دەنیز بە هاندانی رق و قینە تۆمەتباردەكرێت

دەنیز بە هاندانی رق و قینە تۆمەتباردەكرێت
دادگایەكی توركی رۆژی هەشتی نۆڤەمبەری داهاتووی دیاریكردووە بۆ ئەوەی خانمە ئەكتەری توركی دەنیز جكیر لەبەردەم دادوەر ئامادەبێت، بە مەبەستی دادگایی كردنی بە تۆمەتی (هاندان بۆ كاری دوژمنكارانە و رق و قینە) دوای ئەوەی هێرشی كردە سەر چەند كچێكی باڵاپۆش.
هەرچەندە دەنیز ئەم تۆمەتانەی رەت كردەوە، بەڵام داواكاری گشتیی توركیا بڕیاری زیندانیكردنی ئەم خانمە ئەستێرەی دەركرد بۆ ماوەی شەش مانگ تا یەك ساڵ، دوای ئەوەی چەند كچێكی باڵاپۆش چەند بەڵگەیەكیان پێشكەش كرد كە تێیدا دەیسەلمێنن كە دەنیز ئیهانەی كردوون و هانی رق و قینەی داوە دژیان، هاوكات دوو كارمەندی چێشتخانەیەكیش رووداوەكەیان بینی و شایەد حاڵ بوون دژی دەنیز، ئەمە جگە لەوەی چەند تۆمارێكی دەنگی و وێنە پێشكەش كران كە پێچەوانەی قسەكانی دەنیز بوون.
بەپێی وتەی یەكێك لەو ئافرەتانەی كە سكاڵایان دژی دەنیز بەرز كردۆتەوە، رووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەك پێش ئێستا، كاتێك دەنیز بە سەرخۆشی رووی لە چەند ئافرەتێكی باڵا پۆش كرد و پێی وتن: چی دەكەن لێرە؟ ئایا ئێمە لە سعودیا دەژین؟، بەڵام دەنیز ئەم تۆمەتانەی لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا رەت كردەوە و وتی: من لە ئاهەنگی لە دایكبوونی یەكێك لە هاوڕێكانم بەشدار بووم و كاتێك خەریكی وێنە گرتن بووم، ئەوان بێزاریی خۆیان بەمە دەربڕی، ئەمەش وایكرد كە مشتومڕێك لە نێوانمان درووستبوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیی بەشێوە و جلوبەرگیانەوە نەبووە.
دادگا لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەو بوارەوە دەدات، ئەگەر بڕیارەكە لە دژی بێت، ئەوا كاریگەرییەكی زۆر دەكاتە سەر ناوبانگی دەنیز.
Top