كاریگەریی مۆسیقا لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
لەم رۆژانەدا لە دەڤەری بارزان، لەناو سروشتی رازاوە و دڵڕفێن، لەناو ژینگەیەكی پارێزراودا، بەشداریی چالاكییەكی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری بارزان بووم و لەوێ سمینارێكم لەسەر رۆڵی مۆسیقا لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا پێشكەش كرد، بەشداربووانی دیكەی هونەری و ژینگەپارێزانیش، هەر یەكە و بە شێوازی خۆی بەشداریی سمینار و گەشتەكەیان كرد، لەوێ هونەر و ژینگە ئاوێتەی یەكدی بوون و مایەی ئاسوودەیی بەشداربووانیش بوو.
ئەو رۆژە بیرەوەریم بۆ سەردەمی منداڵیم گەڕایەوە، كاتێك دەروێشەكان لە سرووتی تایبەتدا بە دەفژەنینەوە خەریكی زیكر و تەهلیل دەبوون، تا دەگەیشتنە قۆناغێك كە ئەوەندە گەرم دەبوون، ئاگایان لە خۆیان نەدەما و زەرگیان لەخۆیان دەدا، شووشەیان دەكرۆشت و تیخ و شمشێریان بە خۆیاندا دەهێنا، بێ ئەوەی ئازاری كەس بدەن، بەڵام ئەو سرووتە تایبەتەی دەروێشان كاریگەریی بۆ سەر دەروونی منداڵان دەبوو، دەبووە مایەی ترس و دڵەڕاوكێ، بەتایبەت كاتی زەرگلێدان و شووشە كرۆشتن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا جۆرێك رەگی توندوتیژیی لە منداڵاندا دەچاند و زەینی بەلای شمشێر و چەقۆ و خوێندا دەبردن.
ئەگەرچی لەو سرووتە تایبەتانەدا دەف وەك ئامێرێكی بنەڕەتیی مۆسیقا بەكار دەهێنرا، بەڵام چونكە شێوازی بەكارهێنانەكە بۆ هونەر و چێژی هونەری نەبوو، دواجار كاریگەریی توندوتیژی بۆ سەر دەروون و هزری منداڵان دەبوو، كە رەنگبێ بە درێژایی تەمەن ئەو هزرەیان هەر لەگەڵدا مابێتەوە.
هونەرە جوانەكان بەگشتی و مۆسیقا بەتایبەتی، هەر لە كۆنەوە كاریگەرییەكی زۆریان بەسەر مرۆڤەوە هەبووە، لە هەر چالاكییەكی زیندەگی، یان كۆمەڵایەتی، یان لە هەر سرووت و رێوڕەسمێكدا، تەنانەت لە شەڕ و تۆماركردنی داستان و جوامێرییەكانیشدا مۆسیقا (شمشاڵ، دەف، ساز و نای و تەنبوور و عوود...هتد) بەكار هاتوون و لە تۆماركردنی سەردولكە و حەیران و لاوك و مەقام و بەستە و هۆرە و سیاچەمانە، مۆسیقا توخمێكی سەرەكی بەرهەمەكە بووە، بەمەش دەروونەكانی ئاسوودە كردوون و باری خەمی سووك كردوون، وەر حیكایەتخوانێك مێژوو و كولتووری گێڕاوەتەوە. زۆر داستان و سەربردەی مێژوویی هەن، لە رێی هونەرەوە ماونەتەوە و مێژووێكی نەنووسراویان لە لەناوچوون پاراستووە. بۆیە مۆسیقا تەنیا توخمێكی خۆشی ئامێز نییە، بەڵكو مایەی ئاسوودەیی دەروون و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و گرژی و یەكترسڕینەوە بووە، ناكۆكەكانی لەیەكتر نزیك كردۆتەوە و مەودای دووریی نێوان نەتەوە و پێكهاتەكانی مرۆڤایەتیی لێك نزیك كردۆتەوە، بەمەش كۆڵەگەیەك بووە بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاشتیی مرۆڤایەتی. خۆ ئەگەر چاوێك بەو كۆمەڵگەیانە و ئەو گرووپ و رێكخراوانەدا بخشێنین كە هونەرەكان بە گشتی تیایاندا فەرامۆشكراو و بێزراوە، دۆزەخێكیان بۆ خۆیان و دەوروبەریان بنیات ناوە و رەواجیان بە توندوتیژی و یەكتر سڕینەوە داوە. جێی بەراوردكردنیش نییە لەگەڵ ئەو كۆمەڵگەیانەی كە گرنگیی بە زانست و هونەر و رۆشنبیری و دیموكراسی و یەكترقبوڵكردن دەدەن، كە وێڕای هەموو شەڕوشۆڕ و ئەو دۆخە دژوارانەی جیهاندا پێیدا تێپەڕ دەبێ، كەچی لای زۆرینەی خەڵك و كۆمەڵگەكان،هێشتا ژیان مانای خۆی هەیە و خۆشیی خۆی هەیە و جوانیی خۆی هەیە. لەم روانگەیەشەوە ئێمە لە كوردستان، بە هونەرەكانمان بەشداریی ژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئاسوودەیی مرۆڤەكان دەكەین و، هەموو هەوڵێكمان بۆ جوانكردنی ژیان و خۆشبەختیی پێكهاتەكانی كوردستانە.