سیهام شریتی:بەداخەوە ئێستا هەندێك كەس سینەما و شانۆ لە دەرەوەی ریتمی ژیان دادەنێن
* سەرەتای كاری هونەریت چۆن بوو؟
- لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لەسەر تەختەی شانۆ وەستام ئەویش بەهاندانی هودای خوشكم كە كەسێكی چالاكە و لە رێگای ئەوەوە خۆشەویستیم بۆ هونەر زیاتر بوو كە خاوەنی پەیامێكی مرۆڤایەتییە، خوشكم رۆڵێكی گرنگی لە ژیانی هونەریمدا هەیە و بە هاندانی ئەو توانیم هاوسەنگییەك لەنێوان كاری هونەری و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانكۆ لە بواری كۆمەڵناسی بەدەست بهێنم، ئێمە پێویستییەكی زۆرمان بە هونەر هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن واقع و مەینەتی و خەونەكانی خۆمان بخوێنینەوە.
* بینەری رۆژهەڵاتی لە سینەما پێویستی بە چی هەیە؟
- بینەر پێویستی بەوە هەیە كە سینەما لە قاڵبێكی داهێنەرانەدا و بەبێ ئیستفزاز كردنی بەها و مەرجەعە كۆمەڵایەتییەكانی، دەربڕی مەینەتی و واقعی ژیانی بێت.
* بۆچی سینەمای مەغریبی بەوە ناسراوە كە بۆ سەركەوتن پشت بە وروژاندن دەبەستێت؟
- وروژاندن و خۆ رووتكردنەوە لە كۆڵەگەكانی سەركەوتن نین، بەتایبەتی لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكاندا، ئەوەی ئەم رێگایە بگرێت، تەنیا مەبەستی قازانجی ماددییە نەك داهێنان وخزمەتكردنی مرۆڤایەتی، لە سینەمای مەغریبییشدا وەك هەموو وڵاتانی دیكەی عەرەبی كەسانێك هەن كە دەیانەوێ بۆ ناوبانگ دەرخستن و سوودی ماددی هونەر بقۆزنەوە، خۆیان لە پشت درووشمی (سینەما رەنگدانەوەی واقع) شاردۆتەوە، سوپاس بۆ خودا ئەمانە ئەمانەش لە مەغریب ژمارەیان كەمە و لە پەنجەی دەست زیاتر نین و لەلایەن گەورە و بچووكەوە ناسراون، واتە ئەمانە بنكەی سینەما نین، بەڵكو چەند حاڵەتێكی نامۆن
* پەشیمان نیت لەوەی كاری نواندنت هەڵبژاردووە؟
- نەخێر پەشیمانیش نابم، چونكە نواندن رێگایەكی بەرزی دەربڕینە، ئەوەی لە نواندن زیاتر سەرنجم رادەكێشێ بە لایەنە دەروونی، كولتووری و مرۆڤایەتییەوە عەشقی منە بۆ لە ئەستۆ گرتنی بەپرسیارێتیی رۆڵی ئەو كەسایەتییەی كە بە من دەسپێردرێت.
* ئایا دیدی جەماوەر بۆ خانمی ئەكتەر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت؟
- بێگۆمان بەپێی رۆڵی ئەو كەسایەتییە كە خانمە ئەكتەرەكان پێشكەشی دەكەن دەگۆڕدرێت، بەتایبەتی لەلایەن بینەری رۆژهەڵاتییەوە.
* ئایا ململانێ و ناكۆكیی راستەقینە لە نێوان خانمە ئەكتەرەكاندا بوونی هەیە؟
- ناتوانین نكۆڵی لە بوونی ركابەریی لە نێوان خانمە ئەكتەراندا بكەین، ئەمەش سروشتی مرۆڤە و هەموو كەسێك هەیەتی لە هەموو بوارەكان ژیان كە هونەریش یەكێكە لەو بوارانە، بەڵام ركابەریی راستەقینە لە هونەردا سەختترین رێگای بەردەم خانمە ئەكتەرەكانە بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەكی بەدەست بهێنێت.
* هونەرمەندە لاوەكان چۆن لە هونەرمەندە بە ئەزموونەكان دەروانن؟
- هونەرمەندە بە ئەزموونەكان ئەوانەن كە بە داهێنان و خزمەت كردن بزوتنەوەی هونەرییان دەوڵەمەند كرد، ئێمەی گەنجان پێویستە نغرۆی دەریای پڕ ئەزموونی ئەوان ببین و لەسەر هەمان رێبازی ئەوان بڕۆین و سوود لە ئەزموونە زیندووەكانیان وەربگرین.
