كوردستان لە دیدی هونەرمەندانی بیانییەوە
ئەحلام حەجی:
كوردستان بە وڵاتی خۆم دەزانم
لە یەكەم سەردانم بۆ كوردستان بە هیچ شێوەیەك هەستم نەكردووە كە من لە وڵاتێكی بیانیم، یان نامۆ بم، چونكە خۆشەویستی و رێزی خەڵكی ئەم شارە بۆ ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن، وەسف ناكرێت، لە یەكەم سەردانمدا بۆ ئەم وڵاتە هەمیشە هەستم كردووە كە وڵاتی خۆمە، بەتایبەتی شاری هەولێر، لەو شارەدا وای لێهاتووە خەڵكەكەی دەمناسن و رێزم دەگرن، ئەمەش یەكێكە لەو سیفەتانەی كە خەڵكی ئەم وڵاتە پێی ناسراون، من زوو زوو سەردانی كوردستان دەكەم، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە هەر جارێك سەردانی ئەو وڵاتە دەكەم هەست بە گۆڕانكارییەكی نوێ دەكەم، بەتایبەتی لە بوارەی پێشكەوتن و بیناسازیدا.
ئەحلام حەجی دەربارەی ئافرەتی كورد دەڵێ: بە راستی ئافرەتی كورد زۆر بەهێز و بەسۆزن، ئافرەتی كورد دایكێكە دەزانێت چۆن منداڵەكەی پەروەردە بكات، چۆنیش گرنگی بەهاوژین و میوانەكانی بدات، ئەمە ئێستا لە دونیای دەرەوە زۆر بەكەمی دەبیندرێت، چونكە ئەمان هیوای زۆریان بە ژیان هەیە. هەرچەندە ئافرەتی كورد بەدرێژایی مێژوو بە بارودۆخی زۆر سەختدا گوزەریان كردووە، بەڵام هەرگیز هێز و توانای خۆیان لەدەست نەداوە، من زۆر سەرسامم بە ئافرەتی كورد، ئەمەش لە رێگەی كارەكەمەوە بە هەموو جیهان دەگەیەنم.
راغب عەلامە:
لە دڵەوە حەز دەكەم لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بەشدار بم
ئەوەی زۆر سەرنجی راكێشام ئەو پێشوازییە گەرمەی خەڵكی هەولێر بوو بەتایبەتی رێزدار نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، بۆیە لە ناخی دڵەو سوپاسیان دەكەم، هیوادارم لە داهاتوودا سەردانی هونەرییش هەبێت و بتوانین پردێك لەنێوانماندا دروست بكەین و ئەم سەردانانە بەردەوام بن بۆ زیاتر ئاشنا بوون و تێكەڵی لە نێوان گەلی كورد و میللەتانی جیهان و خەڵك بێن و لە نزیكەوە هەرێم ببینن و ئاشنای ئەو پێشكەوتنە بەردەوامە بن كە بە هەوڵی بەردەوامی بەرپرسانی بەخۆیەوە دەیبینێت، من هەمیشە پشتگیریم لە كێشەی رەوای گەلی كورد كردووە و بەردەوامیش دەبم لەو پشتگیریكردنە، بۆیە لە دڵەوە حەز دەكەم بەشدار بم لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و سەر لەنوێ بونیاد نانەوەی.
مونا واسف: هیوادارم كوردســـــــتان زیاتر پێش بكەوێت
گەورە هونەرمەندی سوری و عەرەبی (مونا واسف) كە بەر لە چەند ساڵێك بە سەردانێكی فەرمی لە هەولێر بوو دەڵێ: زۆر خۆشحاڵم كە هەولێر گەیشتۆتە ئەم ئاستە و لە نزیكەوە كاروانی ئاوەدانكردنەوەی ئەم وڵاتە دەبینم، هیوادارم لەم كاروانە بەردەوام بن و وڵات زیاتر پێش بكەویت، ئەوەی زۆر خۆشحاڵی كردم میواندۆستیی خەڵكەكەیە، هەموویان منیان دەناسی و رێزێكی زۆریان دەگرتم، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە میللەتێكی زیندوو و هونەردۆستن، لە دڵەوە هیوای سەركەوتن و ئاوەدانی زیاتر و سەقامگیری بۆ گەلی كوردستان دەخوازم.
مەلەك كوچتۆبین:
خەڵكی كوردستان گۆرانی و مۆسیقایان زۆر خۆش دەوێت
من دوو جار سەردانی كوردستانم كردووە و لە هەردوو سەردانەكە هەستم بەوە كردووە كە وڵاتێكە لە زۆر رووەوە پێشكەوتووە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی هاتوونەتە رێگای، لەرووی هونەرییەوە هەستم كرد كە خەڵكی كوردستان گۆرانی و مۆسیقایان زۆر خۆشدەوێت و گوێچكەیان تینووی گشت جۆرەكان موزیكە بەتایبەتی موزیكی تەرەبی و رۆژهەڵاتی، لە هەولێر گۆرانی تونسیم گوت، شۆك بووم كە بینیم كاردانەوەیەكی زۆر جوانیان بۆی هەبوو و بە كولتووری تونسی سەرسام بوون.
لە رووی هونەرییەوە هونەری كورد رەسەنە، من یەكەم جار كە گوێم لە گۆرانیی كوردی بوو، خۆشم ویست، چونكە هونەرێكی پڕ لە مەقاماتی خۆشە، كە من خۆیشم عاشقی مەقامم.
میریام فارس:
كولتووری ئێمە و ئێوە لە یەكەوە نزیكە
من زۆر خۆشحاڵم و زۆریش شانازی بەوەوە دەكەم كە رۆژێك لە رۆژان توانیم سەردانی ئەم وڵاتە جوانە بكەم، من زۆرم دەربارەی ئەو وڵاتە و شارستانییەت و رەسەنایەتیی گەلەكەی بیستبوو، بۆیە بە تامەزرۆ بووم بۆ بینینی، شانازیتان پێوە دەكەم و هیوادارم لە سەردانی داهاتوومدا بتوانم فێرە زمانی كوردی ب،بم ئەگەر كەمێكیش بێت، چونكە كوردیش خاوەن كولتوورێكین كە ئێمە شانازیی پێوە دەكەین، من بەر لەوەی سەردانی هەر شوێنێك بكەم هەوڵ دەدەم زانیاریم دەربارەی هەبێت.
من كەسێكم زۆرم حەز لە ناسینی شارستانییەتە جۆراوجۆرەكانی میللەتان و فەرهەنگ و كولتووری میللەتان هەیە، بەتایبەتی كولتوورە رۆژهەڵاتییەكان و بە نزیكی دادەنێم لە شارستانییەتی وڵاتەكەی خۆم، بۆیە تامەزرۆ بووم بۆ سەردانی كوردستان و لە نزیكەوە ئاشنا بوون بە میللەتی كورد و كولتوورەكەی، گوێم لە گۆرانیی كوردی گرتووە و ریتمی گۆرانییە كوردییەكان زۆر سەرنجیان راكێشام و هەستم كرد تێكەڵییەكی زۆر هەیە لە میلۆدی و ریتمەكانی گۆرانی كوردی وەك ئەوەی لەلای ئێمە هەیە لە لوبنان، بەڵام زۆرم حەز لە موزیكی كوردی كردووە.