حەمە جەزا ئەو دەنگەی كە دووبارە نابێتەوە

حەمە جەزا ئەو دەنگەی كە دووبارە نابێتەوە
حەمە جەزا لە گۆرانیی فۆلكلۆر و مەقام گەنجینەیەك بوو كە بە هەستێكی جوان و ئاوازی رەسەنی كوردی پێشكەشی كردووە، بەمەش شوێنی خۆی لە دڵی هەموو لایەكدا كردەوە، بە گۆرانییە نیشتمانی و ئەڤینداری و مەقامەكانی كە زۆر تێیدا سەركەوتوو بوو، بووە خاوەن پێگەیەكی گەورە لە نێو هونەرمەندانی كوردستاندا، تێكستی چەندین گەورە شاعیری كوردی كردە گۆرانی و ئاوازی بۆ دانان، خۆیشی ژمارەیەكی زۆر تێكستی ئەوینداری و نیشتمانپەروەریی نووسی و بە خۆشترین ئاوازی رەسەنی كوردی رازاندییەوە و گەنجینەی هونەری كوردیی پێ دەوڵەمەند كرد.
جەمال بەرواری

ژیانی
محەمەد جەزا كە بە حەمە جەزا ناسراوە رۆژی ٣ی شوباتی 1949 لە شاری سلێمانی لە خێزانێكی نیشتمانی و ئایینپەروەر لە دایك بووە، هەر لە منداڵییەوە بەهرە هونەرییەكانی دەركەوتن بۆیە ساڵی 1958 لە ئاهەنگی ساڵانەی قوتابخانەكان توانیی پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت لەسەر ئاستی قۆناغی سەرەتایی، هەروەها لە كاتی بەشداری كردنی لەو ئاهەنگە ئایینیانەی كە لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی ئەنجام دەدران قەسیدەی ئایینیشی دەگوت، بە تێپەڕبوونی كات بەهرە هونەرییەكانی زیاتر دەركەوتن تا وای لێهات لە ساڵی 1969 پەیوەندیی بە كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردەوە كرد، لەو رێگایەوە زیاتر چووە نێو قوڵایی گۆرانیی كلاسیكی كوردی و كاریگەر بووە بە هونەرمەندە گەورەكان و بەپێی توانا هەوڵیداوە لەسەر رێباز و رێچكەی هونەرییان بەردەوام بێت، بەڵام روبەڕووی چەندین ئاستەنگ بۆوە و نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات. لە تەمەنی 19 ساڵیدا ژیانی هاوسەریی پێكهێنا و خێزانێكی درووستكرد كە لە شە منداڵ پێكدێت (دوو كوڕ و چوار كچ)، دواتریش بەردەوام بوو لە كاری هونەری و شان بە شانی چەندین هونەرمەندی دیكە هاوشێوەی ساڵح مەجید و عوسمان عەلی بەشداریی لە چەندین ئاهەنگدا كرد، تا جارێكیان بۆ سازكردنی ئاهەنگێك سەردانی شاری هەولێری كرد، بەڵام ئیدی لەوێ گیرسایەوە و ناوبانگێكی هونەری زۆری پەیدا كرد.
دوای نیشتەجێ بوونی لە هەولێر توانیی بە یارمەتیی چەند هونەرمەندێك یەكەم بەرهەمی گۆرانیی خۆی لە ساڵی 1971 بڵاو بكاتەوە، لە ساڵی 1974 بە هاوكاری موزیسیانان حەسەن خۆشناو و وریا ئەحمەد بوو بە ئەندامی تیپی هونەریی هەولێر، لەو ماوەیەدا ژمارەیەك گۆرانیی تۆمار كرد كە لە تەلەفزیۆن و رادیۆی كوردی پەخش كراو، لە ساڵی 1977 بە شێوازێكی هونەریی نوێ كاسێتێكی بڵاوكردەوە بە ناوی (عەشق و ئازادی) كە لە تێكستەكانی شاعیری گەورە هێمن موكریانی بوو، ئەمەش یەكێك بوو لەو بەرهەمانەی كە ناوبانگێكی زۆری پێ پەیدا كرد و زیاتر چووە نێو قوڵایی مۆسیقا وهونەری كوردییەوە، بەتایبەتی لە گوتنی مەقام، بۆیە چەندین مەقامی زەحمەتی لە بەرهەمە هونەرییەكانیدا بڵاو كردەوە.
دوای سەركەوتنی (عەشق و ئازادی) لە هەمان ساڵدا بەرهەمێكی دیكەی بڵاوكردەوە. لە ساڵی 1978 بە هاوكاری لەگەڵ مۆزیسیانی ناسراو و ژەنیاری عود (رزگار خۆشناو) سێ كاسێتی بەدوای یەكدا بڵاوكردەوە، كە سەركەوتنی بێوێنەیان بەدەستهێنا.
دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975 و ئەو زوڵم وزۆردارییەی بەسەر گەلی كوردستاندا هات و ئەو بارودۆخە سیاسییە نالەبارەی كە لە كوردستان هاتە ئاراوە، ئەمانە هیچیان نەبوونە هۆكاری ئەوەی كە حەمە جەزا لە هونەر دووربكەوێتەوە، بەڵكو بەردەوام بوو لە هونەر و گۆرانی گوتن و چەندین گۆرانی و سرودی پێشكەش كرد و هانی خەڵكیدا كە بێ ئومێد نەبن. لە دوای راپەرینی پیرۆزی گەلی كوردستان گەڕایەوە و رۆژی 3/10/1991 لە یانەی مامۆستایانی شار هەولێر ئاهەنگێكی گەورەی ساز، بەڵام دواتر ناچار بوو كە وڵات جێبهێڵێ و رووی لە وڵاتی دانیمارك كرد و لەوێ نیشتەجێ بوو.
لە هەندەرانیش حەمە جەزای هونەرمەند لە كاری هونەری بەردەوام بوو و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا چەندین ئاهەنگی ساز كرد، هەروەها بەشداریی لە چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا كرد و ماوە ماوە سەردانی كوردستانی دەكردەوە چەندین ئاهەنگیشی ساز كرد، بەڵام بە هۆی خۆشەویستیی بۆ كوردستان، بڕیاریدا بە یەكجاری بگەڕێتەوە شاری سلێمانی. رۆژی 26-10-2009 وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێری پایتەخت وەك پێزانینێك بۆ خەبات و خزمەتی بەردەوامی بە هونەری رەسەنی كوردی مەراسیمێكی شایستەی رێزلێنانی بۆ ساز كرد.
حەمە جەزای هونەرمەند رۆژانی كۆتایی تەمەنی خۆیی تەرخان كرد بۆ هونەر و ئەدەب و سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی كۆمەڵە شیعرێكی تایبەتی خۆی بوو، بەڵام بەداخەوە لە سەرەتای ساڵی 2007 نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنی، توانیی ماوەی سێ ساڵ خۆراگر بێ بەرامبەر بە نەخۆشی، بەڵام رۆژی 1/10/2010 لە تەمەنی 61 ساڵیدا لە شاری سلێمانی كۆچ دوایی كرد و لە گردی سەیوان بۆ هەتاهەتایە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری هەوادارانی بەخاك سپێردرا، دوای ئەوەی تەمەنی خۆی لەپێناو كوردستان و هونەری رەسەنی كوردی بەسەر برد، لە دوای خۆیشی گەنجینەیەكی دەوڵەمەندی لە گۆرانی و ئاواز و سروودی شۆڕشگێڕی بۆ خۆشەویستی وڵات و پێشمەرگە و ئازادی بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو جێهێشت.
Top