دیانا حەداد: لە ئێستادا دەنگی خۆش و دەگمەن كە دیار و بەرچاو بن زۆر نین
دیانا پێی وایە هونەری گۆرانیوتن بەهرەیە بەر لەوەی مەشق و خۆماندووكردن بێت، چونكە ئەگەر كەسێك بەهرەی گۆرانیوتن و دەنگخۆشیی نەبێت، ئەستەمە بتوانێت هەوڵیش بدات. لەم بارەیەوە دەڵێ: هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیوتن بووم و هەستم دەكرد ئەو بەهرەیەم هەیە، بۆیە زۆر گرنگ نەبووە بۆ من ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاوم، رۆڵی هەبووبێت لەسەر پەرەپێدانی بەهرە و تواناكانی خۆم، چونكە بەهرە پشت بە ژینگە نابەستێت بەڵكو بەهرە لەگەڵ مرۆڤ لەدایك دەبێت، بەڵام رەنگە دەوروبەر كاریگەرییان هەبێت، ئەگەر كەسانی دەنگخۆش هەبن، بەتایبەتی ئەگەر لە خانەوادەكەت كەسانی دەنگخۆش هەبووبن، باوكم دەنگی خۆش بووە، ئەمەش رەنگە كاریگەریی لەسەر من هەبێت.
دیانا وەك زۆر لە هونەرمەندە لوبنانییەكان یەكسەر نەهاتۆتە نێو بواری گۆرانیوتن لە بارەی سەرەتاكانی هاتنە ناو بواری هونەری و دەركەوتنی دیانا دەڵێ: گۆرانیوتن خولیای منداڵیم بوو، حەزم دەكرد گۆرانی بڵێم و لە سەر تەختەی شانۆ دەربكەوم و بەشداری لە پێشبڕكێ هونەرییەكاندا بكەم، یەكەم دەركەوتنیشم لە كەناڵی (L.B.C) بوو لە چوارچێوەی بەرنامەی (ستۆدیۆ الفن) و بەشداریم لە چەندین ئاهەنگی گۆرانیدا كرد، بێ ئەوەی هیچ ئەلبوومێك بڵاوبكەمەوە، بەڵام بە شێوەیەكی فەرمی دەستپێكردنی كاری من وەك یەكەم ئەلبوومم لە ساڵی 1996 بوو بە ناوی (ساكن) و لەو كاتەوە تا ئێستا بەردەوامم .
دیانا بە زۆر شێوەزار گۆرانی وتووە و لەم بارەیەوە دەڵێ: من زۆر بە باشی شێوەزاری لوبنانی دەزانم، بۆیە جەماوەری كەنداو زۆریان پێخۆش بووە گۆرانییەكانیان بە دەنگێكی لوبنانی ببیستن كە زۆر بە باشی دەیڵێم، بە پێچەوانەوە هەمیشە داوام لێدەكەن گۆرانی زیاتر تەنانەت ئەلبوومی تەواویش بە شێوەزاری كەنداوی بڵێم، من ماوەیەكی زۆر لە كوێت بووم ئێستاش لە ئیمارات نیشتەجێم و دەزانم جەماوەری كەنداو چ جۆرە گۆرانییەكیان دەوێت بۆیە كاریگەریشیان هەبووە لەسەر ئەوەی بتوانم بە باشی بە شێوەزاری كەنداوی گۆرانی بڵێم، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە بە پلەی یەكەم جەماوەرە و تەنیا جەماوەر دەتوانێت هونەرمەند هەڵبسەنگێنێت.
