سەلمان خان لە رێگای هونەرەوە كاری خێرخوازی ئەنجام دەدات
سەلمان خان ئەكتەری ناسراوی بۆلیۆد یەكێكە لەو ئەكتەرە ناسراوانەی هیندستان كە خاوەن جەماوەرێكی زۆرە، بەم دواییە لە رێگای كورتە فیلمێك بە ناوی (Every Single Breath) رۆڵی بینی، كورتە فیلمەكە لە دەرهێنانی موزیز سینگ بوو، داهاتەكەشی بەخشرا بە دەزگایەكی خێرخوازیی تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت. لە پاڵ سەلمان خان چەند ئەكتەرێكی دیكەی هیندستان بەشداربوون، لەوانە (فیجای سینگی)، دەزگاكانی راگەیاندن بڵاویانكردەوە كە ئەم دوو ئەكتەرە كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ منداڵەكانی دەزگاكە ئەنجامدا و ماوەیەكی زۆریان لە دەزگاكە بەسەر برد و خۆشحاڵیی خۆیان بەم كارە خێرخوازییە دەربڕی.
لەلایەكی دیكەوە دوایین فیلمی سەلمان خان كە بە ناوی (Dabangg 3) رووبەڕووی هێرشێكی توندی پیاوانی ئایینی هندۆسی بۆوە، دوای ئەوەی بەشێك لە چالاكانی هندۆس رایانگەیاند، كە فیلمەكە سووكایەتی بە (شیفا لینجا) دەكات، چونكە بەردەكە كە بەردێكی پیرۆزە لە ئایینی هندۆسی، لەفیلمەكەدا بە دار داپۆشراوە، سەلمان خانیش لە وەڵامی ئەوكەسانەدا وتی: «ئێمە بۆ پاراستنی پیرۆزیی بەردەكە دامانپۆشی و بە هیچ شێوەیەكی مەبەستمان سووكایەتی نەبووە.» بەڵام لای خۆیەوە (بهاراتیا جانات) كە كەسایەتییەكی ئۆپۆزیسۆنە داوایكردووە كە پێویستە سەلمان خان دادگایی بكرێت.