هونەرمەندی شێوەكار نەورۆز شەهاب: هونەری رە نگ واتا دەرخستنی سێبەری پشت رەنگەكان لە ناو جەستەی تابلۆدا

هونەرمەندی شێوەكار نەورۆز شەهاب:  هونەری رە نگ واتا دەرخستنی سێبەری پشت رەنگەكان لە ناو جەستەی تابلۆدا
هونەرمەند نەورۆز شەهاب ساڵانێكە لە بواری شێوەكاریدا كاردەكات و خاوەنی چەندین پیشانگەی تایبەت و هاوبەشە، هونەری وێنەكشان خولیاو حەزووی ئەو بووە، بۆیە لەسەرجەم بوارەكانی خوێندندا توانیویەتی پەرە بەو بەهرەیە بدات، هەربۆیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئەكادیمی فێری هونەری شێوەكاری ببێت، چووەتە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر بەشی شێوەكاری، دوایی لە ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان بڕوانامەی بەكەلۆریۆسی لە هونەری شێوەكار وەرگرتووە و ئێستاش خەریكی پرۆژەیەكی هونەری (دیواربەندی)یە بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان، بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە ژیانی هونەریی خاتوو نەورۆز بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

گفتوگۆ/ كامەران حاجی ئەلیاس
* سەرەتا دەمانەوێت كورتەیەك لە ژیانی هونەریت باس بكەیت، هەروەها بزانین چۆن تێكەڵ بە جیهانی هونەر بوویت؟
- من ناوم «نەورۆز شەهاب سوارە»یە و دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەكان و كۆلێژی هونەرەجوانەكانم بەشی وێنە كیشان - هەولێر، خۆڕسكانە هونەر لەگەڵمدا ئاوێتە بووە، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە هۆگری وێنەكیشان بووم، بۆیە لە گشت قۆناغەكانی خوێندندا چالاكیی هونەریم هەبووە، تا ئێستا خاوەنی حەوت پیشانگای تایبەتیی خۆمم و بەشداریی چەندین پیشانگای هاوبەشم كردووە، ئێستاش سەرقاڵی چەند پرۆژەیەكم.
* زۆربەی هونەرمەندان شێوازێكی تایبەت بە كاركردنی خۆیان هەیە، شێوازی كاركردنی نەورۆز خان چۆنە؟
- كارەكانم لەسەر شێوازیك رێچكە دەگرن، كە بتوانن روون و رەوان زمانی رەنگ و هێڵ دەربخەن، شێوازی ئەكادیمی شێوازیكی ئاسان نییە، چونكە پێویستی بە ئەزموون و شارەزایی زیاتر هەیە، لەبەر ئەوەی لەدەرخستنی شێوەكان و بەرجەستە و ئاوێتەكردنی رەنگەكان بە یەكترییەوە، پێویستی بە ماندووبوونیكی زۆرهەیە، هەر بۆیە لەسەر خودی هونەرمەندەكە و لەسەر دەوروبەریش كاریگەرییەكی بەرزی دەبێت.
* هونەری شێوەكاری لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
- باشی و خراپی و بەرەوپێشچوونی هونەر بە پلەی یەك دەگەڕێتەوە سەر خودی هونەرمەند، كە لەسەر چ بنەماییەك كارەكەی ئەنجام دەدات، من بەو هەژمونی لاساییكردنەوەیەی كە بێ تێگەیشتن لە كارەكە و لەسەر بنەمایەكی سەقەت بەشێك لە شێوەكاران كاری لەسەر دەكەن، زۆر پەست دەبم، ئەمەش كرچوكاڵییەكی زۆر دەبەخشێتە ئاستی هونەری لە كوردستان، بەڵام هونەرمەند و كاری باشیش هەیە، بەتایبەت لە بەشی شێوەكاری، بەڵام زۆر كەمن.
* ئایا مەرجە هەموو تابلۆیەك پڕ نهێنی و شاراوە بێت؟ واتە بۆ بینەران پێوستی بە شیكردنەوە بێت؟
- هونەری رەنگ واتا دەرخستنی سێبەری پشت رەنگەكان لە ناو جەستەی تابلۆدا، ئەگەر ئێمە نەتوانین شاراوەكان لە رێی رەنگ و تابلۆوە بۆ خەڵك روون بكەینەوە، ئەی گەورەیی و پیرۆزی و پەیامی هونەر لەچیدایە و خزمەتی كێی پێ بكەین؟ هونەر زانستێكی قووڵ و بێ كۆتایە، بۆیە پێویستە هەمیشە رەنگی تابلۆكان وەك وشەی پەرتووكەكان لە خزمەت خەڵك و كۆمەڵگەدا بن، بەڵام شێواز و تابلۆی تریش هەیە، كە هونەرمەند تەنیا بۆ خزمەتی خۆی بەكاری دێنێت، بەوەی كە تایبەمەندییە كەسیتیەكانی خۆی و ناخی خۆی لەسە ر تابلۆ هەڵدەڕێژێت، ئەوە شتێكی دیكەیە و پەیوەندیی بە هونەرمەند خۆیەوە هەیە.
* هونەرمەندی گەورە پیكاسۆ دەڵێت: «نیگاركردن رێگایەكی دیكەیە بۆ نووسینەوەی یادگارەكان» تاچەند لەگەڵ ئەو بۆچوونەی؟
- راستە رەنگ و وشە هەمیشە دەربڕی ناخ ودەربڕی شتە شاراوەكانن، رەنگ واتا دەرخستنی بوون لە ناو بوونێكی دیكەدا.
* لەنێوان بەهرە و ئەزموون، هونەرمەند نەورۆزخان خۆی لە كوێ دەبینێتەوە؟
- ئەزموون گەورەترین رێگای بەرەوپێشبردنی بەهرە و تواناكانە، ئەگەر ئەزموون و هەوڵدان نەبێت، بەهرەو هونەرو تواناكان كرچوكاڵ دەبن و بەرەو پووكانەوە دەچن، بەمانەیەكی دیكە هەردووكیان تەواوكەری یەكترن، ئەزموون فێری زۆر شتی كردم، بۆیە هەمیشە كارەكانم جیاوازییان لەگەڵ كاری پیشترم هەیە.
* ماوەیەكە سەرقاڵی كاری هونەری دیواربەندیت، دەكرێت ئاماژە بەو بیرۆكەیە بكەیت، كە چۆن وەرتگرتووە؟
- پڕۆژەی دیواربەندی بەدریژایی پتر لە ١٠٠ مەتر و بەرزیی ٣ مەتر لە میحوەری خازر بۆ برا پێشمەرگەكان بە پشتیوانیی خوا و بە هاوكاریی هاوڕێ و هاوژیانم «دەریا بابان» ئەنجام دەدەم، كە كارێكی خۆبەخشییە، بەڵام ئەركە ماددییەكەی بە هاوكاریی فەرماندەیی زێرەڤانی فەرماندە (لیوا عەزیز وەیسی)یە، پەنا بەخوا دوای تەواوبوونی ئەم كارەم لە رێوڕەسمێكی شایستەدا، پەردەی لەسەر لادەدرێت.
Top