لەتیفە: لە وڵاتەكەم هەڵمەتێك دژی من هەیە
لەم بارەوە لەتیفە نامەیەكی ئاراستەی جەماوەرەكەی كرد و تێیدا داوای لێبووردنی كرد و دووپاتی كردەوە، كە نازانێت هۆكاری رەتكردنەوەی كۆنسێرتەكانی چییە، بەڵام ئەوەی باسكرد كە ماوەی نۆ ساڵە پیلانی جۆراوجۆر دژی لەئارادایە، بەتایبەتی لە تونس.
لەتیفە لە نامەكەیدا كە لە ئەكاوەنتی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردۆتەوە دەڵێ: «جەماوەری خۆشەویستم لە وڵاتەكەم تونس، ئێوەم زۆر خۆشدەوێ، ئەوەی تا ئێستا پێی گەیشتووم هەمووی سەرەتا بە پاڵپشتی ئێوە بووە، بەڵام بەداخەوە هەست بەوە دەكەم كە هەڵمەتێكی دژایەتی كردنی من لە ئارادایە، كە سەرچاوە و هۆكارەكەی نازانم چییە و مەبەستیان لەو هەڵمەتە چییە».
لەتیفە لە پەیامەكەیدا ئەوەشی راگەیاند كە «ژمارەیەكی زۆری پلیتەكان فرۆشراون، ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانیی جەماوەر، هەرچەندە من هیوام كەم بووە، بەڵام لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ چارەسەر كردنی ئەو گرفتە كە بەبێ هۆكار لەلایەن كەسانێكەوە درووستكراوە، كە مەبەستیان زیان گەیاندنە بە من و كاروان و مێژووی هونەریم، ماوەی 9 ساڵە كەسانێك لە وڵاتی خۆم دەیانەوێ شكۆی من بشكێنن، من داوام لە وەزیری رۆشنبیریی تونس كردووە، كە هەوڵ بدەن بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە و داوام لێی كردووە كە هۆكاری ئەم جەنگە دەروونییە لەگەڵ من ئاشكرا بكرێت، چونكە من تەنیا خزمەتم بە وڵاتەكەم كردووە و لە هەموو روویەكەوە پابەندم بە یاساكانی وڵاتەكەم.»