سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو رێككەوتی 5 ی ئابی 2019 بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان،حەوتەمین پێشانگای خاتوو (بەهار شێروانی) بەناونیشانی (هەناسەكانی ڕەگەزی مێ ) لە گەلەری میدیای شاری هەولێر كرایەوە, كە چەندین تابلۆی جوان و ڕازاوەی لە خۆ گرتبوو، ئەو تابلۆیانەش زۆربەیان گوزارشتیان لە ئافرەت و سروشتی كوردستان و ئەو داب و نەریتە باوە دەكرد, لە گەشتوسەیران و شایی و هەڵپەڕكێ و ئاهەنگ و زۆر شتی دیكەش، لە لایەكی دیكەوەش سیمای ئافرەت بە جۆرەها شێوە نمایش كرابوو كە هەر لە دوورەوە سەرنجی میوانانی ڕادەكێشا, (هەناسەكانی ڕەگەزی مێ) تەنها ناونیشانێك نەبوو, بەڵكو كۆمەڵێك ڕەنگ بوون لە نێو چەند چوارچێوەیەك كە هەموویان چەند پێناسەو مانایەكی قووڵی دەبەخشی و گوزارشت لە هیزی شاراوەی ئافرەتی دەكرد كە لە ناخیدا هەر دەمێنێتەوە و دەبێت بە جیهانێكی تر, خوێندنەوە بۆ ئەم هێزە پێویستی بە ئازادی و سەربەستی هەیە تا بتوانێت توانا و بەهرەكانی ناخی دەرببڕێت.
بەهار شێروانی دەرچووی ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانە, پێشتر لە شەش پێشانگای تایبەت و 24 پێشانگای هاوبەش بەشداری كردووە. بەهار ئێستا مامۆستای بەشی شێوەكارییە لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر.