بریانكا رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە
بریانكا چەند وێنەیەكی ئاهەنگی 37یەمین ساڵیادی لە دایكبوونی خۆیی بڵاوكردەوە، لەگەڵ هەر یەكە لە هاوسەرەكەی گۆرانیبێژی ئەمریكی نیك جۆسان و دایكی مادۆ شوپرا و كچی مامی بارینیتی شوپرا، بەڵام بە هۆی جگەرەكێشانەوە بەشێكی زۆر لە هەواداران و جەماوەری شوپرا رەخنەیەكی زۆریان لەو ئەستێرەیەی بۆلیۆد گرت، یەكێك لەو وێنانەی كە مایەی مشتومڕ بوو، ئەوەبوو كە تێیدا شوپرا و دایكی جگەرە دەكێشن و هاوسەرەكەی بە سەر سوڕمانەوە سەیریان دەكات.
زۆر لە هەوادارانی شوپرا لە كۆمێنتەكانیاندا لەسەر دووپاتیان كردەوە كە جۆرێك لە دووڕوویی بەخۆیەوە دەبینێت، چونكە بریانكا بەوە ناسراوە كە نەخۆشیی رەبۆی هەیە، هەروەها زۆر جار بەشداریی لەو هەڵمەتانەدا كردووە كە وشیاركردنەوە لە یاریی ئاگرینەكان لە كاتی ئاهەنگەكاندا ئەنجام دەدرێن، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی ئەوەیە كە بریانكا جگەرە بكێشێت.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە ساڵی رابردوو بریانكا بەشێك بوو لە هەڵمەتێك دەربارەی ئەوەی كە چۆن نەخۆشی رەبۆ بۆتە هۆكارێك كە ئەو نەتوانێت زۆر لە خەون و ئاواتەكانی بەدەست بهێنێت، هەروەها پاڵپشتیی لە هەڵمەتەكانی قەڵاچۆكردنی پیسبوونی ژینگە و ئەنجامدانی یاریی ئاگرین لە كاتی ئاهەنگەكانی بوك گواستنەوەدا ئەنجام دەدرێن.
توڕە بوونی جەماوەر تەنیا لەبەر جگەرە كێشانە نەبوو، بەڵكو رەخنەی ئەوەشیان ئاراستەی كرد كە لەو كاتەی وڵاتی هیندستان رووبەڕووی لافاوێكی گەورە و وێرانكەر بووەتەوە، بەتایبەتی لە هەرێمی ئەسام، كەچی بریانكا بێ باكانە بەو شێوەیە و بە ئاشكرا ئاهەنگی لەدایكبوونی خۆی ئەنجام دەدات.