ستاتیكای گوڵ

ستاتیكای گوڵ
گوڵ كرۆك و دەسپێكی ژیانە. سەرچاوەی ئەم قسە و پەندە چرۆ دەیگێڕێتەوە. ژیانی زیندەوەران، لە مرۆڤەوە بیگرە تا دەگاتە ئەمبیا، پشت بە رووەك دەبەستێت، بەروبوومی هەموو رووەكێكیش لە گوڵەوە دەڕسكێت. هەموو دار و درەختێك، میوەكەی لە بنەڕەتدا گوڵە. هەنگوین، ئەو خۆراكە زێڕینەی شیرین دەرمان و خۆراكیشە، مێش هەنگ لە شیلەی گوڵ را، هەڵی دەهێنجێت و دەی چنێتەوە. گوڵ سەرچاوەی هەموو توخم و رەگەزێكی دنیای رووەك، هەروەها دار و درەختە.
تاریق كارێزی

با بێینە سەر دیوی ستاتیكای گوڵ. هێندەی من سەرنجم دا بێت، هیچ مرۆڤێك نییە، بە حەز و خولیایەكی زۆرەوە تەماشای گوڵ نەكات. سیحری جوانیی گوڵ، ناسكیی پەڕە و ئەندازەی شێوەكەی، رەنگی لە ژماردن نەهاتووی، ئەمانە چاوگی جوانییەكی لەبن نەهاتوون. بڕێكی زۆری گوڵیش، بۆن و بەرامی خۆش و هەست بزوێنیان هەیە،پەڕەی ناسك و سەرنج راكێشی گوڵ، هەموو ئەمانە بەشێكن لە جوانیی گوڵ، كە وا دەكات هەموو مرۆڤێك بە شەوقێكی زۆرەوە بڕوانێتە گوڵ، لەگەڵ هەر سەرنجێكی لە گوڵ بدرێت، دڵ و دەروون دەكاتەوە، خۆشییەك بە جەستە و فەرامۆشییەك بە دەروون و رۆحی مرۆڤ دەدات.
گوڵ وەك فیگەر و بەها و جوانی، بە درێژایی مێژووی هونەری شێوەكاری، هەردەم لە نێو كاری هونەریدا، بە تایبەتی لە هونەری نیگار و سیرامیك و پەیكەردا، ئامادە بووە. لە گۆشەی ئەو رایەڵە دەروونییەی وابەستە بە جوانییەكی قووڵە، هەردەم مرۆڤ و گوڵ لە پەیوەندییەكی دۆستایەتیدان، راستە ئێمە زمانی گوڵمان پێ ناخوێندرێتەوە، بە تەواوی پەی بە رازی پەنهانی نابەین، بەڵام داستانی بەرزی عیشق و ئەڤینی بۆ دەهۆنینەوە، هەر ئەمەش وای كردووە مرۆڤ شەیدای زمانی گوڵ بێت، یان زمانی خۆی بخاتە سەر ساز و نەزمی گوڵ، ئەو زمانەی لە رواڵەت و شێوە و رەنگ و بۆنی گوڵدا، خۆڕسكانە خۆی دەنوێنێ، ئێمەش بە هەستی جوانخوازانەی خۆمان دۆستایەتیی ئاشكرای خۆمان بۆ گوڵ رادەگەیەنین، ناوماڵ و سەر مێز، باخچە و شەقامی پێ دەڕازێنینەوە، هەندێك جار خۆشەویستمان بۆ گوڵ، وا دەكات پەلە لە مەرگی بكەین، بەر لە وادەی وەرینی جوانەمەرگی دەكەین.
