كەژان ئەسەدی: سینەمای كوردی نەیتوانیوە وەك سینەمایەكی سەربەخۆی جیهانی دەربكەوێت
ديمانە/ خەلیل بلەیی
* رەوشی شانۆ و شانۆكاران لە رۆژهەڵاتی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە تەواوی ئێرانیشدا بارودۆخی شانۆ باش نییە، چونكە دەوڵەت و كاربەدەستان بە پێی پێویست بایەخ بەم هونەرە گرنگە نادەن و كەمتەرخەمن. لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا سیاسەتی كاربەدەستان لە ئێران تەنیا جەستەیەكی ماندوو و نەخۆشی لە شانۆ درووستكردوە، ئەگەر عەشق و هۆگری هونەرمەندان نەبوایە، ئێستا شانۆ بووبووە هونەرێكی فەوتاوی روو لە نەمان.
شانۆ هونەرێكە پێویستی بە بایەخدان و سەرنج و پشتیوانی دارایی هەیە، چ لە لایەن دەوڵەتەوە چ لە لایەن سپۆنسەرەوە وەك كەرتی تایبەت. لێرەدا دەبێ لە بیرمان نەچێت هونەر بەگشتی و شانۆ بە تایبەتی پێش ئەوەی كارێكی ئابووری بێت، كارێكی فەرهەنگییە. گەڕانەوەی سەرمایەی شانۆ ئەو كاریگەرییە فەرهەنگی و هونەرییەیە كە لەسەر كۆمەڵگە و تاك دایدەنێ و ئەمەش دەسكەوتێكی كەم نییە، جگە لەمانە راستییەكەی ئەوەیە ئێمە چونكە وەك خۆبەخش بۆ ئەم هونەرە و بۆ خەڵك مایە دادەنێین، لە كاتەكانمان دەگوزەرێین و لە بەشە ئابووری و مادییەكەشی چاوپۆشیمان كردوە.
* ئایا لایەنە باشەكانی شانۆی كوردی چین؟
- شانۆی كوردستان گەیشتوەتە ئاستێكی باش و وڵاتانی دیكە شانۆی كوردییان دیوە و خەڵكی هەندێك لە وڵاتانی دیكەش بۆ بینینی شانۆ، یان نمایش كردنی شانۆ هاتونەتە كوردستان، ئێمە نابێ حاشا لەو پەیوەندییەش بكەین كە لەم ساڵانەدا دروست بووە، من ئەمساڵ بیست رۆژ لەگەڵ چەند مامۆستایەك كە لە فەڕانسەوە هاتبوون كارم كرد، ئەمەش دووهەمین جارە لەگەڵ ستافێكی فەڕەنسی كار دەكەم، شانۆ وای لە من كرد كە سەرەڕای ئەوەی لە زمانی یەكتر ناگەین، بەڵام بە ئاسانی بەیەكەوە ئیش بكەین، ئەمەش رۆڵی زمانی شانۆ و هونەر دەردەخات. ئێمە فستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتی سەرشەقامان هەیە، فستیڤاڵی شانۆی كوردیمان هەیە، فستیڤاڵی شانۆی پارێزگاكانمان و زۆر فستیڤاڵی دیكەشمان هەیە، ئەمە وەك رۆژهەڵات، دیارە لە باشووریش ئەم فستیڤاڵانە زۆرن.
* لە رووی جەماوەرییەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان تا چەند سەركەوتوون؟
- كاتێك كە سەرەكیترترین پێداویستی تاكەكان لە ناو كۆمەڵگەی ئێمەدا جێبەجێ نابن، ئیتر شانۆ چاوەڕوانییەكی ئەوتۆی لێ ناكرێت، هەربۆیەش پێشكەوتنی شانۆ لە لای ئێمە لاواز و هێواشە و تاقەتێكی زۆری دەوێت، بەڵام ئێمەی چالاكانی شانۆ دڵمان خۆشە بە بینەرانمان و بەردەوام دەبێ خەریكی چالاكی بین، ئۆقرە ناگرین و بەردەوام هەوڵدەدەین ئەو دونیا جوانەی شانۆ جوانتر بكەین.