* چۆن هونەرمەند دەتوانێت ببێتە ئاوێنەی جەماوەر؟
- هونەر كارێكە كە هەستەكانی مرۆڤ دەبزوێنێ و بەشێوەیەكی زۆر كاریگەرییان تێ دەكات، پێویستە هونەرمەند هاوتەریب لەگەڵ داخوازییەكانی جەماوەردا كار بكات، بەجۆرێك كە هەر تاكێكی كۆمەڵگە هەست بكات كە هونەرمەند دەنگی خەم و ئازار و ناخۆشی و خۆشییەكانییەتی و وەك ئاوێنەیەك خۆیی تێیدا ببینێتەوە.
* ئایا هونەرمەندان توانیویانە لە رێگای كارە هونەرییەكانیانەوە دەربڕی پێداویستییەكانی جەماوەر بن؟
- ناكرێ نكۆڵی لەهەوڵ و كۆششە بێوچانەكانی ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندە گەورەكان بكەین، كە بە جۆرێك دەربڕی خواستەكانی بینەر بێت وەك سەربازی ون بۆ پێشخستنی هونەر هەوڵیان دا، بەڵام رووبەڕووی هەندێك مشەخۆری بەرژەوەندیخواز بوونەوە، كە هۆكاری سەرەكین لە دابەزینی ئاستی هونەر، بەداخەوە ئەمەش بووە بەربەستێك بەرامبەر بە هونەر بۆ ئەوە وەك پێویست پەیامەكەی نەگات.
* وەك خانمێكی هونەرمەند گرنگترین ئەو ئاستەنگانە چین كە رووبەڕووت دەبنەوە؟
- من هونەرمەندێكی خاوەن پەیامی مرۆڤایەتیم و پابەندم بەم پرەنسیپەوە، ئەمەش زۆر كات ئاستەنگی بۆ درووست كردووم.
* مەغریب لە بواری هونەر لە ریزی وڵاتە پێشكەوتووەكانە، ئایا جەماوەر وەك پێویست پێشوازی لە كارە هونەرییەكانتان دەكەن و رێزیان لێ دەگرن؟
- سوپاس بۆ خودا لە میانەی ئەزموونی هونەریی خۆمدا لە بواری نواندن، هەمیشە جەماوەر بە رێز و تەقدیرەوە پێشوازییان لە كارەكانم كردووە، گەلی مەغریب بە گشتی رێز لە داهێنان و داهێنەران دەگرێن و باوەشیان بۆ هونەرمەندان كراوەیە، ئەمەش قەرەبووی كۆشش و ماندووبوونی هونەرمەندان دەكاتەوە.
* ئایا سینەمای مەغریبی توانیویەتی پەیامی خۆی بگەیەنێت؟
- پێموا نییە سینەمای مەغریبی توانیبێتی پەیامە مرۆڤایەتییەكەی خۆی بگەیەنێت، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە نەبوونی بودجەی بەرهەمهێنان كە كاریگەریی نەرێنیی كرۆدتە سەر ئاست و قەبارەی بەرهەمە سینەماییەكان، سەرەڕای ئەمەش هەوڵی زۆر هەبوون كە دەرەنجامەكەی ژمارەیەك كاری هونەری ئاست بەرزی لێ كەوتۆتەوە.
* لە زۆربەی وڵاتان گلەیی لە كەمیی جەماوەری سینەما و شانۆ دەكرێت، هۆكاری دووركەوتنەوەی جەماوەر لە كاری هونەری چییە؟
- ئەو بارودۆخە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، هۆكاری گۆڕانی كارە لە پێشینەكانە، هەروەها تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا كاریگەرییان لەسەر جۆری پێداویستییەكانی خەڵكیش كردووە، ئەمەش هۆكارێكە كە جەماوەر لە كاری هونەری دوور بكەوێتەوە، جا ئەو كارانە سینەمایی، یان شانۆیی بن، لە هەموویشی مەترسیدارتر كەسانێكن كە ئێستا سینەما و شانۆ كە بە باوكی هونەرەكان ناسراوە، ئەوان لە دەرەوەی ریتمی ژیانی ئێستای دادەنێن.
* دوایین كاری هونەریت چی بووە؟
- دوایین كارم بەشداریكردن بوو لە فیلمی ئەمریكی (كوشتنی مەسیح) لە ساڵی 2015 كە لە دەرهێنانی كریستۆڤەر مانویل بوو، دواتر بە هۆی منداڵبوونەوە دابڕام بۆ ئەوەی كاتێكی زۆر بۆ كچەكەم تەرخان بكەم، ئێستا بە هاندانی كەسوكارم بەتایبەتی هاوسەرەكەم، بڕیارمدا بەم زووانە دەست بەكاری هونەریی بكەمەوە و لەم رووە چەند كارێكم پێشكەش كراوە،منیش ئێستا دیراسەیان دەكەم بۆ ئەوەی شایستەترینیان هەڵبژێرم.