گولدەن ئێرئاسلان: پێویستە بە فیلم و بەرهەمی هونەریمان دنیا بێنینە سەر هێل بۆ گوێگرتن لە ئازاری كورد
* سەرەتای كاری هونەریت چۆن بوو؟
- هەر لەمنداڵییەوە زۆر حەزم لە شانۆ بوو، بۆیە كە گەیشتمە قوتابخانە لەوێ لەسەر شانۆی قوتابخانە رۆڵی سەرەكیم بینی، ئیدی لەو رۆژەوە شانۆ بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی من، حەز و خولیای زۆرم بۆ شانۆ و نواندن هەبوو، هەر لە سەرەتاوە ویستم بە شێوەیەكی ئەكادیمی روو لەو بوارە بكەم. بنەماڵەكەشم بە هۆی ئەوەی دۆستایەتییەكی زۆریان لەگەڵ هونەر هەیە، هەر زوو بە داواكارییەكەم رازی بوون و هاوكار و پاڵپشتم بوون بۆ هێنانەدی خەونەكانم، چونكە تاكە ئاواتی من لە ژیاندا گەیشتن بوو بە دنیای هونەر، بەتایبەت هونەری سینەما، سوپاس بۆ خوا ئەو ئاواتەم هاتەدی و وەك ناوێكی بەرچاو لە ناوچەكەی خۆماندا ناسرام، چونكە من عەشقێكی بێپایانم بۆ هونەر هەیە و بەبێ هونەریش ناژیم.
* یەكەم دەركەوتنت بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
- لە منداڵییەوە عەشقێكی گەورەم بۆ هونەر هەبوو، تا ئەوكاتەی خۆمم خزاندە نێو ئەو دەریایە و بۆ یەكەم جار لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ بەشداریم لە فیلمێكی كوردیدا كرد، كە یەكێك بوو لە پڕۆژە هەرە جوانەكانی نێو فیلمی كوردی لە توركیا و دەنگدانەوەیەكی بەرچاوی هەبوو.
* لە خانەوادەكەتدا بۆ كاری هونەری كەس هاوكاری كردوویت؟
- بەڵێ، خانەوادەكەم هەمیشە هاوكارییان كردووم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە بەشێكی زۆر لە بنەماڵەكەم گۆرانیبێژ و دەنگبێژن، بۆیە بەردەوام لە ماڵی ئێمە دەنگی لاوك و بەستەی كوردی دەهات.
* وەك كچە هونەرمەندێك زیاتر گوێ لە كێ دەگری؟
- بێگومان گوێگرتن لە هونەرمەندە نەمرەكان بۆ هەموو هونەرمەندێك زۆر
پێویستە، منیش گوێ لە زۆربەی هونەرمەندە كوردەكان دەگرم بەتایبەتی
هونەرمەندی گەورە ئەحمەد كایا.
* ئەی گۆرانی كێ دەڵیێتەوە؟
- گۆرانی زۆربەی هونەرمەندە نەمرەكان دەڵێمەوە، هەروەها گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانیش زۆر دەڵێمەوە و گرنگییان پێ دەدەم، چونكە فۆلكلۆرییەكان بناخەی هونەری كوردی و هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی هونەرن.
* لە كام پارچەی كوردستان رەوشی هونەر باشترە؟
- ئاشكرایە لە ساڵانی رابردوودا هونەری كوردی پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، من پێموایە هەرچەندە باكووری كوردستان بە مەنزڵگەی هونەر و گۆرانی و دەنگبێژی دادەنرێ، بەڵام بەهۆی بارودۆخی شەڕ و نائارامیی چەند ساڵی رابردووی باكووری كوردستانەوە ئەو بوارە تەواو لاواز بووە، رەوشی هونەری لە ئامەد باش نییە، لەبەر شەڕ و ئاژاوە هونەر لەم دەڤەرە لاواز بووە، ئێستا زۆر بە كەمی كاری هونەری لێرە دەكرێ، ئەمەش هونەرمەندانی باكووری كوردستانی پەرتەوازە كردووە.