عەبدوسەلام عەبدوڵای نیگاركێش لە دوایین پیشانگای خۆی لە گەلەریی مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنە سوورەكە لە سلێمانی، لە نێو ستاتیكای گوڵدا گەشتێكی گەورەی كردووە، لەو گەشتەدا هەست و چاوی جوان دۆستانەی خۆی خستوونەتە گەڕ، بۆ ئەوەی زۆر بە وردی بە جوانیی گوڵ لە رووی رەنگ و شێوە و پێكهاتە و ئەندازەی پەڕە و گەڵایەوە،دەروونی خۆی پاراو و ئێمەش ئاشنا بكات.
عەبدوسەلام عەبدوڵا وەك نیگاركێشێكی گوڵناس، بانگی بینەری بەرهەمەكانی دەكات بە وردی و رامانەوە سەرنج لە ستاتیكای گوڵ بدەن. تابلۆكانی ئەم هونەرمەندە تەژین لە هەستی خۆشی و شادی، مرۆڤ دەبەنە نێو دەریای فرە رەنگ و هەمەڕەنگ، لە شێوە و پێكهاتەی ئاوێتە بە جوانی و لە بن نەهاتووی گوڵ و گوڵزار. گوڵ لە لای ئەم هونەرمەندە بۆ خۆی بووەتە بابەتێكی بنەڕەتیی ژیان، تابلۆكانی لایەنگیرییەكی ئاشكرای خۆیان بۆ جوانییەكی نەبڕاوە راگەیاندووە. تابلۆكانی ئەم هونەرمەندە هی ئەوەن لە هەموو جێ و شوێنێكی ژینگەی مرۆییماندا هەبێت، ژیانی تێك چڕژاوی پڕ لە هەراسانی و ژاوە ژاوی ئەم سەردەمە، مرۆڤ شەكەت دەكات، تابلۆكانی ئەم هونەرمەندە گوتارێكی هێندە ناسكیان تێدا گەڵاڵە بووە، دەكرێ بۆ هەر كەسێكی سەرنجیان بداتێ،مایەی حەسانەوە و پشوو بن. گوڵی نێو تابلۆكانی عەبدوسەلام عەبدوڵا، وەرین نازانن، چوار وەرزەی ساڵ گەش و رەونقەدارن.
هونەری فۆتۆگراف، هەرچەندە ئاستی تەكنیكی بەرز و كارامەیی وێنەگرەكەش باڵا بێت، هەرگیز وێنەی گوڵ و گوڵزار، لە پیشاندان و نواندی سیحری راستەقینەی جوانیی گوڵ، ناگاتە تابلۆیەكی گوڵ و گوڵزار. وێنە لە رێی میكانیزمی كاری ئامێرەوە دەگیرێت، تابلۆ بە دەست و هەست و خرۆشان و دیدی نیگاركێش دەكێشرێت. هەر بۆیە وێنەی گوڵ، بە جار و دوو جار لە تەماشاكردنی تێر دەبیت، بەڵام تابلۆیەكی گوڵ كە تەژییە لە هەستی جوانچن و جوانخواز و جوان دۆستانەی هونەرمەند، هەر كاتێك بینەر لێ بڕوانێت، باوەكوو بۆ هەزارەمین جاریشی بێت، هەر نوێ و پڕ هەست و خرۆشان دێتە بەر دیدەی. ئەمەیە سیحری هونەر.
ئەم هونەرمەندە كارێكی چاكی كردووە، كە خۆی بۆ نیگاری گوڵ تەرخان كردووە، بە راستی لەم رۆژگارە جەنجاڵەدا، مرۆڤ ئەگەر بۆ گەشت و سەیرانیش بچێتە باوەشی سروست، ناپەرژێتە سەر ئەوەی بە وردی لە جوانیی گوڵ رامێنێت، كەواتە جوانییەكی سروشتی هەیە و مرۆڤ پەی پێ نابات، ئەوە دەست و پەنجەی كارامەی نیگاركێشێكی وەك عەبدوسەلام عەبدوڵایە، كە بە رۆح و كرۆكی جوانیی گوڵ لە رووی شێوە و ئەندازە و رەنگ و پێكهاتەوە، ئاشنامان دەكات.
Top