* ئەو ئاستەنگانە چین كە زیاتر لەبواری شانۆدا رووبەڕووتان دەبنەوە، بەتایبەتی هونەرمەندە ئافرەتەكان؟
- دیارە كێشەی ئابووری وەك ئاستەنگێكی سەرەكی زۆر زەقە، ئەوانەی كە لە شانۆدا چالاكی دەنوێنن، لە رێگای ئەم هونەرەوە بژێوی خۆیان دابین ناكەن، بەڵكو هەموویان وەك ژیانی رۆژانە خەریكی كاری دیكەن و شانۆ تەنیا خولیایەكی هونەری و تاكەكەسانەی ژیانیانە، هەروەها نەبوونی پاڵپشتیی ئابووری چ لە لایەن حكومەتەوە و چ لە لایەن كەرتی تایبەتەوە، یان رێخراوێك كە پشتگیری بكات لەو هونەرە، كێشەی سەرەكییە، كێشەی سانسۆریش كە ئاستەنگێكی گەورەیە لە ناو ئێراندا، چونكە زۆربەی دەقەكان سانسۆر دەكرێن و هونەرمەندان ناتوانن بە دڵی خۆیان دەقەكان بێننە سەر شانۆ، زۆرجار ئەوەی كە بینەر دەیبینێت و دەیبیستێ، دەقێكی دەسكاری كراوە بە دڵی كاربەدەستانی حكومەت. كێشەی جلوبەرگ بەتایبەت بۆ ئافرەتان كێشەیەكی سەرەكییە، ئەمە لە كاتێكدایە كە زۆرجار شانۆكە ئەوە هەڵدەگرێ كە دەبێ بە جلێكی تایبەت و بە بێ حیجاب رۆڵ بگێڕیت، بەڵم ئەوە لە ئێران قەدەغەیە، وەك ئاماژەم پێكرد ئەم كێشانە بۆ ئافرەتان دووقات زیاترە لە پیاوان.
* لە هەرێمی كوردستان كارت كردووە، لێرە ئاستی هونەر چۆن دەبینی بەتایبەتی سینەما و شانۆ؟
- لە هەرێمی كوردستان سانسۆر كەمترە و هونەرمەندان لە حیجاب و هەڵبژاردنی دەق ئازادن، بەڵام زۆر بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەو بەرهەمانەی لە بواری سینەما لە رۆژهەڵاتدا دێتە بەرهەم، قەت لە باشوور ناكرێن و تەنانەت لە شانۆشدا هەر بەم شێوەیە.
* سەرەڕای ئەو ئازادییەی هەیە لە هەرێمی كوردستان، ئایا كارە هونەرییەكان لە ئاستی پێویستدان؟
- زۆربەی هونەرمەندان باس لە سینەمای كوردی، یان سینەمای كوردستان دەكەن، بەڵام راستییەكەی لای من سینەمای كوردی بەو واتایە بوونی نییە. راستە لە كوردستان بەگشتی هەندێك جار فیلمی باش دێتە بەرهەم، بەڵام ئەمانە فیلمی كوردین. سینەمای كوردی واتایەكی بەرفراوانتری هەیە، كە بە رای من تا ئێستا بوونێكی وەهای نییە. ئێمە دەوڵەتێكی كوردیمان نییە تا فیلمەكانمان بە ناوی كوردستانەوە بچێتە فستیڤاڵە جیهانییەكان، راستە بوونی دەوڵەت مەرجێكی لە سەداسەد نییە بۆ سینەمایەكی سەربەخۆ، بەڵام زۆر كاریگەرە و تا ئێستاش سینەمامان نەیتوانیوە وەك سینەمایەكی سەربەخۆی جیهانی دەركەوێ و هەربۆیەش ئەو فیلمانەی دێنە بەرهەم تاكوتەرا و لێرە و لەوێ و لە بەشەكانی كوردستانن و رەوتێكی بەردەوام نییە.
