هونەرمەندان و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما

هونەرمەندان و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما
سازدانی فیستیڤاڵ لە هەر بوارێكی هونەری، ئەدەبی، كولتووری. رووداوێكی سادە و ئاسان نییە، تەنیا بۆنە و ئاهەنگێكی بێبەها نییە، یان بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو كاریگەریی مێژوویی خۆی هەیە، پرۆسەیەكی نیشتمانییە و لە هەمان كاتدا رووی پێشكەوتنی ئەو وڵاتە نیشان دەدات كە فیستیڤاڵەكە سازدەكات .

ئا: كامەران حاجی ئەلیاس
سازدانی فیستیڤاڵ یەكێكە لەو چەكە جیهانییانەی كە دەتواندرێت لە جیهاندا رۆشنبیری و كولتووری وڵاتەكەی پێ بڵاوبكرێتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە كۆكردنەوەی رۆشنبیران و هونەرمەندان لەهەموو لایەك دەبێتە هۆی یەكتر ناسین و ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموونی یەكتری لە هەموو بوارەكان .
بۆ سەركەوتنی هەر فیستیڤاڵێك لە هەر بوارێكدا پێویستە كەسانی شاراز و پسپۆڕ هەبن، بە جۆرێك ئەو كەسانە لەسەر بنەمای زانستی، پڕۆتۆكۆڵی و بە چەند هەنگاوێك ئەركەكانیان ئەنجام بدەن، یەكەم هەنگاویش (ئامانجە)، واتە دەبێ چەند ئامانجێكت هەبێ لە سازدانی فیستیڤاڵ، ئینجا دابینكردنی بودجەیەكی پێویستە بۆ بەڕێوەبەردنی فیستیڤاڵەكە و دیاریكردنی شوێن و كاتی فیستیڤاڵ بە جۆرێك كە بە وردی خوێندنەوەی بۆ بكرێت، وەك: دەستنیشانكردنی كاتی سازدانی فیستیڤاڵەكە وەكو شەو، رۆژ، وەرز. ئەمانە خاڵی گرنگی سەركەوتنی فیستیڤاڵن، هاوكات دەبێ ئاگادراری پشووەكانیش بین، چونكە كاریگەریی لەسەر فیستیڤاڵەكە دەبێت، هاوكات دەبێت بزانرێت كە ئەو گرووپ و تیپانەی بانگهێشت دەكرێن لەسەر چ بنمایەك دەستنیشان كراون، لە هەمان كاتدا دەبێ پێوەرێك بۆ ئەو كەسانەش هەبێت كە وەكو میوان بانگهێشت دەكرێن.
لە رۆژانی 21-25/4/2019 لە شاری هەولێری پایتەخت وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی هونەریی شانۆی هەولێر بە هاوكاریی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندان، چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێری بۆ شانۆی مۆنۆدراما سازكرد، كە چەندین تیپی شانۆیی لە كوردستان و عێراق و دەروەی عێراق تیایدا بەشدار بوون، وەكو: وڵاتانی (میسر، لوبنان، مەغریب) هەروەها شارەكانی (ورمێ، بەغدا، بابل، مەهاباد، سلێمانی، دهۆك، هەولێر) پاشان بە دابەشكردنی خەڵات كۆتایی بە فێستیڤاڵەكە هات، كە بەم شێوەی خوارە بوو:
-خەڵاتی رەخنەگران بەخشرا بە نمایشی (لە چەشنی ئاو دەڕژێم) كە لە دەرهێنانی هونەرمەند مەهدی حەسەن و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی هونەریی شانۆی هەولێر بوو..
خەڵاتی دادوەرانی فیستیڤاڵ بەم شێوەی خوارەوە بوو:
1 _ خەڵاتی باشترین ئەكتەری كوڕ بۆ هونەرمەند (رەسوڵ بانگین) لە شانۆیی (بەیەك دەگەینەوە) كە بەرهەمی گرووپی شانۆیی (تەختەڕەش)بوو لە شاری ورمێ .
2 _ خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ بۆ خاتوو (سەما ئیبراهیم) لە شانۆیی (ئاناكارمن) كە بەرهەمی وڵاتی میسر بوو.
