(یوسف ناگەڕێتەوە) جۆریك تەحەددایە لەبەرامبەر هەژموونی درامای توركی و ئێرانی و چینی و هیندی
جێی ئاماژەیە ماوەی چوارساڵ زیاترە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بزاڤی بەرهەمهێنانی كاری درامای كوردی رووی لە سستی و لاوازییەكی بێبەرهەمی كردووە، ئەگەرچی لەو ماوەیەدا ناوەندی (گاڤ) بە پشتبەستن بەتوانای خۆی و هونەرمەندانی هاوكاری توانیویەتی سێ فیلمی كوردی بە پێز بەبەشداریی زیاتر لە 100 ئەكتەر بەرهەم بهێنێت و لەشێوەی ئەڵقەدا لە كوردستان تیڤی نمایشی بكات..
بەپێی لێدوانی هونەرمەندانی بەشدار لە درامای (یوسف ناگەڕێتەوە) ئیستا بەهۆی شەپۆلی هاوردەكردن و دۆبلاژكردنی درامای بیانی لە كەناڵەكانی تەلەفزیۆنەكان و لەبەر گرنگی نەدان بە هونەری خۆماڵی و زیاتر رووكرنە بەرهەمی بیانی، بزاڤی درامای كوردی و بەرهەمهێنانی لەم بوارەدا دوچاری كێشەی گەورە كردووە، لەم رووەشەوە لایەنی بەپرس كەمتەرخەمەو پلانی پێویستی بۆ بەدەنگەوەهاتنی كار و بەرهەمەكانی هونەرمەندانی كوردستان نییە.
ئیستادا لە جیهاندا درامای تەلەفزیۆنی بەشێوەیەكی بەرفراوان كاری لەسەر دەكرێت و پانتاییەكی گەورەی شاشەكانی تەلەفزیۆنی داگیر كردووە، هاوكات بۆتە بابەتێكی گرنگ و پێویستیی رۆژانەی سەردەمەكە و بینەر و خێزانی بەجۆریكی كاریگەر خستۆتە ژیرهەژموون و كاریگەریی خۆیەوە. كوردستان لە زۆر رووەوە زەمینەیەكی لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی كاری درامای تەلەفزیۆنی، چونكە ژینگە و سرووشت و جوگرافیا و پێكهاتە جۆراوجۆرەكەی و مێژووە پڕ لە رووداوەكانی، لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی زۆر لە تەنكیككاران و هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و قاڵبوو لە بواری دراما و هونەری نواندا، ماكی ئەوەن كە ببێتە خاوەنی بزاڤێكی گەورە و فراوان لە بەرهەمهینانی درامای كوردی، بەو مەرجەی بە پێی یاسا كاری تەلەفزیۆن و كۆمپانیاكانی میدیا و دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەت و تایبەتمەند بەم بوارە، رێكبخرێن و پشتیوانیی بەردەوامی دراماكاران و هونەرمەندان بكرێت. بە گووتەی پسپۆڕان و هونەرمەندان و پەروەردەكاران، لە ئیستادا درامای بیانی و دۆبلاژكردنی بەشێوەیەكی نارێكوپێك، كاریگەریی خراپی كردۆتە سەر كۆمەڵگەی كوردستان و چەندین كیشە و گیروگرفتی بۆ خیزانەكان دروستكردووە، بۆیە پسپۆڕان وای بەباش دەزانن كە دەسەڵات مشووری ئەم بوارە گرنگە بخوات و گرنگییەكەی بەهەند وەربگرێت و بەیاسا تەلەفزیۆنەكان ناچار بكات، لە بری پەخشكردنی درامای بیانی درامای كوردی بەرهەم بێنن و پەخشی بكەن، هاوكات وەزارەتی رۆشنبیریش زیاتر بایەخ بەم كەرتە بدات ..
هونەرمەندانی بەشداری ئەم درامایە بەرهەمەكەیان بە جۆرێك لە تەحەددا بەرامبەر هەژموونی درامای (توركی و ئێرانی و چینی و هیندی) دەزانن، كە ئەگەر لە رووی چەندایەتیشەوە هێندە نەبێت، بەڵام لە رووی چۆنایەتییەوە بە بەرهەمێكی بە پێز و خوماڵی بایەخداری دەزانن. درامای یوسف ناگەڕێتەوە لەسەر دەستی ستافێك لە گەنجانی چالاك و لەخۆبووردو كاری تەكنیكیی بۆ كراوە، لەوانەش (شوان جەبار- وێنەگر، فەرهاد كوردی -رووناكی، سەرمەند ئیسماعیل - دەنگ، پشتیوان رەحیم -موناژ و میكساژ، نڤار لوقمان -یاریدەدەری دەرهێنەر) وابڕیارە درامایە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا پەخش بكرێت.