كورتە باڵاكانیش خاوەن توانا و بەهرەی زۆرن بەتایبەتی لە بواری هونەر
* كارەكانی ئێوە لە چ چوارچێوەیەكدان؟
- من سەرۆكی گرووپی كورتەباڵا كانم بۆ چالاكیی رۆشنبیری و هونەری، ئێمە دەمانەوێ لەم رێگەیەوە خزمەت بكەین و نیشانی دەین كە ئێمەش خاوەنی تواناو بەهرەی خۆمانین. گروپەكەمان لەسێ ئەندام پێك هاتووە كە هەموومان كورتە باڵاین .
* ئایا پێشتریش كاری هونەری ونمایشی دیكەتان هەبووە؟
- بەڵێ، من لە رابردوو لە شارەكانی كەركووك و بەغدا و كۆیە لەگەڵ رێكخراوی ئەمەلی عێراقی كارم كردوە، بیرۆكەشمان هەیە لە تەوای شارەكانی كوردستان نمایشی شانۆی ئەنجام بدەین و تواناكانی كورتەباڵا كان نیشانی هاوڵاتیان بدەین، بەتایبەتی لە بواری هونەری نواندا.
* ئایا لایەنێك هەیە هاوكاریتان بكات؟ بەتایبەتی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان هیچ هاوكارییەكتان دەكەن؟
-بەڵێ، زۆر جێگای دەستخۆشییە كە كاك عومەر جەبار سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان هاوكاریمان دەكات، بەداخەوە جگە لە بەڕێزیان و كۆمەڵەی كورتە باڵاكان هیچ كەس و لایەنێكی دیكە ئاوڕی لێ نەداوینەتە و دەستی هاوكاریی بۆ درێژ نەكردووین.
* لە داهاتوودا بەنیازی چ كارێكن و دەتانەوێ چ بەرهەمێك پێشكەش بكەن؟
- ئێمە لە كاری نمایشی خۆمان بەردەوام دەبین بۆدەرخستنی توانای جەستەیی و بیركردنەوەی كورتەباڵاكان، بەڵام پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و حكومەت دەستی هاوكاریمان بۆ درێژ بكەن، تا كارەكامان بەرەوپێش ببەین.
* وەك سەرۆكی ئەم گرووپە هونەرییەی تایبەت بە كورتە باڵاكان ئامانجتان لە دامەزراندنی ئەم گرووپە چییە؟
- بە شێوەیەكی گشتی ئامانجمان ئەوەیە بە هەموولایەك بڵێین ئێمش هەین، لەماڵەوە دانەنشین و بێیەنە دەرەوە، چونكە خەڵك قسەی ناخۆش دەكات و بەكەم سەیردەكرێین، ئامانجمان نەهێشتنی ئەم جۆرە بیركردنەوانەیە، دەمەوێ ئەوە نەهێڵم، ئێمەش كەسانی بەهرەمەند و بە توانامان هەیە.
* پێشوازیی جەماوەر لە كارەكانتان چۆنە، ئایا لەو ئاستەیە كە ئێوە پێشبینیتان دەكرد؟
- سوپاس بۆ خوا زۆر باشە وخەڵك دەستخۆشیمان لێ دەكات، من خۆم كارو چالاكی ئەنجام دەدەم، بەڵام كارەكانمان شاردراوەتەوە، كەس پێمان ناڵێ ئایا ئێوە هیچ بەهرەیەكتان هەیە؟ لە كاتێكدا كورتە باڵاكان بەهرەمەندن، هەمانە گۆرانیبێژ، هەمانە وێنەكێشە، هەمانە مۆسیقاژەن، داواكارم لە هەموو لایەك بەتایبەتی میدیاكانی كوردستان وەك پێویست هاوكاریمان بكەن و ببنە هۆكارێك بۆ ئەوەی خەڵك ئاگاداری كار و چالاكییەكانمان بن، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی گۆڤاری گوڵان بكەم بۆ بەسەركردنەوە و بایەخدان بە ئێمەی كورتەباڵا، هیوادارم سەركەوتووبن.