دوای مردنیشـی سردیڤی لە سەركەوتنەكانی بەردەوامە
چین یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ئێستاش سردیڤی تێیدا جەماوەرێكی زۆری هەیە، بە بۆنەی سەركەوتنی فیلمەكە باڵیۆزخانەی هیندستان لە چین ئاهەنگێكی ساز كرد و بەشێكی زۆری هەوادارانی سردیڤی لە چین و شوێنەكانی دیكە بانگهێشت كران و تێیدا تیشك خرایە سەر چەند لایەنێكی ژیانی سردیڤی، بەتایبەتی ئەو كارە هونەرییانەی شان بە شانەی ئەكتەرە ناسراوەكانی بۆڵیۆد بەشداریی تێدا كردوون.
هەر سەبارەت بە فیلمی (Mom) راپۆررتەكان رایانگەیاند: رۆژ بە رۆژ لە رووی جەماوەرییەوە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت و لە دوایین ئاماردا لە رووی داهاتەوە توانی (12) ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت، كە لە رۆژی 15/5/2019 لە چین دەست بە نمایشی كراوە، فیلمەكە بەر لە دوو ساڵ بەرهەمهاتووە و تێیدا سردیڤی رۆڵی دایكێكی ئازا دەبینێت، كە هەوڵدەدات تۆڵە لەو كەسانە بكاتەوە كە دەستدرێژیی سێكسیان كردە سەر كچەكەی.
لەلایەكی دیكەوە توێژەر و شرۆڤەكاری بازرگانی (تاران ئەدارش) رایگەیاند: پێشبینی دەكرێ كە زۆر بە ئاسانی داهاتی فیلمەكە سنووری (15) ملیۆن دۆلار ببەزێنێت.