نادین سەعب: شانازی بەوە دەكەم كە بە گۆرانیی میللی ناسراوم
دیمانە/ خەلیل بلەیی
* بەر لەوەی روو لە «ستودیو الفن» بكەی، كێ توانا هونەرییەكانی تۆی دۆزییەوە؟
- لە خانەوادەكەماندا هونەرمەندی دیكە هەبوون، لەوانە مامێكم كە ژەنیارێكی پیشەگەری عودە و خاوەن دەنگێكی خۆشە، هەر ئەویش بوو كە پێی گوتم دەنگت خۆشە، زۆریش هانیدام و هاوكاری كردم.
* وەك دەزانین لەگەڵ چەندین هونەرمەندی گەورە كارت كردووە، لەگەڵ كامیان زیاتر حەزت كردووە كار بكەیت و كێ هاوكاری كردووی؟
- سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە كارم لەگەڵیان كردووە، هیچ جیاوازییەكیان نییە لای من، بەڵام جگە لە موزیسیانی گەورەی كۆچكردوو (مولحیم بەرەكات) هیچیان یارمەتییان نەداوم، لێرەوە سڵاو و درود بۆ گیانی دەنێرم و زۆر سوپاسی دەكەم بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتییەی كە پێشكەشی كردم.
* لە بواری گۆرانی میللیدا میدالیای زێڕت بەدەستهێنا، ئایا تا ئێستاش لەسەر گۆرانیی میللی بەردەوامی؟
- بێگومان بە شانازییەوە بەردەوامم، ئەمە شێوازی تایبەتیی منە كە پێی ناسراوم، دایك و باوكیشم دەنگیان خۆش بووە، بەتایبەتی لە گۆرانی (گربی) و میللی و كاریگەرییان لە سەر منیش هەبووە بۆ ئەوەی گرنگی بەو بوارە بدەم، بەڵام سوپاس بۆ خوا و بە هۆی ئەو شارەزاییەی لە چەند ساڵی رابردوودا پەیدام كردووە، لە ئێستادا توانام هەیە بە هەموو شێوازەكان گۆرانی بڵێم، بۆیە زۆربەی ئەستێرە لاوەكان حەز ناكەن لە ئاهەنگ و فیستیڤاڵەكانمدا بەشداری بكەن.
* خەون بەوەوە دەبینیت ببیت بە ئەستێرەی یەكەم؟
- ئەستێرەبوون خەونێك بوو، ئێستاش بۆتە بەرپرسیاریەتێكی گەورە، منیش خۆم لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا دەبینم.
* تاچەند گرنگی بە سۆشیال میدیا دەدەیت و كام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە تۆوە نزیكترن؟
- من عاشقی سۆشیال میدیام و زۆریش چالاكم لەو بوارەدا، گرنگییەكی زۆریش بە ئەنستاگرام و فەیسبووك دەدەم و لەو رێگایەوە لەگەڵ هەوادارانمدا لە پەیوەندیی بەردەوامدام.
* لە جیاتی خۆشەویستی و ركابەرێتی راستەقینە، دەبینین لە نێوان هونەرمەندان رق و كینە هەیە، هۆكاری ئەمە چییە؟
- تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم كە من دوورم لە هەموو جۆرە رق و كینەیەك بەرامبەر بە هونەرمەندان و هیچ گرفتێكم لەگەڵ كەسیان نییە، سەبارەت بە ركابەرێتی، ئەمەش واقیعە و كەس ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە، سەرەڕای ئەمەش من ركابەرێتی كەس ناكەم، تەنیا خۆم نەبێت، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین كە دۆستایەتی راستەقینە لە نێو هونەرمەنداندا نییە، تەنیا ژمارەیەكی كەم نەبێت.
* رات چییە بەرامبەر بەو هونەرەی لە ئێستادا پێشكەش دەكرێت، لە هەمان كاتدا رەخنەی زۆریشی لێدەگیرێت؟
- من دژی هونەر نیم، بەتایبەتی ئەگەر گۆرانییەكان ئاوازێكی خێرایان هەبێت، هەروەها پێویستە تێكستی گۆرانییەكانیش لە ئاستێكی بەرزدا بن، بەداخەوە لە ئێستادا دەبینین كە زۆربەی تێكستەكان ئاستیان لاوازە، بەڵام ئاوازەكان لە ئاستێكی بەرزدان.
* ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئافرەتان بە ناوی هونەرەوە پەیدا بوون، كە گۆرانییەكانیان لە ئاستێكی زۆر لاوازدایە و دەنگیشیان خۆش نییە، بەرامبەر بەو دیاردەیە رات چییە؟
- زۆر راستە ئەمە بۆتە دیاردە، رێزم هەیە بۆ ئەوانەی كە هونەرێكی راستەقینە پێشكەش دەكەن، بێگومان ئەوانەی ئاستیشیان نزمە لە ئێمە باشتر درك بەوە دەكەن كە ئاستی بەرهەمەكانیان زۆر لاوازە، بەداخەوە لێرەو لەوێ لە رووی ماددییەوە پاڵپشتی دەكرێن و بەشێكیان تەنیا پشت بە شێوە و روخساری خۆیان دەبەستن، بەڵام هونەر تەنیا روخساری جوان و شێوە نییە، پێویستە هونەرمەند شێوەیەكی گونجاو و دەنگێكی خۆش و ئەدایەكی جوانیشی هەبێت، ئەوەیشی بیەوێ تەنیا پشت بە روخساری ببەستێت، وا باشترە روو لە نواندن، یان نمایشی جلوبەرگ بكات.
* وەك ئەوەی خۆت دەرچووی (ستودیو الفن)ی، ئایا ئەو جۆرە بەرنامانە كاریگەرییان لەسەر پێشخستنی هونەر هەیە؟
- بەر لە چەند ساڵێك كاریگەرییان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا وانییە، لەگەڵ رێزم بەرنامە نوێیەكان بە هیچ شێوەیەك لەسەر رێچكەی بەرنامەی (ستودیو الفن) ناڕۆن، بەتایبەتی لیژنەی ناوبژیوانی.
* نازناوی (خاوەن دەنگی ماسی)یت هەڵگرتووە، كێ ئەو نازناوەی پێ بەخشیویت و بۆ تۆ چ مانایەكی هەیە؟
- ئەمە نازناوێكی گەورەیە و شانازیی پێوە دەكەم، سەندیكای موزیسیانانی مەغریب ئەو نازناوەیان پێ بەخشیم، ئەمەش وەك ئەمانەتێك تا دوایین رۆژی تەمەنم لای من دەمێنێتەوە.