(یوسف ناگەڕێتەوە) جۆریك تەحەددایە لەبەرامبەر هەژموونی درامای توركی و ئێرانی و چینی و هیندی

(یوسف ناگەڕێتەوە) جۆریك تەحەددایە لەبەرامبەر هەژموونی درامای توركی و ئێرانی و چینی و هیندی
ئا/ لوقمان غەریب: اوەندی گاڤ (GAV KURD ART) بۆ كاری تەلەفزیۆنی و سینەمای كوردی لە سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای سكای ئارت و بابیلۆن میدیا ماوەی سێ مانگە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی درامایەكی تەلەفزیۆنین، بە ناوی «یوسف ناگەڕێتەوە». دراماكە لە سیناریۆ و دەرهێنانی بەندەیە و ژمارەیەكی دیار لە هونەرمەندانی شارەكانی (هەولێر، سلێمانی، كەركووك، گەرمیان، هەڵەبجە، هەورامان و قەڵادزێ) بەشداریی تێدا دەكەن. لەوانە (مستەفا ئەحمەد، عەلی كەریم، فەیسەڵ محەحەد، عەلی ئەحمەد، زاهیر عەبدوڵا، عەلی شێخانی، جەمیل ئەحمەد، سەربەست ئەحمەد، كەمال چالاك، سازگار فواد، شۆڕش قادر، شاناز جەمال، بەهادین هەڵەبجەیی، عوسمان مەعروف، نیاز شەریف، ئیلیان هەورامی، موزەفەر هەولێری) لەگەڵ چەندین ئەكتەری ناودار و ناسراوی دیكە. هەروەها بۆ یەكەم جارە هونەرمەندی دەگۆرانیبێژی ناسراو (لوقمان سەلیم) بەشداری لە كارێكی درامایی دەكات و لە چەند گرتەیەكدا وەك گۆرانی بێژ رۆڵ دەبینێت. چیرۆكی دراماكە بەسەرهاتێكی كۆمەڵایەتیی سەرنج راكێشە، كە لە نێوان دوو زەمەنی جیاوازدا (رابردوو و ئێستا) روودەدات. ئەوەش لە دووتوێی (15 زنجیرە)دا بەشێوەیەكی رەخنەئامێزانە تیشك دەخاتە سەر چەندین كێشە و ئاریشە و بابەتی جۆراوجۆری دیكەی ناو كۆمەڵگە بەگشتی. رووداوەكانی ئەم درامایە بە دەوری كەسایەتیی یوسفدا دەسووڕێنەوە، كە وێڵە بە دوای بەدەستهێنانی شوناس و ناسنامەی خۆیدا. دراماكە ئێستا لە دوا رۆژەكانی قۆناخی وێنەگرتندایە و بڕیارە رۆژانی داهاتوو قوناغی مۆنتاژ و مێكساژ دەست پێبكات و لە مانگی رەمەزانی پیرۆزیشدا پێشكەش بكرێت. درامای (یوسف ناگەڕێتەوە) لە ناوشاری سلێمانی و ناوچەكانی (گڵەزەردە و عەواڵ و بەكرەجۆ و دوكانیان و چاڵگە) وێنەی گیراوە.
جێی ئاماژەیە ماوەی چوارساڵ زیاترە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بزاڤی بەرهەمهێنانی كاری درامای كوردی رووی لە سستی و لاوازییەكی بێبەرهەمی كردووە، ئەگەرچی لەو ماوەیەدا ناوەندی (گاڤ) بە پشتبەستن بەتوانای خۆی و هونەرمەندانی هاوكاری توانیویەتی سێ فیلمی كوردی بە پێز بەبەشداریی زیاتر لە 100 ئەكتەر بەرهەم بهێنێت و لەشێوەی ئەڵقەدا لە كوردستان تیڤی نمایشی بكات..
