مەلەك كوچتۆبین: هونەر بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان نییە، بەڵكو بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكە
دیمانە/ خەلیل بلەیی
* دوو جار سەردانی كوردستانت كردووە، لە رووی هونەرییەوە تێڕوانینت بۆ ئەم هەرێمە چۆنە؟
- لە رووی هونەرییەوە هەستم كرد كە خەڵكی كوردستان گۆرانی و مۆسیقایان زۆر خۆش دەوێت و گوێیان تینووی گشت جۆرەكانی موزیكە، بەتایبەتی موزیكی تەرەبی و رۆژهەڵاتی، لە هەولێر گۆرانی تونسیم گوت، شۆك بووم كە بینیم كاردانەوەیەكی زۆر جوانیان بۆی هەبوو و بە كەلتووری تونسی سەرسام بوون
* هیچ زانیاریت دەربارەی هونەری كوردی هەیە؟
- هونەری كورد رەسەنە، من یەكەم جار كە گوێم لە گۆرانی كوردی بوو، خۆشم ویست، چونكە هونەرێكی پڕ لە مەقاماتی خۆشە، كە من خۆیشم عاشقی مەقامم.
* هەرچەندە لە پیشانگایەكی گەشتیاریدا بەشدار بووی، بەڵام كاردانەوەی ئامادەبووان لەگەڵ ئامێری قانون و ئەو گۆرانی و پارچە مۆسیقایانەی پێشكەشت كردوون، چۆن بوون؟
- بۆ من مایەی سەرسوڕمان بوو، بە راستی خۆشحاڵ بوون و كاردانەوەی ئەرێنییان بەو ستایلەی پێشكەشم كرد، مایەی باوەڕكردن نەبوو، مایەی خۆشحاڵی بوو بۆ من، لەمەشدا شتێكم بۆ روون بۆوە كە میللەتی كورد چێژ لە هونەر دەبینێ و ژیان و هونەری خۆش دەوێ و تینووی گوێگرتنە لە هەر شتێك كە پەیوەندیی بە كەلتووری مەغریبی و بیانییەوە هەبێت.
* وەك ژەنیارێكی قانون، ئایا كاردانەوەی گەنجان بەرامبەر بەم ئامێرە موزیكییە و گۆرانییە كۆنەكان چۆنە؟
- بێگومان گەنجان حەز لەم ئامێرە دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی زۆر نییە، چونكە پێیان وایە ئامێرێكی زەحمەت و ئاڵۆزە، بەڵام لە كاتی وانە وتنەوەم تێبینم كرد كە پەیوەندیم لەگەڵ گەنجەكان زۆر باشە و لە ئاستێكی بەرزدایە، زۆریشیان حەز دەكەن فێرە ئەم ئامێرە بن، بەڵام پێویستە كەسانی پەیوەندیدار بەتایبەتی مامۆستایان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی گەنجان بەشێوەیەكی ئاڵۆز سەیری ئەم ئامێرە نەكەن، چونكە ئەگەر ئارەزوویان هەبێت، ئەوا وەك ئامێرەكانی دیكەیە، بەڵام بە هەندێك تایبەتمەندییەوە.
* چۆن ئەو موزیك و گۆرانییانە هەڵدەسەنگێنی كە هونەرمەندە گەنجەكان لە ئێستادا پێشكەشیان دەكەن؟
- گەنجەكان حەزیان لە گۆرانییە كۆنەكانە و تینووی ئەو هونەرەن، بەڵام ئەمە پەیوەندیی بەو كەسەوە هەیە كە پێشكەشی دەكات و ئەو ستایلەی كە لە هونەری كۆندا پشتی پێ بەستراوە، ئەگەر لەرووی مۆسیقاوە ئەو هونەرە كۆنە بەشێوەیەكی جوان و هاوچەرخ پێشكەش بكرێت، ئەو كاتە گەنجان قبوڵی دەكەن و دڵیان پێی خۆش دەبێت.
* پێتوایە بە لای گەنجانەوە هونەری رەسەن و كۆن گرنگترە، یان نوێبوونەوە و كاری هاوچەرخ لە هونەردا؟
- هونەر و چێژ وەرگرتن لە هونەر لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، هەر كەسێك حەز لە ستایلێكی دیاریكراو دەكات و گوێی لێدەگرێت، بە بۆچوونی من هەر چەرخێك مۆسیقای تایبەت بە خۆی هەیە، زۆر كەس پێیانوایە كە مۆسیقای ئەم چەرخەی ئێستامان سادە و سەنگینە و بە قووڵی ناچێتە نێو وردەكارییەكانەوە، بەڵام من دڵنیام كە هەندێك گۆرانی لە ئێستادا هەن زۆر جار مایەی شەرمەزارین لەرووی جوانییەوە، دیسان دەیڵێمەوە كە هەر چەرخێك مۆسیقای تایبەت بە خۆی هەیە كە دەربڕی حەز و ئارەزوی نەوەی ئەو سەردەمەیە.
