جوان حاجۆ: لە ئەوروپا كوالێتیی كۆنسێرتی هونەرمەندانی كورد زۆر نزمە
جوان حاجۆ، خاوەن دەنگێكی رەسەن و ستایلێكی تایبەتە، هەر كە گوێت لە دەنگی دەبێت هەست بە ئازارێكی قووڵ دەكەیت، ئازارێك كە رەنگدانەوەی هەستی ملیۆنان كوردە لە سەرتاسەری جیهان، تەنانەت لە گۆرانییە ئەویندارییەكانیشیدا هەست بە تامەزرۆیی ئەو هونەرمەندە دەكرێ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان كە خاكی ئەو وڵاتەكە بە پیلانی دوژمنان و بۆ بەرژەوەندیی داگیركاران دابەش كراوە. نزیكەی نیو سەدەیە گۆرانی بۆ ئازار و كارەساتەكانی میللەتی كورد دەڵێت، بە جۆرێك كە هەست دەكرێ كە جیاواز لە هونەرمەندانی دیكە جوان حاجۆ گۆرانیی بۆ یار و خۆشەویستی وەك پێویست نەگوتووە، لەم بارەوە جوان حاجۆ پێیوایە كە تا ئێستاش كورد پێویستی بە گۆرانی و سروودی نیشتمانییە و دەڵێ: «ئێستاش كۆمەڵگە و نەتەوەی ئێمە لە نێو زوڵم و ئێش و ژاندایە، خاكەكەشمان بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش كراوە، زمانی ئێمە قەدەخە كراوە، هەر لەو كاتەی من هەستم بە ژیان كردووە لە نێو زوڵم و ستەمدا ژیاوم، بۆیە ئەو زوڵمە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گۆرانییەكانم هەبووە، بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گۆرانیمان گوتووە، بەڵام هیچ كات من گۆرانی ئەڤینداریم لە بیر نەكردووە و باڵانسێكم بۆ گۆرانیی شۆڕشگێڕی و ئەڤینداری داناوە.»
سەبارەت بە بوونی ژمارەیەكی زۆر لە گۆرانیبێژانی ئافرەت لە مەیدانی هونەری كوردیدا و ئایا ئەو گۆرانیبێژانە كاریگەرییان ئەرێنی، یان نەرێنییە لەسەر پێشخستنی هونەری كوردی، هاوكات بۆشایی نەبوونی ئافرەتان لەو بوارە و بەتایبەتیش لە ئێستادا كە هەست دەكرێ هونەری كوردی لە زۆر بواردا لە داكشاندایە، حاجۆ رای تایبەتی خۆی لەم رووەوە هەیە و دەڵێ: «بەپێچەوانەی ئەو بیركردنەوەی لە ئێستادا سەبارەت بە ئازادیی ئافرەتان لە گشت بوارەكاندا هەیە، من راشكاوانە دەڵێم پێشتر ژنانی كورد ئازادتر بوون لە ژنانی ئێستا، ئەم پاشاگەردانییە تەنیا لەنێو كورددا نییە، بەڵكو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی هەیە. راستە ئێستا پاشاگەردانییەكی یەكجار زۆر لە بواری ئازادیی ئافرەتاندا هەیە، بەڵام ئێستاش هەندێك لە ژنانی كورد جێ پەنجەیان لە نێو میوزیك و گۆرانیدا دیارە و دەنگخۆشی زۆرباشمان هەن.»