بەپێی لێدوانی هونەرمەندانی بەشدار لە درامای (یوسف ناگەڕێتەوە) ئیستا بەهۆی شەپۆلی هاوردەكردن و دۆبلاژكردنی درامای بیانی لە كەناڵەكانی تەلەفزیۆنەكان و لەبەر گرنگی نەدان بە هونەری خۆماڵی و زیاتر رووكرنە بەرهەمی بیانی، بزاڤی درامای كوردی و بەرهەمهێنانی لەم بوارەدا دوچاری كێشەی گەورە كردووە، لەم رووەشەوە لایەنی بەپرس كەمتەرخەمەو پلانی پێویستی بۆ بەدەنگەوەهاتنی كار و بەرهەمەكانی هونەرمەندانی كوردستان نییە.
ئیستادا لە جیهاندا درامای تەلەفزیۆنی بەشێوەیەكی بەرفراوان كاری لەسەر دەكرێت و پانتاییەكی گەورەی شاشەكانی تەلەفزیۆنی داگیر كردووە، هاوكات بۆتە بابەتێكی گرنگ و پێویستیی رۆژانەی سەردەمەكە و بینەر و خێزانی بەجۆریكی كاریگەر خستۆتە ژیرهەژموون و كاریگەریی خۆیەوە. كوردستان لە زۆر رووەوە زەمینەیەكی لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی كاری درامای تەلەفزیۆنی، چونكە ژینگە و سرووشت و جوگرافیا و پێكهاتە جۆراوجۆرەكەی و مێژووە پڕ لە رووداوەكانی، لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی زۆر لە تەنكیككاران و هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و قاڵبوو لە بواری دراما و هونەری نواندا، ماكی ئەوەن كە ببێتە خاوەنی بزاڤێكی گەورە و فراوان لە بەرهەمهینانی درامای كوردی، بەو مەرجەی بە پێی یاسا كاری تەلەفزیۆن و كۆمپانیاكانی میدیا و دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەت و تایبەتمەند بەم بوارە، رێكبخرێن و پشتیوانیی بەردەوامی دراماكاران و هونەرمەندان بكرێت. بە گووتەی پسپۆڕان و هونەرمەندان و پەروەردەكاران، لە ئیستادا درامای بیانی و دۆبلاژكردنی بەشێوەیەكی نارێكوپێك، كاریگەریی خراپی كردۆتە سەر كۆمەڵگەی كوردستان و چەندین كیشە و گیروگرفتی بۆ خیزانەكان دروستكردووە، بۆیە پسپۆڕان وای بەباش دەزانن كە دەسەڵات مشووری ئەم بوارە گرنگە بخوات و گرنگییەكەی بەهەند وەربگرێت و بەیاسا تەلەفزیۆنەكان ناچار بكات، لە بری پەخشكردنی درامای بیانی درامای كوردی بەرهەم بێنن و پەخشی بكەن، هاوكات وەزارەتی رۆشنبیریش زیاتر بایەخ بەم كەرتە بدات ..
هونەرمەندانی بەشداری ئەم درامایە بەرهەمەكەیان بە جۆرێك لە تەحەددا بەرامبەر هەژموونی درامای (توركی و ئێرانی و چینی و هیندی) دەزانن، كە ئەگەر لە رووی چەندایەتیشەوە هێندە نەبێت، بەڵام لە رووی چۆنایەتییەوە بە بەرهەمێكی بە پێز و خوماڵی بایەخداری دەزانن. درامای یوسف ناگەڕێتەوە لەسەر دەستی ستافێك لە گەنجانی چالاك و لەخۆبووردو كاری تەكنیكیی بۆ كراوە، لەوانەش (شوان جەبار- وێنەگر، فەرهاد كوردی -رووناكی، سەرمەند ئیسماعیل - دەنگ، پشتیوان رەحیم -موناژ و میكساژ، نڤار لوقمان -یاریدەدەری دەرهێنەر) وابڕیارە درامایە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا پەخش بكرێت.
Top