3 -خەڵاتی باشترین دەقی شانۆ بە هاوبەشی بۆ هەردوو شانۆیی (سورەییا) كە لە نووسینی (هەڵكەفت ئیدریس عابد) لە شاری دهۆك و (لە چەشنی ئاو دەڕژێم) لە دەرهێنانی مەهدی حەسەن لە شاری هەولێر بوو.
4 - خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ شانۆیی (مردنی تا هەتایی) كە بە دەرهێنەر «جیزیل خوری» لە وڵاتی لوبنان بەخشرا .
5 -خەڵاتی باشترین نمایش بە شانۆی (مردنی تا هەتایی) بەخشرا كە هی وڵاتی لوبنان بوو.
شایانی باسە لیژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵ لە هەریەك لە (د.كەریم عەبود، یونس عوسمان، پێشڕەو حەسەن، د.ئیكرام ئەشقەر، موەفەق روشدی) پێكهاتبوون.
لیژنەی رەخنەو لێكۆڵینەوەی فیستیڤاڵیش لە (حەمەسوار عەزیز، د.عبەد ئەلمهنا، د. جەبار خەتات، د. سافرە ناجی، د.حسێن عەلی عارف، شكۆ عومەر، كامەران حاجی ئەلیاس، یوسف عوسمان) پێكهاتبوون.
ئێمەش لە نزیكەوە را و سەرنجی چەند هونەرمەندێكمان لەسەر فیستیڤاڵەكە وەرگرتووە كە بەمجۆرە بۆ گۆڤاری گوڵان هاتنەئاخافتن.
د. عەبدولڕەحمان ئەلتەمیمی مامۆستای پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا: «چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما كەرانەڤاڵێكی هونەریی گەورەی مەعریفی بوو، لە نێو جوانیی هەولێر، من لەو بڕوایەم كە ئەم ڤیستڤاڵە ئامانجی خۆی پێكابێت، چونكە كۆمەڵێ كاری نایاب و جوانمان بینی، سڵاو و رێز بۆ رێكخەرانی فیستیڤاڵ، بۆ بەڕێز هیوا سوعاد سەرۆكی فیستیڤاڵ و سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لقی هەورلێر».
هونەرمەند رەسووڵ بانگین لە رۆژهەڵاتی كوردستان: «زۆر خۆشحاڵم كە ئامادەی ئەو فیستیڤاڵەم، من بە شانۆیی (بەیەك دەگەینەوە) بەشداربووم، زۆر خۆشحاڵترم كە خەڵاتی باشترین ئەكتەرم وەرگرت، سەبارەت بە فیستیڤاڵەكە، گومانی تێدا نییە ئەنجامدانی ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە سوودی زۆرە، چونكە شانۆ هۆكارێكە بۆ بەرجەستەكردنی بیری مرۆڤایەتی».
هونەرمەند خەرمان هیرانی: «هەوڵدانێكی زۆر باشە كە ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە بكرێن، هەست دەكەم فیستیڤاڵەكە ئەگەر لە ئاستی وڵاتانی ئەوروپاش نەبێت، بێگومان لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیدایە، بەرنامەڕێژییەكی باش بۆ فیستیڤاڵەكە كرابوو، نمایشی جوانمان بینی، لە هەمووی گرنگتر بوونی ئەو كۆڕە شانۆیانە بوو كە لە دوای هەرنمایشێك ئەنجام دەدرا، كۆمەڵێك جووڵەی جوان و ئەكتەری بەتوانامان بینی، بۆیە فیستیڤاڵێكی دڵخۆشكەر بوو، دادوەرەكانیش لە هەڵسەنگاندنەكەیاندا تا راددەیەكی باش دادوەرانە بوون، لەم حاڵاتانەش لە هەموو فیستیڤاڵێكدا لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان قسەو گلەیی هەر دەبێت.»
هاشم ئەلدفاعی سەرۆكی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا: «چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆشانۆی مۆنۆدراما وێستگەیەكی جوانی هونەری بوو، چونكە چەندین نمایشی جوانمان بینی و ئاڵگۆڕكردنی ئەزموونەكانیش وێستگەیەكی دیكەی ئەم فیستیڤاڵە بوو.»
