سوارا داوای لێبوردن دەكات

سوارا داوای لێبوردن دەكات
لە میانەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی وڵاتی هیندستان، بەشێك لە موسڵمانەكانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی مامەڵەی خراپ و توند بوونەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە موسڵمانەكان تێیدا كەمینەن لەلایەن بەشێك لە هندۆسە توندڕەوەكان ئاستەنگی زۆریان بۆ درووستكردن.
بەم بۆنەیەوە خانمە ئەستێرەی ناسراوی هیندستان سوارا كە بەوە ناسراوە هەمیشە هەوڵ دەدات بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە گرژییەك بەتایبەتی لە نێوان هیندستان و پاكستان، لەسەر ئەكاوەنتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر داوای لێبووردنی لە موسڵمانانی هیندستان كرد، لەم بارەوە نووسیویەتی: «حەز دەكەم كە داوای لێبوردن لە موسڵمانانی هیندستان بكەم، بە هۆی ئەو هێرشە بەردەوام و رەفتارە رەگەزپەرستییانەی كە لە كاتی هەڵبژاردنەكان رووبەڕوویان بۆوە، ئەمە وڵاتی ئێوەیە، بێدەنگ مەبن و داوای دووبارەنەبوونەوە و كۆتاییهێنان بەم رەفتارە قێزەوەنانە بكەن.»
ئەم هەڵوێستەی سوارا كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتەوە، بەشێكیان پشتگیری تەواو، یان دەستخۆشییان لێی كرد، بەڵام بەشێكی دیكەیان رەخنەیەكی زۆریان لێ گرت و هێرشێكی زۆر توندیان كردەسەری، تەنانەت گەیشتە ئاستی قسەی ناشیرین، سوارا لەلایەن خۆیەوە وەڵامی رەخنەكانی نەدایەوە و لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسی: «پێویستە هونەرمەندان تێكەڵی سیاسەت نەكرێن، زۆر جار كەسانێك هەن كە هەست بە ترس دەكەن و بۆ رەخنە و دەستەواژەكانی رق و كینە لە كەسانی دیكە هەستیارترن، پێموانییە هیچ كەسێك هەستێكی خۆشی هەبێت كاتێك بەیانی لە خەو هەڵدەستێت رووبەڕووی شەپۆلێكی رق و دەستەواژەی نەرێنی بووبێتەوە.»
سوارا هەروەها دەڵێ: «من خۆم بیروبۆچوونی تایبەت بە خۆم هەیە، هەندێك شت هەیە كە لە دەرەوەی بۆلیۆد گرنگییان پێ دەدەم، زۆریش بێزار دەبم كاتێك دەبینم شتێكی هەڵە روودەدات كە پێچەوانەی قەناعەتی من بێت.»
Top