان پەخش دەكرێت، لەبەر ئەوەی توانای نواندیشم هەیە، لە ئێستادا ئامادەكاری دەكەین بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێك لە نیوزلەندا، لە كاتی خۆیدا گشت زانیارییەكان دەبارەی ناوەڕۆكی فیلمەكە بۆ جەماوەر باس دەكەم» وەك دەگوترێت زۆربەی خانمە ئەكتەرەكان لە رێگای كلیپی هونەرمەندان ناوبانگ دەردەكەن، لەو بارەوە دەڵێ: «زۆر حەز دەكەم لە نێو كلیپەكانی هونەرمەندان (میران عەلی و هەڵوێست) وەكو ئەكتەرێك رۆڵ ببینم، هەرچەند چاوەڕێی ئەوەم داوام لێ بكرێت تا بەشدارییان لەگەڵ بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا حەز دەكەم بەشداریی لە فیلمی كوردیدا بكەم، چونكە دەمەوێت خزمەتی هونەر و سینەمای كوردی بكەم و بتوانم شان بەشانی هونەرمەندانی كوردستان كارێكی جوان و شایستە بۆ نەتەوەی كورد بكەم». سارا ئارام لە نمایشێكدا بە مەرجی پۆشینی جلوبەرگی پێشمەرگە دەركەوت سەبارەت بەم بابەتە دەڵێ :»لە ساڵی ٢٠١١ یەكەمجار كە بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵی دەستم بەكاری مۆدێل و نمایشی جلوبەرگ كرد، دواتر چەند كۆمپانیەكی جیهانییش داوایان لێكردم وەكو مۆدێل لەگەڵیان كار بكەم، یەكێك لەو كۆمپانیایانە كۆمپانیایەكی چینی بوو، كە ئۆتۆمبێڵی گرانبەهای نمایش دەكرد، بۆیە داوای لە من كرد كە ببمە مۆدێل و لەگەڵ یەكێك لە ئۆتۆمبێڵەكان وێنە بگرم، منیش بەو مەرجە رازی بووم كە جلی پێشمەرگە لەبەر بكەم، ئەوانیش بەم مەرجە رازی بوون، بۆیە من بە تەنیا لە نێوان دەیان مۆدێلدا جلی تایبەت و جیاوازم پۆشی بوو، كە ئەویش جلوبەرگی پێشمەرگەبوو، ئەم جلانەی من بووە جێگای سەرنجی هەموو ئامادەبووان، دەیان كەس لە بینەران لەگەڵ من و جلوبەرگی پێشمەرگە وێنەیان دەگرت و پرسیاریان دەكرد، پێشمەرگە و كورد چییە؟ منیش بۆم روون دەكردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵای كوردستانم بەرز كردبوویەوە، ئەمە خۆشترین رۆژی من بوو و زۆر شانازم بە كوردبوونی خۆمەوە دەكرد». سارا تیشك دەخاتە سەر ئەو دەزگا تایبەتانەی نمایشی جلوبەرگ كە كاری تێدا كردوون و دەڵێ: «لەگەڵ گەلێك لە ئاژانسەكان كارم كردووە، یەكێك لەوانە ئاژانسێكی ناوداری وڵاتی پاكستان بوو، من یەكەم كچی كورد بووم كە توانیوم بە جلی كوردییەوە لە یەكێك لە گۆڤارەكانی بواری جلوبەرگی وڵاتی پاكستان بەناوی «Moda Dynastie» دەركەوتم، كە دیزاینەرە پاكستانییەكان زۆر جلوبەرگی كوردییان لاجوان و قەشەنگ بوو، بەشێكی زۆر لە جلوبەرگەكانم لەلایەن باوكم كاری دیزاینی بۆ كرابوو، هەروەها لەلایەن باوكیشمەوە كاری دوورینی بۆ كرابوو، چونكە باوكم بەرگدروورێكی زۆر لێهاتوو و دەستڕەنگینە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هونەرمەند و نمایشكاران لەرێگەی كارەكانیانەوە بژێوی ژیانیان پەیدا دەكەن؟ سارا گوتی: «لە ئەوروپا نمایشكار هەیە داهاتێكی زۆر لە رێگەی كارەكەی كۆ دەكاتەوە، بەڵام هەندێ نمایشكاریش هەیە، كە سەرەتای كارەكانیانە بە خۆبەخش كار دەكەن تاوەكو ناودار دەبن، بەڵام من هیچ كات بە خۆڕایی كاری نمایشكاریم نەكردووە، دەمەوێت لە رێگەی كارەكەی خۆمەوە داهاتێكم دەست بكەوێت بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بەكارەكەم بدەم، ئەمەش لەسەر كەسایەتی و لەش و لار و زیرەكی نمایشكارەكە دەوستێت». سارا یەكێك بووە لە بەشدار بووانی پێشبڕكێی گۆڤارێكی ئەمریكی، لەوبارەیەوە دەڵێ: «جێت سێت مەگەزین، گۆڤارێكی ئەمریكیی لایف ستایڵە، ئەو ساڵانە لە سۆشیالمیدیا دەگەڕێت و چەند نمایشكارێك دەخاتە دەنگدانێكی ئۆنلاینەوە بۆ ئەوەی بببێتە بەرگی گۆڤارەكە، ئەم گۆڤارە لە نێو فڕۆكە و یەخت و یەختە تایبەتەكان دادەنرێت، لە هەموو دونیا چەند نمایشكارێكیان هەڵدەبژێرن و خەڵكی لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەموچاوی كەسی سەر بەرگی مەگەزینەكە هەڵدەبژێرن، بە خۆشحاڵییەوە من لە تۆپ پێنجدا بووم». سەبارەت بە كچ و كوڕی مۆدێلەكانی كوردستانیش وتی: «كاری بەشێك لە نمایشكارە كوڕ و كچەكانی كوردم لە باشووری كوردستان بینیوە، دەستخۆشییان لێ دەكەم، بەلای منەوە ئیش وكارەكانیان جوان و رێكوپێكە، هەرچەندە من زۆر ئاگادار نیم و زۆر كەسیش ناناسم لەو بوارە، بەڵام زۆر جار لە پەیجەكان ئیشە كانیان دەبینم خراپ نییەو هیوای بەردەوامیان بۆ دەخوازم.»لە كۆتاییدا سەبارەت بەم سەردانەی بۆ باشووری كوردستان دەڵێ: «من دەمێكە بەنیازبووم سەردانی كوردستان بكەمەوە، بەڵام بۆم رێك نەكەوتبوو، ئێستا بۆ مەبەستی چەند چالاكییەكی تایبەت گەڕامەتەوە كوردستان، من ئاڵای كوردستانم لە زیاتر لە بیست وڵات بەرز كردووتەوە و باسم لە مەینەتییەكانی گەلی كورد كردووە، دواین سەردانیشم بۆ توركیا بوو، لەوێ ئاڵای كوردستانم بەرز كردووەتەوە، بەنیازیشم لەسەر دێرینترین شوێنی جیهان كە قەڵای هەولێرە چالاكییەك ئەنجام بدەم و ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوەو چەند نمایشێكی تایبەت پێشكەش بكەم.»
Top