* زۆر جار باس لە لاوازیی سیناریۆ دەكرێت، بەتایبەتی لە سینەمادا، ئەم لاوازییە هۆكارەكەی چییە؟
- بەگشتی پێشكەوتنی هونەر هەموو بەیەكەوە بەستراونەتەوە، كاتێ شانۆی باشت دەبێت كە شانۆنامەی باشت هەبێ. كاتێكیش شانۆنامەی باشت دەبێت كە شانۆنامەنووسی باشت لە پشت بێت، یان چیرۆك و رۆمانی زۆر باش لە ناو ئەدەبیاتتدا هەبێت، كە بتوانی بیانكەیتە دەقی شانۆیی، نووسەری باش كاتێك بەرهەمی باش دەخوڵقێنێ كە ئیشی سەرەكیی ئەو كەسە نووسین بێت، ئێمە لە جیهاندا نووسەری زۆر باشمان هەیە كە تەنیا شانۆنامەیان نووسیوە و لەو بوارەشدا زۆر سەركەوتوو بوون وەك: هارۆلد پینتەر، ساموێل بێكێت، ئۆژن یۆنسكۆ و.. هتد. بەڵام بەداخەوە هێشتا لە ناو كوردستان نووسین وەك پیشە نییە و هێشتا نووسەری پرۆفیشناڵمان نییە.
* شانۆ، یان سینەما لە كامیان زیاتر خۆت دەدۆزییەوە و بۆچی؟
- من زۆر تێكەڵی هەردوو بوارەكەم و هەردووكیشیانم لا شیرینە. شانۆ زمانێكی سادەیە بەڵام ئەگەر هەڵەیەكت كرد كاتت نییە بۆ چارەسەر كردنی هەربۆیەش دەبێ زۆر هەستیار و وریا بیت. شانۆ وەك سینەما نییە كە چەندین جار لەبەردەم كامێرادا دووپاتی بكەیتەوە تا كارەكەت باش دەربچێت، سینەما ئەو دەرفەتەت دەداتێ كە كارەكەت بە باشترین شێوە دەربكەوێت، بەڵام لە شانۆدا بینەر لە بەرامبەرت وەستاوە، هەرچیت كرد تازە بۆت ناگەڕێتەوە، هەربۆیەش هەستیاریی تایبەت بە خۆی هەیە. لە سینەمادا تۆ زیاتر دەناسرێی و بەردەنگ و بینەرێكی زۆرترت هەیە و دەرفەتی دەركەوتنی زیاترت لە بەردەمدایە. هەروەها لایەنی ئابووریی سینەما زۆر باشترە لە شانۆ، ئەمانە خاڵی بەهێزی سینەمان. بەڵام بە رای من هونەری راستەقینە شانۆیە، چونكە توانای هونەری لەوێدا دەردەكەوێت، هەموو كەس ناتوانێ دەمودەست رۆڵر بگێڕێت. راستەوخۆ و لە نزیكەوە لەگەڵ بینەر دەدوێیت و پەیوەندیت هەیە، توانای هونەرمەند لە شانۆدا وەك خۆی دەردەكەوێت و ناتوانێ دەمامك بكات، زۆركەس هەن لە سینەمادا دەردەكەون كە هونەرێكیان پێ نیە بەڵام ناتوانن لە شانۆدا دەركەون چونكە لەوێ شارەزایی و هونەری زۆری پێویستە. بە رای من هەر ئەمەش خاڵی بەهێزی شانۆیە، كە دەبێتە هۆی ئەوەی لە سەرووی سینەماوە بێت.