* تۆ خۆت زیاتر لە هونەری رەسەن، یان هاوچەرخدا دەبینییەوە؟
- رەسەن و هاوچەرخ هاوتەریبن، ئەگەر هونەرێك پێشكەش بكەی كە شایەنی رێزگرتن و چەپڵەلێدان بێت، جا كلاسیك، یان رۆمانسی، یان هاوچەرخ بێت، گەنجان ناچارن كاردانەوەی ئەرێنییان بەرامبەری هەبێت، چونكە لە راستیدا ئەمە پەیوەستە بە مەسەلەی فەنتازیا لە پێشكەش كردندا، نەك هونەری كۆن و نوێ.
* ئایا تەكنۆلۆجیا رۆڵێكی ئەرێنی، یان نەرێنی لەسەر هونەری رەسەن هەبووە؟
- بە بڕوای من تەكنۆلۆژیا لە رووی تەكنیكەوە سوودی زۆری بۆ هونەری رەسەن هەبووە، ئێستا دەتوانیت گوێ لە گۆرانییە كۆنەكان بگریت بە شێوەیەكی زۆر جوان كە بێزاركەر نییە، بەڵكو دابەشكردنێكی جوانی هەیە، هەرچەندە هونەری رەسەن خۆی لە خۆیدا جوانییەكی رەهای هەیە لە تێكست و ئاواز و ئەدا، ئەگەر تەكنۆلۆژیاشی بخەیتە سەر لە رووی گوێگرتن و بەكارهێنانی ئامێری رۆژئاوایی، یان نوێ ئەوا ئەو هونەرە رەسەنە مۆركێكی هاوچەرخی دەبێت.
* ئایا لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكاندا هونەرمەند دەتوانێت بژێوی ژیانی خۆی لە رێگای هونەرەوە پەیدا بكات؟
- من پێموایە بەڵێ، هونەرمەند دەتوانێت بژێوی ژیانی خۆی لە رێگای هونەرەوە پەیدا بكات، بەڵام ئەمە زەحمەتە و لە هەمان كاتدا مسۆگەریش نییە، بۆیە هەمیشە پێویستە هەوڵ بدات كە بژێوی ژیانی خۆی لە رێگایەكی دیكەوە پەیدا بكات و سەرمایەگوزاریی لە پیشەی هونەر، یان هەر پیشەیەكی دیكەدا بكات، چونكە كە تەمەنی هونەرمەند هەڵدەكشێت ناتوانێت وەك سەردەمی گەنجی كاری هونەری پێشكەش بكات، بۆیە هونەر درووست نەبووە بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیان، بەڵكو بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك و تێركردنی بەشێك لە ئارەزووەكانیانن، بەش بەحاڵی خۆم من مامۆستای كۆلێژم و بە هیچ شێوەیەك بۆ بژێوی ژیانی خۆم پشتم بە پیشەی هونەر و مۆسیقا نەبەستووە.
* ئایا گرنگترین ئەو ئاستەنگانەی لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتدا رووبەڕووی هونەرمەندان بەتایبەتی ئافرەتان دەبنەوە چین؟
- ئاستەنگەكان لە گشت بوارەكانی ژیاندا هەن، نەك تەنیا بواری هونەری، بۆ ئەوەی خۆت بسەڵمێنی پێویستە هەر لە سەرەتاوە هەوڵبدەی و رێگایەك بۆ خۆت دەستنیشان بكەی، چونكە هونەر خۆی ئاستەنگت بۆ درووست دەكات بۆ نموونە: لە بژاردە هەڵەكانی هونەرمەند، هەروەها لەوانەیە لە مەیدانی هونەردا چاوت بە هەندێك كەس بكەوێت كە بیانەوێ لە رێگای تۆوە ئامانج و خەونەكانیان بهێننە دی، بۆیە پێویستە هونەرمەند هەمیشە وشیار بێت، ئاستەنگەكان ناژمێردرێن، بەڵام ئەگەر ئامانجەكانی خۆت دیاری كرد و بەرگریت لێی كرد و بڕوات پێیان هەبوو، گشت ئاستەنگەكان لە بەرامبەر هێزی ئیرادە و بڕوابەخۆبوونت دەپووكێنەوە.