پاشا و شمشێری ئاریۆ بەرزەن

پاشا و شمشێری ئاریۆ بەرزەن
ئەوڕەحمان پاشای نووسەر و رۆژنامەنووس بە كردنەوەی پیشانگایەك هەرچی میدیای هەولێر هەیە، بە خۆییەوە سەرقاڵ كرد، ئەو بۆ خۆی لە ریكلامكردن بۆ پیشانگاكەی زۆر وەستایانە جووڵایەوە و بەر لە كردنەوەی پیشانگاكەی بە چەند هەفتەیەك، بە بێ دیاریكردنی وادە هەواڵەكەی بە من راگەیاند، هاوكات سەر و بنی شاریشی لە كردنەوەی پیشانگاكەی ئاگادار كردەوە «بە خوا پیشانگایەكی بێ وێنەیە، لە كوردستاندا تا ئیستا شتی وا نەكراوە، پیشانگایەكی جیهانییە، جیهانی» هەر كەسێك گوێی لەم جۆرە قسەیە ببێت، بە هەڵەداوان پەیدۆزی پیشانگاكەی پاشا ئەوڕەحمانی بێ تەخت و تاج دەكات.

ئا/تاریق كارێزی

من نازانم پاشا بە چ پێوەرێك پیشانگاكەی بە بێ وێنە و جیهانی ناو برد، بەڵام دەزانم پیشانگاكەی كارێكی دژەباو بوو، ئاسایی نەبوو، چۆن؟
پاشا بە خاوخێزانەوە بەشداریی لەو پیشانگایەدا كرد، خۆی و هەر سێ كچەكەی و كوڕەكەی و هاوسەرەكەشی، ئەمە بۆ خۆی (ئەگەر نەڵێم لە كوردستان، ئەوا لە هەولێردا) كارێكی نوێ بوو، جگە لەوش پیشانگاكە هەمەچەشن بوو، پاشا بە كۆمەڵێك وێنە تابلۆی هونەرمەندانی جیهان لە بارەی شەڕی ئەربێللا (گۆگمێلا) تەوەری هەرە گرنگ و هەستەوەری پیشانگاكەی پێك هێنا بوو، هەر چوار پاشازادەكەش بە نیگاری شێواز منداڵانە بەشدارییان كرد بوو، هاوسەری پاشاش بە كۆمەڵێك تابلۆی كۆلاج بەشداریی كرد بوو، ئەمەش لە پاڵ كۆمەڵێك وتار و نووسین و بەڵگەنامە، هەمەچەشنی و تێكەڵەیەكی سەرنجڕاكێشیش بوو.
ئەگەر بپرسین، باشە پاشا لەبەر چی خۆی و ئەو خەڵكەشی بە شەڕێكەوە سەرقاڵ كرد، كە 2350 ساڵ بەر لە ئێستا رووی داوە؟ ئێمە لە زاری پاشاوە بە دوور و درێژی وەڵامی ئەو پرسیارەمان بیست، ئەو پێی وایە ئێمەی كوردستانی سوودمان لە رووداوێكی فرە گەورە (شەڕی گۆگمێلا) وەرنەگرتووە، ئەو شەڕەی لە 331ی بەر لە زایین لە سێگۆشەی نێوان (هەولێر- كلكەی چیای پیرمەم لە سەر زێی گەورە- شارۆچكەی خەبات) لە نێوان ئەسكەندەری مەكدۆنی و دارای هەخامەنشی قەوما، وەرچەرخانێكی لە مێژووی مرۆڤایەتی بەدی هێنا، ئەم رووداوە مێژووییە بەوەی لە نزیك هەولێری پایتەخت رووی داوە هی ئەوەیە كوردستان سەرمایەگوزاریی تێدا بكات، كەچی لە زۆر شوێنی دنیا بایەخ بەو شەڕە دراوە و لە كوردستانیش نا. تەوەری سەرەكیی خەم و خولیایەی پاشا لێرەوە دەست پێ دەكات، كە لەبەر چی ئێمە سوود لەو رووداوە مەزنە وەرناگرین، كە لە سەر خاكی كوردستاندا روویدا؟
ئەوڕەحمان پاشا لەو پیشانگایەدا وێنەی قارەمانێكی كوردیشی نمایش كرد بوو، (ئاریۆ بەرزەن) ئەو فەرماندە كوردەی بە 1200 جەنگاوەرەوە لە چیاكانی لوڕستان بەرەنگاری لەشكرەكەی ئەسكەندەری مەكەدۆنی بووەوە، ئەگەرچی هێزەكەی ئەو فەرماندە كوردە زۆر لە لەشكرەكەی ئەسكەندەر كەمتر بوو، بەڵام دلێری و قارەمانێتیی ئاریۆ و جەنگاوەرانی، لەشكری ئەسكەندەری بە تەواوی شپرزە كرد، تا رادەی ئەوەی ئەسكەندەر دەرگای سازش و گفتوگۆی لەگەڵدا كردەوە. ئاریۆ بەرزەن باوەڕی بە داكۆكی كردن لە سەروەریی خاكی نیشتمان هەبوو، بۆیە بەدەم بەڵێنی ئەسكەندەرەوە نەچوو، ئاریۆ بەرزەن تا دوایین هەناسەی ژیانی شانبەشانی جەنگاوەرانی دلێر و نەبەزیو دژ بە ئەسكەندەر جەنگا، بۆیە فەرماندە مەزنەكەی مەكەدۆن گوتی: «ئەگەر دارا وەك ئاریۆ بە شەڕ بەرەنگارم ببوایەتەوە، هەرگیز دەستم بە سەر رۆژهەڵاتدا نەدەگرت.»
دەكرێ پەیامی ئەو پیشانگایە بكرێتە پرۆژەیەكی گەورە، كە لە رووی مێژوویی و شارستانی و هونەر و گەشتیارییەوە، وەك سەروەرییەكی كوردستانی نیشتمان سوودێكی زۆری لێ ببیندرێت، كەسانی پسپۆڕ دەتوانن پلانی سەرمایەگوزاری لە شەڕی گۆگمێلا دابڕێژن، ئەو رووداوە مەزنەی مێژوو كە لە كوردستاندا قەوماوە، هی ئەوەیە كوردستان وەك میراتێكی شارستانی لێی بڕوانێت و رەفتاری لەگەڵدا بكات.
Top