* ئایا ئافرەتی كورد توانیویەتی لە رێگای هونەرەوە بەرجەستەی ئێش و ئازارەكانی ئافرەتی كورد بكات؟
- بەشی زۆر سینەمای كوردی دەرخستنی ئێش و ئازارەكانی خۆیەتی، تەنانەت فیلمە كوردییەكان زۆربەیان هەر ئەو كێشانە دەخەنە روو كە بەرۆكی كۆمەڵگە و تاكی كوردی گرتوە، ئافرەتیش بێگومان هەمیشە لە فیلمەكاندا رۆڵی هەبووە، بۆ نموونە: لە ناو كارەكانی یەڵمازگۆنای فیلمی رێگا زیاتر لەوەی كێشەی پیاوی كورد بخاتە روو كێشەی ئافرەتی كورد زەق دەكاتەوە، چونكە لەوێدا ئەوەی كە بە شێوەیەكی تراژیدی كۆتایی بە ژیانی دێت، ئافرەتە نەك پیاو. بەهەمان شێوە لە فیلمەكانی بەهمەن قوبادیدا وەك (ساتێك بۆ مەستی ئەسپەكان، یان نیوەی مانگ، یان گۆرانییەكانی وڵاتی دایكم) هەموو ئەوانە پڕن لە كێشە و چەرمەسەریی ئافرەتی كورد. دوایین فیلم كە خۆم دەورم گێڕاوە باس لە ئازایی و ژیری و بوێریی ژنی كورد دەكات و ئەو كێشانەی كە بەرەوڕوویان دەبێتەوە. لە بواری شانۆشدا من بە دەگمەن دەورێكم گێڕاوە كە پەیوەندی بە كێشەی ژنی كوردەوە نەبووبێت، بۆ وێنە: شانۆی پاكیزە، یان دیلكراوەكان، یان داسی زێڕین و حەسار و سەگەكان و.. هتد. لە راستیدا هونەر دەتوانێ بۆ دەرخستنی ئازار و كێشەكانی ژنان كاریگەرییەكی باشی هەبێت و دواجاریش رەنگە بەشێك لە چارەسەرییەكان بخاتە روو.
* جوانیی رووخسار بۆ ئەكتەر تا چەند گرنگ و پێویستە؟
- حاشای لێ ناكرێ، هەموو تاكەكان جوانپەسندن و حەزی پێ دەكەن. هەڵبەت جوانی شتێكی رەها نییە كە هەموو كەسەكان یەك شت و یەك شێوازیان پێ جوان بێت، جوانی حەز وسەلیقەیە و زۆرجار تاكەكان لەسەر جوانیی شتێك، یان دیاردەیەك هاوڕا نین. بەڵام ئەوەی لە لای هونەرمەند دەبێ بە جوانی دەركەوێت هونەرەكەیەتی نەك جوانی رواڵەتی، واتە بۆ من هونەر گرنگە نەك جوانیی رواڵەت و سیما.
* خۆشەویستی خۆت بۆ هونەر چۆن وەسف دەكەی؟
هونەر واتە دیتن و دەرخستنی جیهان بە شێوەیەكی دیكە، بە شێوەیەكی جوانتر لەوەی هەیە، هونەر خولیایەكە بۆ جیهانێكی جوانتر ئەگەرچی تەنیا لە خەیاڵیشدا بێت، جیهانێك كە هونەرمەند دەیبینێت و دەركی پێدەكات جیاوازترە لە جیهانی خەڵكانی ئاسایی، ئەمە راستییەكە كە حاشای لێ ناكرێت. هونەرمەندیش دەیەوێت ئەو شێوە بینینەی بگوازێتەوە بۆ بینەر و بیسەر، یان پێی بڵێ كە دەكرێ جیهان بەم شێوەیە بێت.
* مەرجەكانت بۆ رازی بوون بە رۆڵگێڕان لە سینەما و شانۆ چین؟
- هەمیشە گوتوومە كە مەرجی من بۆ كارێكی هونەری ئەوەیە كە كارەكە لەگەڵ دەروون و رۆحی خۆمدا سازگار بێت و لەگەڵ بۆچوون و بڕواكانی خۆمدا بێتەوە، یان بێ رێزی بە ئافرەت و تاك و نیشتمان نەكات، هەوڵیش دەدەم ئەو كارە بەهێزبێت و ناوەرۆكی باشی هەبێت.
* دوایین كاری هونەریتان چییە؟
- دوایین كاری هونەریم پڕۆژەیەكی شانۆییە، بۆیە دەڵێم پڕۆژە چونكە بڕیارە لە زۆربەی شارەكانی كوردستان نمایشی بكەین، هەروەها شانۆی (ئاژاكس) كە ئەم ماوەیە لە شارەكانی بانە و سەقز و سنە بەڕێوەمان برد، پڕۆژەیەكی باش بوو. هەندێك كاری سینەمایی و شانۆیی دیكەشم بە دەستەوەیە، كە ئەگەر دەرفەت هەبوو دواتر لە كاتی خۆیدا باسیان لێوە دەكەم.