چیمەن رەحمانی:ژنانی گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی كوردستان ناتوانن بە تەنیا لەسەر ستێج گۆرانی بڵێن
بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی ئافرەتان، زیاتر لە رێگای گرووپە هونەرییەكانەوە گۆرانی دەڵێن، لەم بارەوە چیمەن دەڵێ: «كاركردن لەگەڵ گرووپی میوزیكی زۆر باشە، نەك تەنیا بۆ گۆرانیبێژ، بەڵكو بۆ ژەنیارەكانیش زۆر باشە، چونكە كاركردن لەگەڵ گرووپێكی میوزیكیدا ئەزموونێكی زیاتر بە گۆرانیبێژ دەبەخشێت، كە رەنگە بە تەنیا نەتواندرێت ئەو ئەزموونە كاركردنە بە كۆمەڵە ببیندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەك لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەتەنیا ئەزموونێكیان لە بوارەكەی خۆیاندا هەیە، دواجار ئەم ئەزموونە لە خزمەت گرووپەكە بەكار دێت و هەموو بەیەكەوە كارێكی جوان ئەنجامدەدەن، هەمیشە كاری گرووپی باشترە، هۆكاری ئەوەی كە من كاری گرووپی كەمتر دەكەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە كرماشان ئەو گرووپە نییە، كە من بتوانم لەگەڵیان كار بكەم، مەگەر لە تاران بژیم، هەڵبەتە گرووپی زۆر باش هەیە، بەڵام من ئێستا لە كرماشان دەژیم و سەختە لەگەڵ گرووپێك لە دەرەوەی كرماشان كار بكەم، بۆیە من هەوڵمداوە بە تەنیا كار بكەم، بەڵام هەمیشە كاری گرووپیم پێ باشتر بووە».
چیمەن رەحمانی سەبارەت بە كێشە سەرەكییەكانی ئافرەتانی هونەرمەند دەڵێ: «تەنیا كێشەی ژنانی گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەیە، كە ناتوانن بە تەنیا لەسەر ستێج گۆرانی بڵێن و كۆنسێرت پێشكەش بكەن، چونكە حەرامە و نابێت بە تەنیا گوێت لە دەنگی ژن بێت، ئەمە كاریگەریی خۆی هەبووە، ناتوانین ئەلبوومی گۆرانی بەبێ مۆڵەتی دەزگا رۆشنبیرییەكانی ئێران بڵاوبكەینەوە، ئەگەرنا ئێستا لە رۆژهەڵات كێشەیەكی دیكە نییە ژنانی هونەرمەند پێوەی گیرۆدە بن، تەنیا ئەوە نەبێت كە هەندێ بنەماڵە هەیە رێگە بە كچیان نادەن گۆرانی بڵێن و بێنە نێو كاری هونەرییەوە، ئەمەش زۆر كەم بووەتەوە و لەسەر فەرهەنگ و رۆشنبیریی ئەو بنەماڵەییە خۆی دەوەستێت».
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گۆرانی وستایل بە شێوازی نوێ، لە ئێستادا گەنجان روویان لە گوێگرتن لەستایلە نوێیەكان كردووە، چیمەن رەحمانی بەم شێوەیە رای خۆی سەبارەت بەم بابەتە دەڵێ: «ئێستا بەشێكی زۆر لە گەنجەكانی رۆژهەڵات زیاتر گوێ لە گۆرانیی مۆدێرن دەگرن، حەزیان لەم ستایلە نوێیانە هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە ئیدی دەستیان لە میوزیكی و گۆرانی رەسەن هەڵگرتووە، چونكە میوزیك و گۆرانیی رەسەن، سەروەتێكی نیشتمانییەو دەبێت دەستی پێوە بگرین، گۆرانیی رەسەن سیمبوڵی نەتەوەیەكە، گۆرانی رەسەن دەبێت بمێنێت و رێزی لێ بگیرێت، ئەمەش دەبێت لە رێگەی دەزگا راگەیاندنەكان و لایەنی پەیوەندار بە كولتوور و فەرهەنگ كاری لەسەر بكەن و گرنگی زیاتری پێ بدەن».
چیمەن پێیوایە كە پەیدا كردنی بژێوی ژیان لە رێگای هونەرەوە زەحمەتە، لەو بارەیەوە دەڵێ: «بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هونەرمەند ناتوانێ بە هونەرەكەی بژی و بژێوی ژیان دابین بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندی كورد، پارەیەكی یەكجار زۆر لە ئەلبوومێكی گۆرانی و كلیپەكانیدا خەرج دەكات، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێكی لە رێگەی ئەم ئەلبوومەوە بەدەست بگاتەوە، كەواتە پارەی بژێوی ژیانی خۆیشی لەسەر هونەرەكەی دادەنێت، من ئێستا بیر دەكەمەوە، كە ئایا هیچ ژنە هونەرمەندێك هەیە لەرێگەی هونەرییەكەوە بژی؟ من لەو باوەڕەدا نیم و زەحمەتە هەبێت، بەداخەوە ئەمە تەنیا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا وایە و لە كۆمەڵگەكانی دیكە بەمشێوەیە نییە».
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا كە تاچەند تەكنەلۆژیا لە نێو هونەر و میوزیك و گۆرانیی كوردی سوودی لێ وەرگیراوە؟ دەڵێ: «هەڵبەتە تەكنەلۆژیا لە هەندێ كاری هونەرییدا بەكارهاتووە و سوودی لێ وەرگیراوە، ئێستا دەتواندرێت گۆرانییەكان بەشێوازێكی باشتر و بە كوالێتی زۆر بەرزەوە تۆمار بكرێن، میوزیكژەنەكان دەتوانن زۆر باش سوود لە كەتنەلۆژیای تۆماركردن وەربگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێك شوێندا زیانی بە هونەر و هونەرمەندان گەیاندووە، چونكە بەشێك لەو گەنجانەی دەنگیان خۆش نییە، لە رێگەی تەكنەلۆژیاوە دەستكاریی دەنگیان دەكرێت و ئەداو كاری دیكەی پێ دەكەن، ئەمەش دواجار گۆرانیبێژان تەمبەڵ دەكات و زیاتر پشت بەدەزگا و تەكنەلۆژیا دەبەستێن».
لە كۆتاییدا دەربارەی گوێگری گۆرانییەكانی خۆی دەڵێ: «من نازانم ئایا لە هەموو تەمەنەكانەوە گوێگرم هەیە یان نا، بەڵام من هەموو كارەكانی خۆم بە بیروباوەڕێكی بەهێزەوە پێشكەش دەكەم، هەموو هێزو توانای خۆم لە كارەكانمدا بەكاردەهێنم، بۆ ئەوەی بتوانم ئەو پەیامەی كە دەمەوێت بە گوێگران و هۆگرانی میوزیك و گۆرانیی كوردی بگەیەنم، هەندێ جاریش گلەییم لێ دەكرێت، كە دەڵێن بۆچی دووكاری عاشقانە ناكەی، یان بۆ بەرهەمی شادو هەڵپەڕكێت نییە، بەڵام من هەمیشە دەمەوێت لە گۆرانییەكانمدا پەیامێكی مرۆڤایەتیم هەبێت، یەكەمین كارم لەسەر گیروگرفتەكانی ژنان بوو لە كۆمەڵگە، دوایین كاریشم گۆرانییەك بوو، كە بۆ نزیككردنەوەی لوڕ بووە لە كورد، كە دەمەویست پێیان بڵێم، كە لوڕ و كورد یەك نەتەوەین و جیاواز نین، بۆیە گۆرانییەكانی من هەموو پەیامدارن.