* لە سینەما، یان لە گۆرانیدا زیاتر خۆت دەبینیتەوە؟
- من بەر لەوەی روو لە سینەما بكەم و هەر لە منداڵییەوە عاشقی گۆرانیوتن بووم و بە بڕوای من هەر كەسێك متمانەی بەخۆی هەبێت، سەركەوتووە، منیش سەركەوتووم لە بوارەكەمدا، خەونی من ئەوەیە، بە فیلم و بەرهەمە هونەرییەكانمان دنیا بێنینە سەر هێل بۆ گوێگرتن لە ئازاری كورد.
* ئایا بۆ بەشداریكردن لە كارێكێ نواندن هیچ مەرجێكت هەیە؟
- بێگومان هەر رۆڵێك پێشكەشم بكرێت سنووری دیاریكراوی هەیە، بەڵام پێویستە ئەو كارە لەگەڵ نەریتی كوردیدا یەكتر بگرێتەوە و خزمەت بە هونەری كوردی بكات، ئەگەر وابێت ئامادەم بەشداربم، نەك كارێكی ورووژاندن كە بۆ كۆمەڵگەی كوردی نامۆ و ناشیرین بێت و بە ئاسانی پێی قبووڵ نەكرێت.
* گۆرانییەكانت تەنیا بە شێوەزاری كرمانجی تۆمار كراون، یان بە زمانی توركیش گۆرانی دەڵێی؟
- لە ساڵی 2015 یەكەم ئەلبوومم بڵاوكراوەتەوە، ئێستاش خۆم ئامادە دەكەم بۆ ئەلبوومێكی دیكە كە لە ١٠ تراك پێكهاتووە، لەوانە حەوت لە گۆرانییەكانی كرمانجین و سێ بەرهەمەكەی دیكەش بە زمانی توركی گوتوومە، هەروەها گوێگرێكی باشم بۆ گۆرانی سۆرانی و زۆریش حەز بەو شێوەزارە دەكەم، هیوادارم لە ئایندەدا گۆرانی بە شێوەزاری سۆرانیش بڵێم.
* ئەو كارە چی بووە كە تۆی زیاتر بە جەماوەر ناساند؟
- لە كارە هەرە جوانەكانی (ماردین پڕۆدێكشن)، كە ئەوكات من قوتابی بەشی سینەما و شانۆ و دەرهێنان بووم و لەسەر دەستی چەند مامۆستایەكی پڕۆفیشناڵ لەم بوارەدا بەشداریم لە خولێكدا كرد، دواتر وەك ئەكتەرێكی هەرە باش دیاركرام بۆ ئەو فیلمە، پاشان لەگەڵ هونەرمەندی گەورە و شارە جوانەكەی ماردین (بەردان ماردینی) بەشداریم لە زنجیرە درامایەكدا كرد لە ژێر ناونیشانی (ژیان)، ئەو بەرهەمەش لە كەناڵی (TRT KURDI) نیشان درا و هەر ئەو درامایەش بوو منی بە بینەر و جەماوەرەكەم ناساند.
* تا ئێستا سەردانی هەرێمی كوردستانت كردووە، ئایا هیچ پرۆژەیەكی هونەریت لە هەرێم هەیە ؟
- لە ماوەی پێشوودا سێ جار سەردانی هەرێمی كوردستانم كردووە و هاتوومەتە هەولێر و بەشداریی چەند پڕۆژەیەكی هونەریم كردووە لە پایتەختی كوردستاندا، ئێستا هیچ كارێكی هونەری و پڕۆژەیەكی نوێم نییە تا جارێكی دی بێمەوە ئەو شارە، بەڵام لە ئایندەدا سەر لە هەولێر دەدەمەوە.