هونەرمەندی رۆژ هەڵاتی كوردستان سامان پەیرەوی ئیسلام: «فیستیڤاڵێكی بەهێز بوو، ئەگەرچی ئێمە دوو تیپ لە رۆژ هەڵاتی كوردستان بەشداربووین، بەڵام پێمان باش بوو تیپە شانۆییەكانی دیكەی وە كو شارەكانی سەقز، بۆكان، سنە، ئیلام و...هتد بەشداربوونایە لەم فیستیڤاڵە، كۆمەڵێك پسپۆڕی شانۆیی بەهێز بەشدار بوون كە خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا بوون، لە دوای هەر نمایشێك گفتۆگۆ لەسەر نمایشەكان دەكرا، ئاستی نمایشەكان زۆر باش بوون و مەرجیش نییە هەموویان لەیەك ئاست بن، ئەوەش سرووشتی هەر فیستیڤاڵێكە، هەموو هونەرمەندێكیش سەبارەت بە كارەكەی چاوی لە خەڵاتە، بۆ من كە بە شانۆگەری (نارین) بەشداربووم، پێشوازیی گەرمی بینەران لە دوای نمایشەكە لەلای من گەورەترین خەڵات بوو، لە كۆتاییدا هیودارم ئەو فیستیڤاڵانە هەر بەردەوام بێت».
هونەرمەند عەلی ئەحمەد: «فیستیڤاڵەكە چ لە رووی تەكنیكی چ لە رووی نمایشەوە زۆر بە رێكوپێكی بەڕێوەچوو، جیاوازیی ئەم فیستیڤاڵە لەگەڵ فیستیڤاڵەكانی رابردووە ئەوەیە كە ئەم ساڵ نمایشی جوانترمان بینی، جگە لەمەش بەشداریی وڵاتانی عەرەبی فیستیڤاڵەكەی سەركەوتووتر كرد، بەتایبەتی وڵاتێكی وەكو میسر كە بە دایكی جیهان ناسراوە، بۆیە دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو كەسانە دەكەم كە بوونەتە هۆی سازدانی ئەو فیستیڤاڵە».
هونەرمەند كامەران رەئوف: «ئەم فیستیڤاڵە گرنگییەكی زۆر زۆری هەیە و پێشوازییەكی زۆری لێكرا، چونكە چەندین میوان لە دەرەوە بانگهێشت كرابوون، ئەم جۆرە ئەم فیستیڤاڵانە وادەكات ئەدب و فەرهەنگ و كولتووری گەلان بە یەكتر ئاشنا بن، ئەوانیش ئاشنا دەبن بەوەی هەرێمی كوردستانیش دەتوانێ لەو بوارەدا ئەسپی خۆی تاو بدات، خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ئێمەمانان لە رێگەی ئەو فیستیڤاڵانەوە وتاری شانۆیی وڵاتان دەزانین، لە هەمان كاتدا ئاشنا دەبین بە ئاستی شانۆیی ئەو وڵاتانە، هەستیش دەكەم فیستیڤاڵی ئەمساڵ بەرەوپێشچوونی بەخۆوەبینیوە، بەڵام پێوستە بودجەیەكی باشی بۆ تەرخان بكرێت، بۆ ئەوەی هونەرمەندی جیهانی و تیپی زۆرتر تێیدا بەشداری بكەن».
هونەرمەند تووران ئیزناك لە رۆژهەڵاتی كوردستان: «سازكردنی فیستیڤاڵ كارێكی گرنگ و پێویستە، من ئەم فیستیڤاڵەم بە فیستیڤاڵێكی زۆر بەهێز بینی، ئەزموونێكی زۆر باش بوو بۆ ئێمەمانان، فەرهەنگ و كولتووری وڵاتانی بەشداربووی فیستیڤاڵم بینی و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان بوو، ئاشنایەتی باشی هونەریم لە رێگەی نمایشەكاندا پەیدا كرد، خاڵێكی دیكەش ئەوە بوو كە فیستیڤاڵەكە زۆر بە باشی رێكخرابوو، بۆیە دەستخۆشی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەكەم و هیوای بەردەوامییان بۆ دەخوازم، سوپاسگوزارییان دەكەم».
