یەك سێڵفی لەگەڵ رامبۆ بە هەزار دۆلارە
لە راپۆرتە هەواڵەكانی تۆڕی (فۆكس نیوز)ی ئەمریكیدا هاتووە، هەر كەسێك بیەوێت وێنەی سێڵفی لەگەڵ سیلڤستەر ستالۆن بگرێت، پێویستە بڕی 1000 دۆلار بدات لەو ئاهەنگەی كە بۆ باسكردن و گێڕانەوەی چەند چیرۆكێك دەربارەی ژیانی تایبەتی خۆی و ریكلامكردن بۆ نوێترین فیلمەكانی ستالۆن تێیدا ئامادە دەبێت، كە بریتییە لە بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی رامبۆ و پێشبینی دەكرێت كە سەركەوتنێكی بەرچاو بەدەست بهێنێت.
مەراسیمەكە لە هەردوو شاری لەندەن و مانچستەری بەریتانیا لە مانگەكانی ئاب و ئەیلوولی داهاتوو بە ناونیشانی (ئێوارەیەك لەگەڵ سیلڤستەر ستالۆن) ئەنجام دەدرێت، كە بریتییە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیی راستەوخۆ و ئێوارە خوانێك كە لە سێ جۆرە خواردن پێكدێت و چەند گرتەیەكی فیلمەكانی پێشووی نمایش دەكرێن، لە كۆتاییشدا مەزادێكی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی چەند كەلوپەلێكی تایبەتی ئیمزاكراوی ستالۆن ئەنجام دەدرێت.
رێكخەرانی ئەو مەراسیمە چەندین بڕگەی دیكەیان بۆ جەماوەر ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بەشداریی تێدا بكەن و نرخەكانیش لە 160 دۆلارەوە دەستپێدەكات، تا دەگاتە 1081 دۆلار، كە وێنەیەكی سێڵفیش لەگەڵ ستالۆن لەخۆدەگرێت.
لە دوای راگەیاندنی نرخەكان هەوادارانی ستالۆن هێرشێكی توندیان كردە سەری و رایانگەیاند، كە نرخەكان زیادەڕۆییەكی زۆریان تێدایە، بەتایبەتی بابەتی گرتنی وێنەی سێڵفی لەگەڵ ستالۆن، بۆ ئەم مەبەستە یەكێك لە هەوادارانی نووسیبووی: «ناچارم گورچیلەكانم بفرۆشم بۆ ئامادەبوون لەو ئێوارەیە».
لەلایەن خۆیەوە كۆمپانیای رێكخەری ئێوارەیەكە رایگەیاند كە نرخی وێنەگرتنەكە زۆر ئاساییە، چونكە ئامادەبوونی ئەستێرەكان بۆ بەریتانیا كارێكی ئاسان نییە و ئەوان پابەندن بە ئامادەكردنی تەنیا 150 كەس و پێشتریش ئەم كارەیان لەگەڵ ئارنۆڵد شوارزنیجەر ئەنجامداوە.