دیانا حەداد رایوایە گۆرانیوتن گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و تەنیا چەند گۆڕانكارییەكی ئاسایی روویداوە، لەم بارەیەوە دەڵێ: رەنگە لە بواری دابەشكردنی گۆرانییەوە گۆڕانكاری تێدا دروست بووبێت و دەنگی زیاتریش پەیدا بووبن، هەروەها ئاستی گۆرانییەكانیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە ژمارەی هونەرمەندان لە هەردوو رەگەز زۆر بووە، بەڵام دەنگی خۆش و دەگمەن كە دیار و بەرچاو بن زۆر نین، بەڵام لە كۆتاییدا راستی هەر دیار دەكەوێ و دێتەوە سەر ئاراستەی خۆی و جەماوەر رێز لە هونەرمەندانی خۆی دەگرێت و دەتوانێت ئەوانەی لەسەر بنەڕەتێكی راست بنیادنراون و بە زیندوویی دەمێننەوە لەوانەی كە وەك با دێن و دەڕۆن جیا بكاتەوە .
دیانا تیشكی خستە سەر نزمیی ئاستی كاری هونەری لە ئێستادا و لەو بارەوە وتی: هونەر نزم نییە، بەڵكو هەندێك كەس هەن كە بەوەی پێشكەشی دەكەن وێنەی هونەریشیان ناشیرین كردووە و رزاندوویانە و بەردەوامیشن، ئەمەش بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵكو لە هەشتاكان و نەوەدەكان و تەنانەت پێشتریش ئەم دیاردەیە هەر هەبووە، هەمیشە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا كەسانی باش و خراپ هەن، بەڵام بەداخەوە لەم ماوەیەی دواییدا دەرفەتێكی زۆر بۆ ئەم دەنگانە (كە ناتوانین پێیان بڵێین هونەرمەندان) دەڕەخسێت، چۆن دەرفەت بە هونەرمەندان دیكە دەدرێت واتە ئەوانەی خاوەن بەهرە و هونەرێكی ئاست بەرزدان، بە هەمان شێوە بەمانەش دەدرێت، بۆیە هونەر گۆڕاوە و ئەو كەسانە وێنەی هونەریان شێواندووە.
سەبارەت بەو ئاواتە تایبەتیانەی دیانا حەداد كە تا ئێستا بەدی نەهاتوون، دیانا دەڵێ: پێموایە لە ژیانی مرۆڤ هیچ كاتێك هەموو ئاواتەكانی نایەنەدی، لەسەر ئاستی گشتی هیوادارم ئاشتی و ئارامی باڵی بەسەر دڵ و ماڵماندا بكێشێت، بەتایبەتی لە عێراق و لوبنان و فەلەستین، لەسەر ئاستی تایبەتیش لە خوا داواكارم بتوانم كچەكان بە پەروەردەیەكی ساغڵەم پەروەردە بكەم و سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنم لە سەرتاسەری دونیا نەك تەنیا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و هیوادارم ئەلبوومی داهاتووم زۆر سەركەوتوو بێت، چونكە زۆر پێوەی ماندوو بووم.
جگە لە گۆرانیوتن زۆر حەزی لە گەشت و وەرزشە بە هەموو جۆرەكانیەوە، ئەگەر كاتی بەتاڵی هەبێت، لەگەڵ دۆست و كەسە نزیكەكانی و ئەنجامدانی وەرزش ئەنجام بەسەری دەبات، هەروەها بەردەوام دەچێتە سینەما و ئەگەر پابەندبوونی دیكەی هەبێت لەكاتی بەتاڵی ئەنجامیان دەدات و زۆر حەزی لە خواردنی لوبنانییە بە شێوەیەكی گشتی وخواردنی چینی و هەندێك خواردنی چێشتخانە و خواردنی كەنداوییە، لە رەنگەكانیش حەزی لە رەنگە تۆخەكانە وەك رەشە، هەروەها حەز لە رەنگی سپی دەكەم كە پێچەوانەی رەشە لەگەڵ زەیتی و پەمەیی، سەبارەت بە وڵاتەكانیش دەڵێ: گشت وڵاتانی ئەوروپام خۆشدەوێت بەتایبەتی سویسرا و فەرەنسا، بێگومان لوبنانیشم زۆر خۆش دەوێت، هەر وڵاتێكیش تایبەتمەندێتی خۆی هەیە .