سەربارەت بە ئامادەبوونی بینەرانیش لە نمایشەكان خاتو تووران ئیزناك گوتی: «ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەلای من ئامادەبوونی ئەو بینەرە زۆرە بوو لە نمایشەكان، وەكو زانراوە شانۆی مۆنۆدراما بۆ بینەر كارێكی ئاسان نییە، چونكە ئەكتەر نواندن دەكات، بەڵام بینەران زۆر بەپەرۆشەوە ئامادەی نمایشەكان دەبوون، ئەگەرچی هەندێ نمایش هەبوو ماوەكەی زۆر درێژ بوو، بەڵام بینەران هەرگیز وەڕز نەدەبوون، ئەوەش واتا بینەری شانۆ بینەرێكی هۆشیارە و حەزی لە شانۆیە، ئەوەش بۆ من ماییەی خۆشحاڵی بوو.»
هونەرمەند بەكر مەعروف: «سەرەتا من دەستخۆشی لە وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی هونەریی شانۆ دەكەم، كە ساڵانە چەندین فیستیڤاڵی شانۆیی ئەنجام دەدەن و هونەرمەندان لە ژێر چەتری ئەم فیستیڤاڵە كۆدەبنەوە، بۆیە من بە جەژنێكی هونەرمەندانی دەزانم، نابێ ئەوەش لە یاد بكەین، سازدانی فیستیڤاڵ كارێكی ئاسان نییە، بۆیە دەستخۆشییان لێدەكەم، من پێشنارێكم بۆ وەزارەتی رۆشنبیری هەیە كە بریتییە لەوەی گرنگیی زیاتر بە تیپە شانۆییەكان بدرێت و بودجەیان بۆ بگەڕێتەوە كە ماوەی چەند ساڵە بودجەكە بڕاوە، دەرگایان داخروە و ناتوانن كاری شانۆیی بكەن، هیوادارم لە كابینەی نوێ زیاتر گرنگی بە تیپە هونەرییەكان بدرێت و بایەخ بە هەموو بوارەكانی دیكەش بدرێت».
هونەرمەند هێرۆ جەواد: «من دەستخۆشیی تەواو لەم فیستیڤاڵە و لە هەموو فیستیڤاڵاكانی دیكەش دەكەم كە لە هەر شار و شارۆچكەیەك سازدەكرێت، بێگومان بوونی پێشبڕكێ لە نێوان ئەكتەرەكان كارێكی سرووشتییە و هیوای بەردەوامی بۆ فیستیڤاڵەكە دەخوازم».
هونەرمەند قاسم نوری: «سەرەڕای ئەو قەیرانەی كە لە ماوەی چوار ساڵە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ توانیویەتی بەردەوامی بەو فیستیڤاڵە بدات، ئەمەش دیاردەیەكی گەورەی شارستانییە كە چەندین تیپی شانۆیی جیهانی بەشداری ئەو فیستیڤاڵەن، لە ماوەی پێنج رۆژدا چەندین كاری جوان و ستایلی جوانمان بینی، ئەوەی جێگای سەرنجە لە دوای هەر نمایشێك كۆڕشانۆیی بۆ نمایشكە دەكرێت، كە زۆر بەسوودە و تا راددەیەك چەمكی شانۆی مۆنۆدراما لەلامان روونتر بووەوە».
شانۆكار (ئاهون مەحمودی ئازر) لە رۆژهەڵاتی كوردستان: «ئەوەی زۆر سەرنجی راكێشام، بوونی ئەو كۆڕە رەخنەییانە بوو كە لە دوای نمایشەكان دەكرا، بە جۆرێك بۆ هەر نمایشێك كەسێكی پسپۆڕ قسەی لەسەر شانۆیەكە دەكرد، بۆیە هەم بۆ بینەران و هەم بۆ خودی دەرهێنەر و ئەكتەرەكانیش زۆر بەسوود بوون، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە لەم كۆڕەدا هەمووان ئازادانە راوسەرنجی خۆیان دەخستەڕوو، دەستخۆشی لە رێكخەرانی ئەم فیستیڤاڵە دەكەم.»
Top