(هەڵوێست محەمەد) : لەمەودوا گۆرانیگوتن و نواندن دەبن بە دووانەیەكی دانەبڕاو لە ژیانی من
هونەرمەند (هەڵوێست محەمەد) كە رۆڵی سەرەكی و دیاری نێو فیلمەكەی بەرجەستە كردووە، لە میانەی لێدوانێكی دا تیشكدەخاتە سەرچەند لایەنێك لە كاری بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی «پەیكەری دڵ».
لە دەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەند هەڵوێست محەمەد گوتی: «فیلمی سینەمایی (پەیكەریی دڵ) ماوەی نزیكەی ساڵ و نیوێكە كاری ئامادەكاریی بۆ دەكرێت، لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (میترۆ نۆم و كام پرۆدەكشن) كاری بەرهەمهێنانی بۆ كراوە، فیلمەكە لە رووی ناوەرۆكەوە بابەتێكی كۆمەڵایەتییە و باس لە ژیانی هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ دەكات، چیرۆكی فیلمەكە لەلایەن (عەبدولغەفار عەبدوڵا) نووسراوە، هونەرمەند (شوان عەتوف) كاری داڕشتنەوەی سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە، بەشێوازێكی سەردەمییانە كاری بۆ كراوە لە هەموو رویێكەوە فیلمەكە بابەتێكی تازە دەبێت لە نێو سینەمای كوردیدا».
هەروەها (هەڵوێست) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی نمایشكردنی فیلمەكەوە گوتی: «لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە دەستكراوە بە نمایشی فیلمەكە، پێشوازییەكی دڵخۆشكەری هەبووە، سوپاس بۆ خوای گەورە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە، بۆیە بڕیاڕمان داوە درێژە بە نمایشەكان بدەین، تاوەكو بینەری هەبێت، نمایشەكان بەردەوام دەبێت، چونكە خواستێكی زۆر لەسەر بەدەستهێنانی بلیتەكانی نمایش هەیە، هەروەها لە چەند فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە چەند وڵاتێك وەرگیراوە و كێبڕكێ دەكات لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتەكانی نێو فیستیڤاڵەكان».
ناوەرۆكی فیلمەكە بەشێكی گۆرانی ئامێزە، لەبارەی گۆرانییەكان (هەڵوێست محەمەد) روونی كردەوە: « فیلمی سینەمایی پەیكەری دڵ بەشێوەیەكی گۆرانی ئامێز كاری بۆ كراوە، بەشێك لە گۆرانییەكان لەلایەن هونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) ئامادە كراوە، كە بە سوپاسەوە بەشێوەیەكی باش لەگەڵ بەرهەمەكە گونجاون، لەگەڵ بەشێك لەگۆرانییەكانی نێو فیلمەكە هەندێك لە بەرهەمی گۆرانییەكان هی خۆمن، سەرجەم گۆرانییەكانیش تازەن و بۆ ئەو فیلمە دروست كراون».
هونەرمەند (هەڵوێست محەمەد) لەبارەی ئەو ئەزموونەی لەو كارە سینەماییەدا پێیدا تێپەڕ دەبێت، كە ئایا ئەو بەرهەمە دەبێتە دەستپێك بۆ هاتنە نێو كاری نواندنەوە، یان تەنیا ئەزموونێكە و حەزی كردووە تاقی بكاتەوە؟ لەوەڵامدا گوتی : «من زۆر دەمێكە ئارەزووی كاری نواندنم هەبووە، دەتوانم بڵێم نواندن یەكێك بووە لە خەونەكانم، تەنانەت لەنێو كاری ڤیدیۆ كلیپەكانیشمدا هەوڵمداوە لە زۆربەیان خۆم نواندن ئەنجام بدەم، بۆیە فیلمی سینەمای «پەیكەری دڵ» بوو بە وێستگەیەك لە نێو ژیانی هونەریم بۆ ئەوەی لەمەودوا لەگەڵ كاری سینەمادا وجوودم هەبێت، ئیدی لەمەودوا گۆرانیگوتن و نواندن دەبن بە دووانەیەكی دانەبڕاو لە ژیانی من».
لە كۆتایی قسەكانیدا (هەڵوێست محەمەد) لەبارەی سازدانی مەراسیمێكی تایبەت بۆ نمایشكردنی فیلمەكەیان ئەوەشیی باسكرد كە پێشتر بەنیازی ئەوە بوون مەراسیمێكی تایبەت بۆ كردنەوەی نمایشی فیلمەكە لە هەولێری پایتەخت ساز بكەن، بەڵام ئەو شوێنەی بەنیاز بوون مەراسیمەكەی تێدا ساز بكەن ئامادە نەبوو، گوتیشی بە هەر حاڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمە ساز دەكەین بە شێوازێكی فراوان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و هونەردۆستان و بەر پرسان و خەڵكانی بیانی ئەو مەراسیمە رێكدەخەین.
هەروەها (باهۆز نەسرەدین) ئەركی سەرپەرشتیكردنی بەرهەمهێنانی فیلمەكەی لە ئەستۆ بووە، لەبارەی كاتی نمایشكردنی فیلمەكە بەم شێوەیە روونی كردەوە و گوتی: «فیلمەكە لە ئێستادا سەركەوتنێكی بێ وێنەی بەدەستهێناوە، هەروەك ئامارەكانی فرۆشتنی بلیتەكان لە هۆڵی سینەماكان پێمان دەڵێن، كە ئەو فیلمە ئاستێكی بەرزی هەیە، بۆیە بینەران بە تامەزرۆییەكی باشەوە بەرەو پیری دێن، دیارە ئەوەش شتێكی پێشبینی كراو بوو، چونكە سەرجەم كاستی فیلمەكە، بەو پەڕی لەخۆبردوییەوە خەریكی ئامادەكاری و كاری بەرهەمهێنان بوون، بۆیە پێم وایە ئەو فیلمە لە چەند رۆژی داهاتوودا بینەری زیاتر لەخۆی كۆدەكاتەوە».