سەبارەت بەوەی كە ئێستاش ژمارەیەكی زۆری گۆرانیبێژی لاو پەیدا بوون كە بەردەوام بەرهەمی مۆدێرن و سەردەمی پێشكەش دەكەن، بەڵام هەست دەكرێ تا راددەیەكی زۆر هونەری رەسەنی كوردییان فەرامۆش كردووە، لەم رووە جوان حاجۆ دەڵێ: «میوزیكی فۆلكلۆری و رەسەنی كوردی زۆر دەوڵەمەندە، پێویستە بە هەموو لایەكمان پارێزگاری لێ بكەین و بیپارێزین، بەشێك لە گۆرانی و میوزیكە رەسەنەكان دووبارە بكەینەوەو بەشێوەیەكی نوێ پێشكەش بە نەوەكانمانی بكەینەوە، پێویستە حەیران و لاوك و مەقاماتی رەسەنی كوردی لەلایەن هونەرمەندانی كورد زیندوو بكرێنەوە، ئەمڕۆ میوزیك پیشەسازیە، میوزیك بازاڕە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بازاڕی میوزیكی كوردی نییە، لە ئەوروپا ئاستی كۆنسێرتی هونەرمەندانی كورد سفرە، تەنیا لە نەورۆزدا نەبێت كە لە چەند شارێكی گەورەی ئەوروپا كۆنسێرت دەكرێت، ئەمەش هیچ خزمەتی گۆرانی و میوزیكی كوردی ناكات و نەوەی نوێ سوودی لێ وەرناگرێت، بۆیە زیاتر لە پێنج ساڵە ناچمە هیچ كۆنسێرتێك، چونكە هەست دەكەم خزمەت بە گۆرانی و میوزیكی كوردی ناكات، ئێمە سێ ملیۆن كوردین لە ئەوروپا دەتوانین دنیا بهەژێنین، بەڵام بەداخەوە رێكخەرێكی باش نییە بتوانێت ئێمە و كوردی ئەوروپا بە یەكەوە كۆ بكاتەوە.»
سەبارەت بە چۆنێتی پێشخستنی هونەری كوردی و هاوكاری كردنی هونەرمەندان، جوان حاجۆ دەڵێ: «پێم باشە بودجەیەك بۆ زیندووكردنەوەی گۆرانی و میوزیكی رەسەنی كوردی تەرخان بكرێت و میوزیكی مۆدێرنیش لەبیر نەكرێ، هەروەها دەزگایەكی تایبەت بە ئۆنلاینی گۆرانی كوردی دابنرێ، كە مافی هونەرمەندان بپارێزێت، و دەزگایەكی دیكە تایبەت بە كۆنسێرت دابمەزرێ لەگەڵ ستۆدیۆیەك بۆئەوەی هەموو هونەرمەندانی كوردستان لەو ستۆدیۆیە گۆرانییەكانیان تۆمار بكەن و خەرجییەكانیش بكەوێتە ئەستۆی حكومەت، ئەم كارانە دەبنە هۆكارێك كە هونەر لە كوردستان پێش بكەوێت و بەرهەمی هونەرمەندانیش زیاد بێت.»
لەبارەی گلەیی هونەرمەندانی كورد لە بوونی دیاردەی كۆپیكردنی بەرهەمەكانیان و نەپاراستنی مافەكانیان كە دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی ئەرك و ماندووبوونیان جوان حاجۆ دەڵێ: «بۆ ماوەیەك پێش ئێستا ئەم گلەییە لە شوێنی خۆی بوو، بەڵام بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای سەردەمەوە ئیدی شتێك نەماوە بەناوی سیدی و ئەلبووم، بەڵكو هەموو شتێك لە رێگەی بازاڕی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەڕێوەدەچێت، پێم باشە هونەرمەندانی كوردیش لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەرهەمەكانیان بڵاوبكەنەوە، چونكە مافەكانیان زیاتر لەوێ پارێزراوە، كەسیش ناتوانێت بەرهەمەكانیان كۆپی بكات.»
گۆرانی (نەسرینێ) یەكێكە لە گۆرانییە كۆنەكانی جوان حاجۆ، و تا ئێستا هونەرمەندان لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانیاندا دەیڵێنەوە. تەنانەت هەندێك لە هونەرمەندان كلیپیان بۆ كردووە و بڵاویان كردۆتەووە، لەم رووە جوان حاجۆ دەڵێ: «من هەمیشە گوتوومە و لێرەش دووبارەی دەكەمەوە، هەر كەسێك ئازادە گۆرانییەكانی من بڵێتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی دەستكاریی میلۆدی و تێكستەكەی بكات، بەداخەوە هونەرمەند بەردان نەك مۆڵەتی لە من وەرنەگرتووە، بەڵكو لەسەر كلیپەكە نووسیویەتی كە ئەم گۆرانییە خاوەنەكەی دیار نییە، بە راستی زۆر شەرمە بۆ كەسێك بزانێت ئەو گۆرانییە میلۆدییەكەی هی منە و تێكستەكەشی هی دولبەری خوشكمە، كەچی بنووسێ ئەو گۆرانییە خاوەنەكەی دیار نییە.»